دیپلۆماتە باڵاکانی ئەمەریکا و چوار وڵاتی عەرەبی ڕۆژی دووشەممە لە ئیسرائیل بۆ پیشاندانی یەکپارچەیی و یەک دەنگی خۆیان دژی ئێران و بۆ فشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ زیندووکردنەوەی ئاشتەوایی درێژخایەن لەگەڵ فەڵەستینییەکاندا کۆبوونەوە.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی دەگمەندا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئیسرائیل و چوار دەوڵەتی عەرەبی گەشتی بۆ ئیسرائیلی کردووە.
ئێران بابەتێکی سەرەکی ئەو کۆبوونەوە دوو ڕۆژیەی وەزیرانی دەرەوەی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، بەحرەین و مەغریب و هەروەها سێ وڵاتی عەرەبی کە لە ساڵی 2020 پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە و وەزیرانی دەرەوەی میسر و ئەمەریکایە.
بلینکن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی بەرلە کۆبوونەوەکە گوتی ئەمەریکا و ئیسرائیل هاوڕان لەسەر ڕێگەگرتن لە ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ناوکی و گوتیشی"چ لە ڕێگای ڕێککەوتنی ناوکی و چ بە بێ ڕێککەوتن، پابەندبوونمان بەو بنەمایەی کە ئێران هەرگیز چەکی ناوکی بەدەست نەهێنێت، بابەتێکی جێگیرە و جێگای گومان نییە."
بلینکن هەروەها سەرکۆنەی چالاکییە تێکدەرانەکانی ئێرانی لە ناوچەکەدا و دەرەوەی ناوچەکە کرد و گوتی ئەو چالاکیانەی ئێران پاش کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکە زیادی کردووە.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەرایەتی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی پرسی ڕێککەوتنی ناوکی ئێران و قەیرانی ئۆکرانیا.
بلینکن لەو دانیشتنەدا ئاماژەی بە هەڕەشەکانی ئێران کرد و گوتی کاتێک ئێران هەڕەشە لە ئەمەریکا یان هاوپەیمان و هاوبەشەکانی دەکات، ئەمەریکا "بەردەوام دەبێت لە وەستانەوە بەرامبەر ئێران" و جەختیشی کردەوە کە وڵاتانی بەشداربوو پێکەوە کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاسایشی و هەڕەشەکان، لەوانە ئەو کێشانەی کە لەلایەن ئێران و هێزەکانی سەر بەو وڵاتە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
نەفتالی بنێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کە پێشتر هۆشداری دابوو لەمەڕ ڕێککەوتنی ناوکی ئێران، دوای وتووێژ لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن گوتی هیوادارە واشنتن دەنگی نیگەرانی ناوچەکە و ئیسرائیل و لایەنەکانی دیکە ببیستێت.
جێی ئاماژەیە دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران لە دوا ساتەکاندا بەهۆی داواکارییەکی ڕووسیاوە لە ئەمەریکا وەستاوە.
ڕووسیا ماوەیەک پێش ئێستا داوای پێدانی متمانەی لە ئەمەریکا کردبوو سەبارەت بەوەی گەمارۆکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ئەو وڵاتە نەبێتە بەربەست لەسەر بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێراندا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز