Accessibility links

بەرپرسێکی پەنتاگۆن: ڕووسیا هەوڵ دەدات بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا هیلاک بکات


بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ' پەنتاگۆن ' دەڵێت زیادبوونی هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بەشێکی بۆ ئەوەیە کە بەرگرییەکانی ئاسمانی ئۆکرانیا هیلاک بکات و لە کۆتاییدا باڵادەست بێت لە ئاسمانی ئۆکرانیادا.

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ڕووسیا لە ڕێی هێرشی موشەکییەوە شارەکانی سەرانسەری ئۆکرانیای بۆردومان کردووە.

ئۆکرانیا دەڵێت هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا نزیکەی نیوەی سیستمی وزەی ئۆکرانیایان پەکخستووە، ئەگەری کەوتنەوەی کارەساتێکی مرۆییان دروست کردووە کە ڕەنگە لەم زستانەدا ڕووبدات.

ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کۆڵن کاڵ هۆشداریدا لەسەر ئەوەی مۆسکۆ بە هیوای ئەوەوە بووە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا کەم بکاتەوە، بەڵام بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا تاوەکو ئێستا توانیویەتی ڕێگری لە باڵادەستبوونی ڕووسیا بکات لە ئاسمانی ئۆکرانیادا.



کاڵ لە ماوەی گەشتێکیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەوان بەڕاستی هەوڵ دەدەن سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا هیلاک بکەن و زاڵ ببن بەسەریاندا."

وتیشی " دەزانین تیۆری ڕووسیا بۆ سەرکەوتن چیە و ئێمە پابەندین بەوەوە کە دڵنیا ببینەوە لەوەی ئەوە سوودی نەبێت، ئەوەش لە ڕێی دابینکردنی ئەو کەلوپەلانەوە کە ئۆکرانیا پێویستیەتی بۆ هێشتنەوەی بەرگرییە ئاسمانییەکانی بە شێوەیەکی چالاک."

دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، شارەزایانی سەربازیی ڕۆژئاوا پێشبینی ئەوەیان کرد سوپای ڕووسیا هەوڵ بدات دەستبەجێ هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا و بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە لەناوببات.

بەڵام هێزەکانی ئۆکرانیا لە ڕێی موشەکی زەوی بۆ ئاسمان و سیستمەکانی دیکەی بەرگری ئاسمانییەوە توانیویانە مەترسی لەسەر فڕۆکە ڕووسییەکان دروست بکەن و تاوەکو ئەمڕۆش ئاسمانی ئۆکرانیا لە ژێر کۆنتڕۆڵی هیچ لایەکیاندا نیە.

کاڵ وتی " پێم وایە یەکێک لەو شتانەی کە ڕووسییەکانی زیاتر توشی سەرسوڕمان کرد خۆڕاگری بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا بوو لە سەرەتای جەنگەکەوە."

وتیشی " بەشێکی زۆری هۆکاری ئەوەش داهێنەریی و زیرەکی ئۆکرانییەکان خۆیان بوو لە هێشتنەوەی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییان بە شێوەیەکی چالاک. بەڵام هۆکارێکی دیکەش ئەوە بوو کە ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمان و هاوبەشەکان پشتیوانییەکی زۆر گەورەیان دابینکرد."

هەفتەی ڕابردوو وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن میوانداری کۆبوونەوەیەکی ڤیدیۆیی کرد لەسەر دابینکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکان بۆ ئۆکرانیا. هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا تاوەکو ئێستا هەموو پێویستییەکیان بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە، لە سیستمەکانی سەردەمی سۆڤییەتەوە بۆ سیستمە بەرگرییە ئاسمانییە پێشکەوتووەکان.

لەلای خۆیەوە ئەمەریکا سیستمی بەرگری ئاسمانی ناسامسی داوە بە ئۆکرانیا کە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت تاوەکو ئێستا لە سەدا 100 سەرکەوتوو بووە لە بەرپەرچدانەوەی موشەکەکانی ڕووسیادا.

کاڵ وتی " ئێمە ئۆکرانیا بەرەو پێداویستییە ستانداردەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەبەین، یەکێک لەوانە سیستمی بەرگری ئاسمانی ناسامسە."

تاوەکو ئێستا ئەمەریکا زیاتر لە 1400 موشەکی دژە فڕۆکەی ستینگەر و موشەکی دژە تۆپهاوێژ و ڕاداری داوە بە ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG