لە دوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، ژینگە و خاکی هەڵەبجە بووەتە نمونەیەکی توێژینەوە یەک لە دوا یەکەکانی ئەو تیمانەی کە لە دەرەوەی عێراق سەردانی هەڵەبجەیان کردووە، نمونەیان لە شوێنی بۆمبەکان وەرگرتووە، بەڵام دەرئەنجامەکانیان ڕانەگەیاندوە، لە ئێستادا سەنتەری توێژینەوەی هەڵەبجە بۆ دراساتی کاریگەریەکانی پاشماوەکانی چەکی کیمیاوی لە هەڵەبجە هەوڵەکانی بە ئاڕاستەی توێژینەوەیەکی ورد و قوڵ لەو ڕووە بە هەماهەنگی توێژەرانی زانستی لە زانکۆکانی کوردستان دەستپێکردووە بۆ زانینی دواین کاریگەریەکانی ژینگە.
ژینگە و خاک و هەوای هەڵەبجە لە دوای کیمیاباران کردنی هەڵەبجە تا ئێستاش بابەتێکە جێگەی گفتوگۆی ناوەندە زانستیەکانی هەڵەبجەیە، سەنتەری توێژینەوەی هەڵەبجە بۆ دراساتی کاریگەریەکانی پاشماوەکانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە دەڵێن لەگەڵ ئەوەی چەند توێژینەوەیەک هەن کە دەڵێن کاریگەریگەریەکانی چەکی کیمایی دیاری کراوە بەڵام ئەو توێژینەوانە بە خاڵی کۆتایی نازانن.
دکتۆر هەڵگورد عەلی لێپسراوی سەنتەرەکە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " دەستمان بە وەرگرتنی نمونە لە خاک و ئاو و خۆراک کردووە، بەتایبەت لەو ناوچانەی هەڵەبجە کە بۆمبەکانی لێکەوتووەتە خوارەوە بۆ ئەوەی بزانین ئایا کاریگەریەکان ماون یان نا."
دکتۆرعەلی محەمەد ساڵح مامۆستا لە زانکۆی پۆڵەتەکنیکی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند "چەکی کیمیایی کە 34 ساڵە لە هەڵەبجە بەکارهاتووە، کاریگەری ئەوتۆی لەسەر ژینگە و خۆاکی هەڵەبجە نەماوە بەڵام بەکارهێنانی ئەو سەمادانەی کە ئێستا جوتیاران بە شێوەیەکی فراوان بەکاردەهێنن کارگەریەکانی زیاترە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئەو بۆمبانەی کە ئێستا هەن و نەتەقیونەتەوە کۆبکرێنەوە."
دکتۆر کارزان عەبدوڵا ڕاگری کۆلێجی زانستە پراکتیکیەکانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە ئەو چەکانەی کە بەکارهاتوون توێژینەوە لەسەر ئەوە کراوە ئایا کاریگەریەکانیان ماون یان نا، بەڵام هەندێک لە پێکهاتەکان هەردەمێننەوە، بۆچی تا ئێستا کەس ناتوانێ وەڵامێکی کۆنکرێتی بداتەوە کە کاریگەریەکان ماون یان نا، لەگەڵ ئەوەی هەندێک توێژینەوەش هەن بەڵام سنوردارن."
لە 16-3-1988 لە پارێزگای هەڵەبجە چەکی کیمایی لە جۆرەکانی خەردەل و سیانید بەکارهاتووە، ئێستاش حەوت بۆمبی نەتەقیووی چەکی کیمیاوی لە هەڵەبجە لەناو شوێنی نیشتەجێ بوونی هاووڵاتیان ماونەتەوە و هەندێکیشان خراونەتە ناو بیری ئاوی خواردنەوەی ماڵانەوە، ماوەیەکە هەوڵەکان چڕکراونەتەوە تا بتوانرێت لە ڕێگەی تیمی پسپۆڕەوە ئەو بۆمبانە کۆبکرێنەوە، لە کۆی 12 تیمی بیانی جیاواز کە لە دوای ساڵی 2003 وە هاتوونەتە هەڵەبجە و توێژینەوەیان لەسەر ژینگەی هەڵەبجە کردووە هیچکامیان ئەنجامی توێژینەوەکانیان نەداوەتەوە بە ئیدارەی هەڵەبجە.
Your browser doesn’t support HTML5