ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی دیکە بە توندی سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەن

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکانی ئێرانی بۆ سەر شاری هەولێر کرد و گوتی ئەوە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی عێراق هاوڕابوون لەسەر ئەوی کە ئەو هێرشە دەرخەری پێویستبوونی یەکپارچەیی عێراق و پێکهێنانی دەستبەجێی حکومەتێکی بەرپرسیارە بۆ گەلی عێراق و پاراستنی یەکپارچەی خاکی عێراق.

بلینکن گوتی ئەمەریکا پابەندە بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئەوانی دیکە لە ناوچەکەدا بۆ بەرپرسیارکردنی ئێران.

هەروەها ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند ئەمەریکا هێرشە موشەکییەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق بە توندی شەرمەزار دەکات.

جەیک سولیڤان گوتیشی "هێرشەکە ناوچەیەکی سیڤیڵی لە شاری هەولێر بەبێ هیچ پاساوێک کردە ئامانج."

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی گوتی "ئەمەریکا لەگەڵ کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ئەو هێرش و دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەن."

جەیک سولیڤان گوتی "ئێمە پشتیوانی لە حکومەتی عێراق دەکەین لە بەرپرسیارکردن و لێپێچینەوەی ئێران، هەروەها پشتیوانی هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە هاوشێوەکانی ئێران."

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا گوتیشی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پشت سەروەریی، سەربەخۆیی و تەواوی خاکی عێراقەوە دەوستن و پشتیوانی لێدەکەن."

ڕۆژی یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی لە بەغداد بانگهێشت کرد بۆ ناڕەزایی دەربڕین سەبارەت بەو هێرشە موشەکییە بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر.

هێرشە موشەکییەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بۆ سەر هەولێر کە سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیەکەی لە ئەستۆ گرت، تاکو ئێستا کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لێکەوتوەتەوە.

لە یەکێک لە دواین کاردانەوەکاندا ئەڵمانیا ڕۆژی یەکشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و سەکۆنەی هێرشە موشەکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەر هەولێر کرد.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی ڕۆژی یەکشەممە هاوکاتی سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی ئێران گوتی"ئێمە خەریکی کۆکردنەوەی زانیارییەکانین بۆ ئەوەی تێبگەین ئامانجی هێرشەکە چییە."

جەیک سولیڤان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کاناڵی سی بی ئێس جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا هەمیشە ڕوونیکردۆتەوە کە بۆ بەرگریکردن لە خەڵکەکەی و بەرژەوەندیەکانی هەرچییەک پێویست بکات ئەنجامی دەدات."

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، مستەفا کازمی، محەمەد ئەلحەلبوسی و بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کورستان.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق هاوکاتی سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشە، داوای کرد هەموو یەک دەنگ و یەکگرتوو بن لە بەرپەرچدانەوی ئەو هێرشە یان هەر کردەوەیەک کە ئامانجی ئاژاواو و گێرە شێوێنى بێت.

باڵیۆزی ئەمەریکاش لە عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی هێرشێکی تاوانکارانە بووە بۆ سەر ناوچەیەکی مەدەنی.

فەرەنسا

فەرەنسا ڕۆژی یەکشەممە گوتی هێرشی مووشەکی بۆ سەر هەولێر، هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکاندا ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی دەکاتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا گوتی ئەو هێرشانە مەترسی لەسەر سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دروست دەکات، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی بە ئەنجام گەیاندنی دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە کردەوە.

میسر

حکومەتی میسر هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستانی شەرمەزارکرد. وەزارەتی دەرەوەی میسر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا سەرەڕای دەربڕینی پاڵپشتی خۆی بۆ عێراق، ڕایگەیاند کە پشتیوانی لە هەموو هەوڵەکانی عێراقیەکان دەکات بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەیان.

تورکیا

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکانی سەر هەولێر دەکات. لە بەیاننامەکەدا هاتووە "ئەم جۆرە هێرشانەی کە ئاشتی و سەقامگیری عێراق دەکەنە ئامانج، جێگای قبوڵ کردن نین." لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە تورکیا بەردەوامە لە پاڵپشتیەکانی خەڵکی عێراق لە شەڕی تیرۆردا."

سوپای پاسدارانی ئێران چەند کاتژمێرێک پاش هێرشەکە لە بیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی خۆی لەمەڕ هێرشەکان ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە پاش نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردوەتەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژەی بە ناوی "هەولێر" بکات، دەڵێت کە مووشەکەکانی سوپای پاسداران ناوەندی ستراتیژی زایۆنیستییان کردووەتە ئامانج.