فراوانکردنی کێڵگەی غازی کۆرومۆر ڕاگیرا

ئەو موشەکانەی ئاراستەی کۆمپانیای غازی کۆرومۆر کران لە ناوچەی قادر کەرەمی سنوری قەزای چەمچەماڵ، بووە هۆی ڕاگرتنی ئیش و کارەکانی کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی و فراوانکردنی پرۆژەی بەرهەمهێنانی غاز لەو کێڵگەیە.

لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە تا سەرەتای ئەم هەفتەیە، سێ جار کێڵگەی غازی کۆرومۆر لە ناوچەی قادر کەرەمی سنوری قەزای چەمچەماڵ موشەک بارانکرا، گومان دەکرێت سەرچاوەی موشەکەکان لە نزیک شاری کەرکوکەوە بێت و گروپە چەکدارە شیعەکان پێی هەستابن.

کۆمپانیای دانەغاز، ڕۆژانە 452 ملیۆن پێ سێجا غاز لە کێڵگەی کۆرومۆر بەرهەم دەهێنێت، بڕیاربوو ئیش و کارەکانی لەو کێڵگەیە فراوانتر بکات، بەڵام موشەک بارانکردنی کێڵگە غازیەکە، فراوانکردنی پرۆژە غازیەکەی ڕاگرت.

محەمەد حسێن شارەزای بواری نەوت و ورزە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"بڕیاربوو تا ساڵی 2026، کۆمپانیای دانەغاز لە کێڵگەی کۆرومۆر، 250ملیۆن پێ سێجا غازی زیاتر بەرهەم بهێنێت."

گوتیشی"پرۆژەی فراوانکردنی کێڵگە غازیەکە بەمەبەستی بەرهەمهێنانی غازی زیاتر دەستیپێکردبوو، بەڵام موشەکەکان وایکرد پرۆژەی فراوانکردنەکە ڕابگیرێت."

کێڵگەی غازی کۆرومۆر، کە سەرچاوەی بەشێکی زۆر لە کارەبای ناوچەکانی هەرێم و دابینکردنی غازی شلی ماڵانیشە، بووەتە مایەی ناکۆکیەکی قوڵ لە نێوان یەکێتی و پارتی لەلایەک، لە نێوان هەرێم و بەغدا لەلایەکی تر، هەروەها ئێرانیش نیگەرانە لە فراوانکردنی کێڵگە غازیەکە، بەو پێیەی وڵاتێکی بەرهەمهێنەری غازە لە ناوچەکەدا.

ڕێگریکردن لە فراوانکردنی کێڵگە غازیەکە و موشەک بارانکردنی کێڵگەکە لەلایەن گروپەکانی نزیک لە ئێرانەوە یەکێکە لە گومانەکان، بەو پێ یەی ئێران غازی هەریەک لە عێراق و ناوچەکە دابین دەکات و ناهێڵێت جێگرەوەی هەبێت.

محەمەد حسێن گوتی"ئێران بە فەرمی هیچی نەوتووە، بەڵام ئەوەتا بە کرداری نەیهێشت غازی کۆرومۆر فراوان بکرێت."

دوای موشەک بارانکردنی کێڵگەی غازی کۆرومۆر، جموجۆڵی سوپای عێراقیش لە ناوچەکەدا دەستیپێکردووە، جاری یەکەم هەوڵیاندا بەناوی لێکۆڵینەوەوە لە کێڵگەی کۆرومۆر نزیک ببنەوە، بەڵام ڕێگەیان پێنەدرا.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، سوپای عێراق داوایکرد بازگەی سێ ڕیانی نێوان قادر کەرەم (کۆرومۆر)، زنانە و خورماتوو کە لەساڵی 2003 ەوە بازگەکە سەر بە حکومەتی هەرێمە، بکرێتە بازگەیەکی هاوبەش، بەڵام پێشمەرگە ڕەزامەندی دەرنەبڕی.

عەمید ڕوکن ڕێبوار فەرماندەی لیوای 16 ی هێزی پێشمەرگە و بەشداربووی کۆبوونەوەکەی نێوان پێشمەرگە و سوپا، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"پێشمەرگە ڕەزامەندی نیشان نەداوە لەسەر داواکاریەکانی عێراق، تەنها پێیانوتراوە، داواکاریەکانیان دیراسە دەکرێت."

دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق پرۆژەی نەوت و گازی هەرێمی بە نایاسایی و نادەستوری ناوبرد، ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر کەرتی نەوت قوڵتربووەتەوە، ڕۆژی چوارشەممەش، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم لەسەر فشارەکانی بەغدا کۆبوویەوە.