Accessibility links

ئۆکرانیا: موشەکەکانی ڕووسیا خێرسۆن دەکەنە ئامانج


خێرسۆن، 24 ی مانگی دوانزە، ئۆکرانیا
خێرسۆن، 24 ی مانگی دوانزە، ئۆکرانیا

ئۆکرانیا دەڵێت ڕۆژی چوارشەممە ڕووسیا هێرشێکی موشەکی کردۆتە سەر ئامانجە مەدەنییەکان لە شاری خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیا.

ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا وتی 33 موشەک ئاڕاستەی خێرسۆن کراون، کە مانگی ڕابردوو ئۆکرانیا لە ژێر دەستی هێزەکانی ڕووسیادا ئازادی کرد.

ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە هاوڵاتییانی مەدەنی لە ئۆکرانیا کردبێتە ئامانج.

سوپای ئۆکرانیا وتیشی لە دەوروبەری شاری باخموت و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا شەڕ و پێکدادان هەبوون.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وتی ڕووسیا نەوت بۆ ئەو وڵاتانە هەناردە ناکات کە ڕازیبوون بە کەمکردنەوەی نرخی نەوتی ڕووسیا کە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە سەپێندراوە و لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی بڕیارێکی سەرۆکایەتی کە لە ماڵپەڕی حکومەتی ڕووسیا و کرێملن بڵاوکراوەتەوە، " دابینکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ڕووسیا بۆ کەس و لایەنە یاساییە بیانییەکان قەدەغە دەکرێت ئەگەر کەمکردنەوەی نرخی نەوتەکە لە گرێبەستەکانیاندا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ بەکاربهێنن."

لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت ڕازیبوون لەسەر کەمکردنەوەی نرخی نەوتی ڕووسیا، کە هەریەک لە فەڕەنسا و کەنەدا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ژاپۆن و بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپا دەگرێتەوە. ڕۆیتەرز دەڵێت بڕیارەکە لەلایەن کۆمەڵەی حەوت و یەکێتی ئەوروپا و ئوستڕاڵیاوە جێبەجێ دەکرێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG