Accessibility links

دوابەدوای تەقەکردن لە ترامپ، سەنگ دەخرێتە سەر ئاسایش لەکاتێکدا کە کۆنگرەی کۆمارییەکان دەستپێدەکات


پارتی کۆمارییەکانی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە کۆنگرەکەی دەستپێدەکات بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرەکەی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بڕیارە ترامپ بە فەڕمی وەکو بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەستنیشان بکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی فیدڕاڵی هەوڵ دەدەن وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە سەبارەت بەو تەقەکەرەی کە هەوڵیدا ڕۆژی شەممە لە گردبوونەوەیەکدا ترامپ بکوژێت.

کۆنگرەکە لە شاری میڵواکی ویلایەتی ویسکۆنسن بەڕێوەدەچێت، سەنگێکی زۆر خراوەتە سەر ئاسایشی کۆنگرەکە، بەڵام دەزگاکانی ئاسایشی فیدڕاڵی دەڵێن پلانییان نیە بۆ گۆڕینی ئەو پلانە ئاسایشییە چڕەی کە پێشتر دایانناوە.

ڕێکخەری خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کۆنگرەکە ئاندرێ گیبسن چیچینۆ وتی " ئێمە متمانەمان بە پلانەکانی ئاسایشی ئەم بۆنەیە هەیە و ئامادەین دەست بەکاربین. هیچ گۆڕانکارییەک ناکەین لە ئاسایشدا."

بڕیارە ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەکەدا وتارێک پێشکەش بکات، ترامپ بە ڕۆژنامەی واشنتن ئیگزامینەری وت وتارەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی لە کۆنگرەکەدا بڕیار بوو " زۆر بەهێز " بێت و سەنگ بخاتە سەر سیاسەتەکانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن، بەڵام ئێستا داواکانیشی تێدا دەبێت بۆ یەکگرتوویی نیشتیمانی.

ترامپ بە ڕۆژنامەکەی وت " ئەمە دەرفەتێکە بۆ یەکخستنەوەی سەرانسەری وڵاتەکە، تەنانەت سەرانسەری جیهانیش. وتارەکە زۆر جیاواز دەبێت، زۆر جیاوازتریش دەبێت لەوەی کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر داندرابوو."

ڕۆژی یەکشەممە بایدن وتی تەقەکردنەکە " پێچەوانەی هەموو ئەو شتانەیە کە ئێمە لە پاڵییاندا وەستاوین وەکو گەلێک. ئەوە ئێمە نین وەکو گەلێک. ئەوە ئەمەریکایی نیە. ئێمەش ناتوانین ڕێگە بدەین ئەوە ڕووبدات."

هەروەها بەڵێنیدا خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەت " هەموو سەرچاوەیەکی توانا و پاراستنی پێویست بدات بە ترامپ تاوەکو دڵنیا ببێتەوە لەوەی کە پارێزراو دەبێت."

بایدن وتیشی پێشبینی دەکات لەم هەفتەیەدا کۆمارییەکان ڕەخنە لە تۆمارەکەی بگرن، هاوکات دیدی خۆیان بۆ وڵاتەکە دەخەنەڕوو، وتیشی بۆنەکانی خۆی لەم هەفتەیەدا بەکاردەهێنێت بۆ باسکردنی کارەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی.

بایدن وتی " بەردەوام دەبم لە قسەکردن بە توندی بۆ دیموکراسییەکەمان، وەستان لە پێناو دەستوورەکەمان و سەروەری یاسادا، داواکردن بۆ کارێک لە سندووقەکانی دەنگداندا، نەبوونی هیچ توندوتیژییەک لەسەر شەقامەکانمان. دەبێت دیموکراسی بەوشێوەیە بێت."

گومانلێکراوەکە

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی وتی گومانلێکراوەکەی ناساندووە بەڵام هێشتا نەیانزانیوە پاڵنەرەکەی بۆ هەوڵدان بۆ کوشتنی ترامپ چی بووە.

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە وتی تۆماس ماثیو کرووکسی تەمەن 20 ساڵ " ئەو کەسە بووە کە گومانبارە " بە هەوڵی کوشتنی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ. پیادەکانی دەرەوەی هێڵە ئاسایشییەکەی ئەو شوێنەی کە ترامپ قسەی لێوە دەکرد دەڵێن هاوارییان بۆ پۆلیس کردووە کاتێک کە چەکدارێکییان بینیوە لەسەر سەربانەکەی بینایەکی ئەو نزیکانە بەڵام هیچ سوودێکی نەبووە.

چەکدارەکە توانی چەند فیشەکێک بتەقێنێت، لە گوێی ڕاستی ترامپیدا، کەسێکی لە گردبوونەوەکەدا کوشت و دوو کەسی دیکە بریندار کرد پێش ئەوەی نیشانشکێنێکی خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەت چەکدارەکە بکوژێت. چەکێکی شێوازی AR-15 لە نزیک لاشەی گومانلێکراوەکەدا دۆزراوەتەوە.

کرووکس کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە خوێندنی ئامادەیی دەرچووە، وەکو یاریدەدەرێکی خۆراک کاری کردووە لە ناوەندی پەرستاری و چاکسازیی بێثیل پارک.

