Accessibility links

ئەسەد دەڵێت تەنها لە کاتێکدا لەگەڵ ئەردۆغاندا کۆدەبێتەوە کە پرسە گرنگەکان تاوتوێ بکرێن


ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد وتی تەنها لە کاتێکدا لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا کۆدەبێتەوە کاتێک دوو وڵاتەکە بتوانن سەنگ بخەنە سەر پرسە هەرە گرنگەکانی وەکو پشتیوانی تورکیا بۆ " تیرۆر " و کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لەسەر خاکی سوریا.

سەرۆکایەتی سوریا ڤیدیۆیەکی ئەسەدی بڵاوکردەوە و تێیدا ئەسەد لە دیمەشق بە ڕۆژنامەنووسان دەڵێت " کۆبوونەوە کێشە نیە، کێشەکە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیە."

تورکیا لە ساڵی 2011 دا دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریا پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشقدا پچڕاند، تورکیا لە شەڕی ناوخۆی سوریادا پشتیوانی لەو گروپە چەکدارییانە کردووە کە هەوڵی دوورخستنەوەی ئەسەدییان داوە. ئەسەد گروپە چەکدارییەکان بە تیرۆریست ناودەبات.

ئەنکەرە لە باکووری سوریا " ناوچەی پارێزراوی " دامەزراندووە کە لەوێ هێزەکانی تورکیایان تێدا جێگیرکراوە، هەروەها لەودیوی سنوورەکەوە هێرش دەکاتە سەر ئەو هێزانەی ناو باکووری سوریا کە تورکیا وەکو هەڕەشە سەیرییان دەکات.

لە مانگی شەشدا ئەردۆغان وتی بانگهێشتی ئەسەد دەکات " لە هەر کاتێکدا بێت " بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

ئەسەد وتی " بنەماکانی کۆبوونەوەکە چین؟ ئایا کۆتایی هێنان دەبێت بە هۆکارەکانی کێشەکە، کە بریتین لە پشتیوانیکردن لە تیرۆر و کشانەوە لەسەر خاکی سوریا؟ ئەمە ناوەڕۆکی کێشەکەیە."

وتی " ئەگەر گفتوگۆکردن نەبێت لەسەر ناوەڕۆکی کێشەکە، ئەوا کۆبوونەوەیەک لەو جۆرە مانای چییە؟"

ئەسەد وتیشی بە ئەرێنییەوە وەڵامی هەر دەستپێشخەرییەک دەداتەوە کە ئامانج لێی باشکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان بێت بەڵام دەبێت سەرەتا بنەماکانی گفتوگۆکە دابندرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG