بە دەرچوونی ئەمەریکا لە ئەفغانستان چی ڕوودەدات؟

دوای نزیکەی 20 ساڵ لەوەی بۆ یەکەم جار ئەمەریکا چووە ئەفغانستان و چەند مانگێک پاش ئەوەی سەرۆک جۆو بایدن نیازی خۆی بۆ کشانەوەی تەواوی هێزە شەڕکەرەکان لەو وڵاتە ڕاگەیاند، لە ئێستادا خەریکە کشانەوەکەی ئەمەریکا پێش لە کاتی دیاری کراو لە ئفغانستان کۆتایی پێدێت کە ڕۆژی 11 ی مانگی 9 بۆ کشانەوەکە بە تەواوەتی دیاری کراوە.

لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دەکشێنەوە چەندین پرسیار دێنە ئاراوە: ئایە لە ڕاستیدا کەی ئەم شەڕ کۆتایی پێدێت؟

بۆ ئەفغانییەکان وەڵامی ئەم پرسیارە ڕوونە بەڵام دوژوارە ئەوان پێیان وایە بەم زوانە ئەم شەڕەی وڵاتەکەیان کۆتایی پێنایات. یاخیبوانی بەهێزی تالیبان تا دێت زیاتر دەستکەوتەکانی گۆڕەپانی شەڕیان زیاد دەکات، وتووێژەکانی ئاشتی نێوان ئەفغانییەکان چەقیان بەستووە. هەنێک ترسی ئەوەیان هەیە لەگەڵ دەرچوونی هێزە بیانییەکان ئەفغانستان زیاتر دەکەوێتە نێو شەڕی ناوخۆوە. بۆ ئەمەریکاو هاوپەیمانایشی کۆتاییەکی ناڕوونی هەیە. چەند کاربەدەسێکی بەرگری ئەمەریکا بە مەرجێک ناویان ئاشکرا نەکرێت گوتویانە هەرچەندە هەموو ‌هێزە شەڕکەرەکان و کەرەستەکانی کە بۆ ماوەی 20 ساڵ بوو لەوێ بەکاریان دەهێنان بە زووترین کات لەوێ نامێنن بەڵام فەرماندەی گشتی هێزەکانی ئەمەریکا ژەنەڕاڵ فرانک مککانزی هەتا مانگی 9 ی بەدەستەوەیە بۆ بەرگری کردن لە هێزەکانی ئەفغانی دژ بە تالیبان. ئەو دەتوانێت ئەو کارە بکات بە بڕیاردان لەسەر هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا لە بنکەکانی دەرەوەی ئەفغانستانەوە هێرش بکەن.

بنکەی ئاسمانی باگرام

کاربەدەستانی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند لەشکری ئەمەریکا بنکەی ئاسمانی باگرامیان پاش نزیکەی 20 ساڵ بەجێهێشت. ئەم بنکەیە نێوەندیسەرەکی بەڕێوەبردنی شەڕەکە بوو، کە لە ئێستادا ڕادەستی حکومەتی ئەفغانستان کراوە.

هەرچەندە هێزەکانی ئەمەریکا دەکشێنەوە بەڵام جۆن کربی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ڕایگەیاند ئەمەریکاژمارەیەکی زۆر لە هێزەکان کە زۆر زیاترن لە هێزی ئاسایی پاسەوانی، لە کابول دەهێڵێتەوە بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکاو و فڕۆکەخانەی کابول تا ماوەیەک.

جۆن کربی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند " ئەفغانستان وەکو شوێنەکانی تر مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت کە هێزی پاسەوانی مارینسمان لێی هەیە. مەبەستم ئەوەیە 'ئەمە ئەفغانستانە' و ئێمە لە مەترسییەکانی هەڕەشەی ئاسایشی لەوێ تێدەگەین."

کربی گوتیشی ئەمەریکا " کار لەسەر ئەوە دەکات بزانێت ڕەوشی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵ چۆن دەبێت."

ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشییەیتد پرێس هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند ، پێشبینی دەکرێت نزیکەی 650 سەربازی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بمێننەوە بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ دیپلۆماتەکان پاش کشانەوەکەی کە وا دانراوە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بە شێوەیەکی زۆر ئەنجام بدرێت. کاربەدەستان بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووەچەند سەد هێزێکی تری ئەمەریکایی لە فڕۆکەخانەی کابول دەمێننەوە، کە ئەگەری هەیە تا مانگی 9یارمەتی جێگیرکردنی سەربازانی تورکیا بدرێت بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئەو فڕۆکەخانەیە.

سەبارەت بە پاراستنی فڕۆکەخانەی کابول لەلایەن تورکیاوە نیاز حامید براهیم لێکۆلەرو چاودێری سیاسی بنکە لە کەنەدا لە بەرنامەی کورد کونێکشی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند تورکیا بە پێداگری کردن لە مانەوەی لە ئەفغانستان ئامانجێکی تری هەیە " تورکیا بە مانەوەی لە ئەفغانستان دەیەوێت پەرە بە بازرگانی کردن بە مرۆڤ بدات هەر وەک چۆن لە ڕاپۆرتی وەزارەتی درەوەی ئەمەریکادا ئاماژە بە تورکیا کراوە بۆ بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە."

ئەمەش ببینە وتوێژ سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان و پێداگیری تورکیا بۆ مانەوەی لەم وڵاتەدا

ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێوی تورکیای زیاد کرد بۆ لیستی ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە بەکارهێنانی چەکدارکردنی منداڵان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ئەمەش بەهۆی پشتیوانی کردنی تورکیا لە لایەنی سوڵتان مورادی ئۆپزسیۆنی سوریا کە واشنتن دەڵێت سەربازی منداڵ بەکار دەهێنێت. شەوی هەینی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ئەو هەڵوێستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای ڕەتکردەوە و واشنتنی تۆمەتبارکرد بە " دوو جۆر سیاسەت و دوڕوویی" و ئاماژە بە پشتیوانییەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ چەکدارە کوردەکان. باس لە ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات کە ئاماژە بە چەکدارکردنی منداڵ و چەوسانەوە لە ژێر سایەی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا دەکات.

دکتۆر وەیسی چیا شرۆڤەکاری سیاسی بنکە لە لەندەن لە بەرنامەی چاوی واشنتنی ئەم هەفتەیدا ڕایگەیاند مانەوەی تورکیا لە فڕۆکەخانەی کابول دەبەستێتەوە بە بڵاوکردنەوەی فکرەی توندرەوەی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا ئەو دەڵێت " فڕۆەخانە زۆر گرنگە چونکە چەک، چەکدار ئەمانە هەموی پیایدا دەرباز دەبن بەتایبەتی بۆ ئەفغانستان کە دەزانین پەیوەندی تورکیا و پاکستانیش پەیوەندییەکی ستراتیژییە و هەروەها پاکستان و تالیبانیش پەیوەندییان پێکەوە هەیە جا تالیبان لەم دۆخە سودێکی زۆر ڕەنگە بۆ بڵاوکردنەوە و قاچاخچێتی حەشیشە ببینێت."

هەر لە هەمان بەرنامەی چاوی واشنتنی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکادا پرۆفیسۆر سەڵاحەدین ئەحمەد لە زانکۆی یونیەن کۆلیج لە نیویۆرک پێی وایە ئەم هەنگاوەی تورکیا بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەی کابول وا دەکات ئەفغانستان لە ماوەی داهاتوودا بکەوێتە ژێر هەژمونی تورکیاوە. ئەو دەڵێت " کۆنترۆڵکردنی ئەو فڕۆکەخانەیە کارێکە کە هێزو نفوزی توکیا فراواندەکات تا ئاسیای ناوەڕاست کە خۆی لە خۆیدا مەترسییەکی زۆری لەسەرە."

ئەمەش ببینە چاوی واشنتن: ڕادیکاڵیزم پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان

تورکیا لە ئێستادا نزیکەی 500 سەربازی لە ئەفغانساندا هەن وەکو بەشێک لە ئەرکی نا لەشکری ناتۆ لەو وڵاتەدا و ماوەیەکی زۆریشە ئاسایشی بۆ ئەو فڕۆکەخانەیە دابین کردووە.

بەڵام هێشتاش ڕوون نییە کاردانەوەی تالیبان لەسەر مانەوەی هێزەکانی تورکیا بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزایی لە کابول چۆن دەبێت. لە مانگی ڕابردوو پاش ئەوەی تورکیا خواستی خۆی بۆ مانەوەی لە فڕۆکەخانە ڕاگەیاند گوتەبێژی تالیبان زەبیحوڵا موجاهید لە میانەی لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی پاراستنی فڕۆکەخانەکان و شوێنەکانی تری وڵاتەکە ئەرکی ئەفغانییەکانە.

موجاهید گوتیشی " ئەگەر هێزە بیانییەکان بیانەوێت لێرە بە ناوی ئاسایشی فڕۆکەخانەوە هێزی سەربازییان بهێڵنەوە، ئەفغانییەکان ڕێگە بەمە نادەن و وەک داگیرکەر سەیری دەکەن، جا تورکیا بێت یان هەر وڵاتێکی دیکە."

لە 25 ی مانگی شەش سەرۆک جۆو بایدن لە کۆشکی سپی پێشوازی لە سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی کرد و لەو کۆبونەوەیەدا بایدن سوربوو لەسەر ئەوەی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان کۆتایی پێنایات. ئەو گوتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە دەرەوەی ئەفغانستانەوە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی کردن لە لەشکری ئەفغانستان و هەروەها دابینکردنی پشتیوانی ئابوری و سیاسی بۆ وڵاتەکە.

بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لە پاش ڕێککەوتنێکی بەڕێوەبەرایەتی پێشووی دانۆڵد ترامپ لەگەل تالیبان درا. بە پێی ئەو ڕێککەوتنە تەواوی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان دەبێت بکشێننەوە و لە بەرامبەردا تالیبان ڕێگە نادات جارێکی تر تیرۆرستان لە خاکی ئەفغانستانەوە هێرش بکەنە سەر ئەمەریکا یان بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا. دوا مۆڵەت بۆ کشانەوەکە 1 ی مانگی پێنج بوو، بەڵام پاش دەستبەکاربوونی سەرۆک جۆو بایدن و پێداچوونەوە بەسەر دۆسییەی ئەفغانستاندا دوا مۆڵەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا کرایە 11 ی مانگی 9.

دیمەنی تەقینەوەی باڵەخانەکانی نێوەندی بازرگانی جیهانی لە نیویۆرک، پاش ئەوەی فڕۆکە ڕفێندراوەکان خۆیان پێیدادا، 11 ی مانگی 9 ی 2001

20 ساڵ لەمەوبەر لە پاش هێرشەکانی 11 ی سپتەمبەری ساڵی 2001ی ئەلقاعیدە بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەمەریکا بە پشتیوانی هاوپەیمانە نزیکەکانی بە فەرمی شەڕی دژ بە تیرۆری ڕاگەیاند و بە مەبەستی لەناوبردنی ئەلقاعیدە و حەشارگەکانی شەڕی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دەستیپێکرد بۆ لادانی تالیبان لەسەر دەسەڵات. لەم شەڕەدا زیاتر لە 147 هەزار کەس گیانیان لە دەستدا لە ناویاندا 2 هەزار و 440 سەربازی ئەمەریکایی، نزیکەی 4 هەزار کارمەندی گرێبەستی ئەمەریکا و 38 هەزار و 400 خەڵکی سڤیل.تێچوونی شەڕەکەش زیاتر لە 2 ترلیۆن و 200 ملیار دۆلار بوو بۆ ئەمەریکا. زیاتر لە دوو ملیۆن و شەش سەد هەزار ئەفغانیش بەهۆی شەرەکەوە ئاوارە بوون.

.