کرووکس وەکو کۆماری تۆمار کراوە، بەڵام کاتێک 17 ساڵ بووە، کرووکس 15 دۆلاری بەخشیوە بە ActBlue، کە کۆمیتەیەکی کاری سیاسییە و پارە بۆ سیاسییە چەپە دیموکراتەکان کۆدەکاتەوە، ئەمەش بەپێی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنە فیدڕاڵییەکانی ساڵی 2021.

خێزانەکەی ترامپ، خانمی یەکەمی پێشووی ئەمەریکا میلانیا ترامپ کە لەو کاتەدا لە گردبوونەوەکەدا نەبوو، وتی " دڕندەیەک کە هاوسەرەکەمی وەکو ئامێرێکی نامرۆیی سیاسیی بینیوە هەوڵیدا سۆز و پەرۆشییەکەی دانۆڵد و پێکەنینەکەی و ڕاستگۆییەکەی خۆشەویستییەکەی بۆ میوزیک و سرووشەکەی نەهێڵێت. لایەنە سەرەکییەکانی ژیانی هاوسەرەکەم، لایەنە مرۆییەکەی، هەمووی لە ژێر ئامێری سیاسییدا نێژرابوون."

وتیشی " بۆ ئەوانەی کە لە پشتیوانیتاندا دەگرین، سوپاستان دەکەم، سوپاسی ئەوانەتان دەکەم کە پەیوەندیتان کردووە سەرەڕای دووبەرەکییە سیاسییەکەش، سوپاس بۆ بەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە هەموو سیاسییەک پیاوێکە یان ژنێکە و خێزانێکی هەیە کە خۆشییان دەوێت."

ترامپ لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسیویەتی " من باشم." درەنگانێکی ڕۆژی شەممە لە نەخۆشخانە دەرهێندراوە.

ڕووداوی تەقەکردنەکە دەستبەجێ پرسیاری دروستکرد لەسەر ئاستی پاراستنی پاسەوانی تایبەت کە بۆ ترامپ دابین کرابوو، سەرەڕای ئەوەی خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەت هەندێک لە هەڵسەنگاندنەکانی لایەنگرانی ترامپی ڕەت کردەوە و وتی " بە تەواوەتی هەڵەن " کە دەڵێن خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەت داوایەکی بۆ ئاسایشی زیاتر بۆ ترامپ ڕەت کردووەتەوە.

وتەبێژی خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەتی ئەمەریکا وتی " لە ڕاستیدا لەمدواییانەدا خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەتی ئەمەریکا سەرچاوەی پاراستن و توانای دیکەی زیاد کرد بۆ وردەکارییەکانی ئاسایشی سەرۆکی پێشوو."

ئاندرو مککەیب، جێگری پێشووی بەڕێوبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا بە سی ئێن ئێنی وت کە ئەو بەرپرسانەی پلان دادەنێن بۆ گردبوونەوەکانی دەرەوە، شکستییان هێناوە لە " گرتنی ئەو شوێنانەدا کە لێیانەوە ئەو سەکۆیە دیارە کە ترامپ قسەی لەسەر کردووە "، ئەوەش یان ئەوەتا لە ڕێی دانانی بەربەستێکی جەستەییەوە لە نێوان بیناکە ئەو شوێنەی کە چەکدارەکە لێوەی تەقەکرد و سەکۆی گردبوونەوەکەدا، یان لە ڕێی دانانی پۆلیسەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر دەستڕاگەیشتنێک بۆ سەربانەکە.

سەرکردەکانی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا وتییان لێکۆڵینەوەیەک دەکەن لە ڕووداوەکە و داوایان لە بەڕێوبەری خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەتی ئەمەریکا کیمبەرلی چیتڵ کردووە ئامادەی دانیشتنێک بێت لەسەر ئەو بابەتە. بڕیارە دانیشتنەکە لە 22 ی مانگی حەوتدا بەڕێوەبچێت.

شیکەرەوەکان هۆشدارییان داوە لەسەر ئەوەی هەوڵی کوشتن ڕەنگە ببێتە قڵپکردنەوەی هەڵمەتە توندەکەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و خستنەوەی دووبەرەکی زیاتر لە نێو کۆمەڵگەی ئەمەریکاییدا.

جەیکۆب وێری توێژەر لە ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان دەڵێت " ئەمە ڕۆژێکی زۆر تاریکە لە ئەمەریکا، ڕۆژێکی زۆر تاریکە لە ژیانی دیموکراسیماندا. ڕەنگە مەترسیدارترین کاری توندوتیژی سیاسیی بێت بینبێتمان لە دوای 9/11 ەوە."

پڕۆفیسۆر لە زانکۆی جۆرج واشنتن کەیسی بورگات دەڵێت " ئەمڕۆ جیهان گۆڕا."

بورگات وتی " پەنجە بۆ درێژکردنی پارتیزانی دەبێت لەسەر ئەوەی ئەمە چۆن و بۆچی ڕوویدا، بەڵام لە سەرانسەری شەبەنگە سیاسییەکەدا، گوێبیستی ڕەتکردنەوەیەکی یەکگرتوو دەبین بۆ هەموو توندوتیژییە سیاسییەکان. تەنها دەتوانم هیوای ئەوە بخوازم ئەوەی دووەمییان سەربکەوێت."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG