Accessibility links

وەزیری دەرەوەی سوریا: پەیوەندیی ئاساییمان لەگەڵ تورکیادا نابێت ئەگەر تورکیا کۆتایی بە داگیرکارییەکەی نەهێنێت


وەزیری دەرەوەی سوریا فەیسەڵ میقداد
وەزیری دەرەوەی سوریا فەیسەڵ میقداد

وەزیری دەرەوەی سوریا فەیسەڵ میقداد دەڵێت تورکیا دەبێت کۆتایی بە بوونە سەربازییەکەی بهێنێت لە سوریادا تاوەکو بتوانێت بە تەواوەتی لێمان نزیک ببێتەوە.

میقداد دوابەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەیدا لە دیمەشق، وتی " ناتوانین باس لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە ئاساییەکان بکەین لەگەڵ تورکیادا بەبێ ئەوەی تورکیا کۆتایی بە داگیرکارییەکەی نەهێنێت."

تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریادا پشتیوانییەکی گەورەی لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی دژ بە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد کردووە، هەروەها هێزەکانیشی ڕەوانەی خاکێکی بەرفراوانی باکووری سوریا کردووە.

ڕووسیای هاوپەیمانی سەرەکی سوریا، پشتیوانی لە لەیەکتر نزیکبوونەوەی تورکیا و سوریا کردووە، میوانداری گفتوگۆکانی نێوان وەزیرانی بەرگری دوو وڵاتەکە کردووە و ئامانجی ئەوەیە دواتر وەزیرانی دەرەوەی سوریا و تورکیا کۆببنەوە و لە کۆتایشیدا ئەردۆغان لەگەڵ ئەسەددا کۆببێتەوە.

میقداد وتی " کۆبوونەوەی نێوان ئەسەد و سەرکردایەتی تورکیا پەیوەستە بە نەهێشتنی ئەو هۆکارانەوە کە ناکۆکییمان هەیە لەسەرییان." جێی ئاماژەیە میقداد ناوی ئەردۆغانی نەهێنا و هیچ وردەکارییەکی دیکەشی نەدا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە گفتوگۆکانەوە وتی سوریا دەیەوێت تورکیا سەرجەم هێزەکانی لە باکووری سوریا بکشێنێتەوە و پشتیوانییەکانی بۆ سێ هێزی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕابگرێت.

سەرچاوەکە وتی سوریا سوورە لەسەر ئەوەی ئەو داواکارییانەی جێبەجێ بکرێن، پێش ئەوەی ڕەزامەندی دەرببڕێت بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵاتەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG