دادگای فێدراڵی عێراق پاش چەند ساڵێک لە تاووتوێکردن و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو داوا یاساییانەی تۆمار کرابوون لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە، دوا دانیشتنی خۆی کرد و بڕیاری کۆتایی خۆیی دا لەسەر ئەو داوا یاساییانە و یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی بە نا یاسایی ناودێر کردووە و بە پێچەوانەی دەستوری عێراقیش دایناوە.
دادگای باڵای عێراق، بەرزترین دەسەڵاتی یاساییە لەو وڵاتەدا و بڕیارەکانیشی تانەیان لێنادرێت.
بەپێی ئەو بڕیارەی دادگا، دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق سەرپەرشتی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی عێراق بکات و دەشبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق تەواوی داهاتی فرۆشتنی سوتەمەنی ڕادەستی حکومەتی نێوەندی عێراق بکات.
بەپێی بەندێکی تری بڕیارەکە، دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق و دامەزراوەی چاودێریی دارایی، وردبینی بکەن لە دۆسێی سوتەمەنی هەرێمی کوردستان و هەروەهاش دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق ئاگاداربێت و پێداچوونەوەش بکات بە تەواوی پرۆسەی کۆنتراکت یان گرێبەستەکانی هەرێم مۆری کردوون لەگەڵ کۆمپانیاکاندا بۆ فرۆشتنی نەوت.
ئەم بڕیارەی دادگای باڵا کاردانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێناوە لەناو هەرێمی کوردستاندا.
حکومەت و پەرلەمان و هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان، ئەم بڕیارەی دادگا بە بڕیارێکی سیاسی دادەنێن نەک یاسایی، هەندێک لایەنی تریش دەڵێن بڕیارەکە چاوەڕوانکراوبووە و بەرەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمە لە بواری وزەدا.
زۆربەی خەڵکیش لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا دابەشبوون و هەندێکیان دەڵێن "حکومەتی هەرێم، نەوت بفرۆشێت یان نەیفرۆشێت، موچەکانمان هەر پاشەکەوت دەکرێت."
بەشێکی تریشیان ئاماژە بە مەترسییەکانی پاش ئەم بڕیارە دەکەن و باسیش لەوە دەکەن، ئەم بڕیارە قەبارە و دەسەڵات و هێزی هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە.
هەر لە هەمان ڕۆژی ئەو بڕیارەی دادگای باڵادا، موقتەدا ئەلسەدر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا داوایەک دەخاتە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی تا پەرلەمانی عێراق ببێتە پەرلەمانێکی کارا و بتوانێت ڕۆڵی چاودێریی خۆی بە باشی بگێڕێت و هەروەهاش داوا دەکات دەستێوەردانی سیاسیش لە بڕیارەکانی دادگاکانی وڵاتەکەیدا نەمێنێت.
بۆچی دادگای باڵای عێراق لەم کاتەدا بڕیار دەدات یاسای نەوت و گازی هەرێم لەگەڵ دەستوری عێراقدا یەکناگرێتەوە؟
ئایا ئەم بڕیارەی دادگای باڵا، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم پێداچوونەوە کردن بە سیاسەتەکانی خۆیدا لە بواری وزەدا؟
دکتۆر سەردار عەزیز، پسپۆڕ و شارەزای سیاسی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5