ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی بەرەو تایوان بەڕێکەوت، ئەمەش لەنێوەندی هۆشدارییەکانی چیندا دژی ئەو سەردانە، هێزی دەریایی ئەمەریکاش وەکو ڕەوانەکردنێکی ڕۆتینی " چوار کەشتی جەنگی ڕەوانەی ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی تایوان کردووە".
بەرپرسێکی هێزی دەریایی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزی گوت کەشتی جەنگی یو ئێس ئێس ڕیگن بە دەریای باشووری چیندا ڕۆیشتووە و ئێستا لە دەریای فیلیپیندایە، کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی تایوان و فیلیپین و باشووری ژاپۆنەوە.
یو ئێس ئێس ڕیگن کە بنکەکەی لە ژاپۆنە، لەگەڵ کەشتییەکی موشەک هەڵگر و کەشتی ئو ئێس ئێس ئەنتیتام و کەشتیەکی تێکشکێنەر و یو ئێس ئێس هیگینزدا کاردەکات.
بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات گوتی " لە کاتێکدا کە ئەم کەشتیانە دەتوانن وەڵامی هەر ئەگەرێک بدەنەوە، ئەمانە ڕەوانەکردنی ئاسایی و ڕۆتینین." وتیشی ناتوانن بەدیاریکراوی ئاماژە بە شوێنەکانیان بدەن.
بەرپرسەکەی هێزی دەریایی ئەمەریکا گوتیشی کەشتی هێرشبەری یو ئێس ئێس تریپۆلیش وەکو بەشێک ڕەوانەکردنی کەشتیەکان لە ناوچەکەدایە، وتیشی ڕەوانەکردنی ئەم کەشتییانە لە سەرەتای مانگی پێنجەوە دەستیان پێکردووە، کەشتیەکانیش لە سان دیێگۆی ئەمەریکاوە بەڕێکەوتوون.
سەرچاوەکانی نزیک لە بابەتەکەوە گوتیان پیڵۆسی کە ڕەخنەگرێکی سەرەکییە لە چین، پێشبینی دەکرێت دواتر لە ڕۆژی سێشەممەدا بگاتە تایوان، هاوکات ئەمەریکا دەڵێت لە " هەڕەشە زەقەکانی " چین سەبارەت بە سەردانەکە ناترسێت.
سەرچاوەیەک نزیک لە بابەتەکەوە گوتی لەگەڵ ئەوەدا کە بەیانی ڕۆژی سێشەممە فڕۆکە چینییەکان لەنزیک هێڵی دابەشکەری ناوەندی ڕێڕەوە ئاوییەکەی نێوان تایوان و چینەوە فڕیون، هاوکات کۆمەڵێک کەشتی جەنگی چینی لە ڕۆژی دووشەممەوە لەنزیک هێڵە ناوەندە نافەڕمییەکەدا ماونەتەوە.
سەرچاوەکە بە ڕۆیتەرزی گوت بەیانی ڕۆژی سێشەممە کەشتیە جەنگییەکانی چین و فڕۆکەکانی هێڵی ناوەندییان " گوشیوە "، ئەمەش هەنگاوێکی نائاساییە لە چینەوە و سەرچاوەکە بە " کارێکی زۆر وروژێنەرانە " ناویبرد.
گوتیشی فڕۆکە چینییەکان چەند جارێک جوڵەی تەکتیکیان ئەنجامداوە و بۆ ماوەیەکی کورت هاتوونەتە سەر هێڵە ناوەندەکە و دواتر گەڕاونەتەوە بۆ لاکەی دیکەی تەنگەی تایوان، هاوکات فڕۆکەکانی تایوان لەو نزیکانە لە ئامادەباشیدا بوون.
لە کاتی ئاساییدا هیچ لایەکییان هێڵی ناوەند نابەزێنن.
وەزارەتی بەرگری تایوان ڕایگەیاند چالاکییەکی سەربازیی زۆر هەیە لە نزیک تایوان و بەشێوەیەکی گونجاو هێز دەنێرین بۆ وەڵامدانەوەی " هەڕەشەکانی دوژمن "، لەکاتێکدا گرژییەکان لەزیادبووندان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز