بەردەوامی فشارەکانی حکومەتی عێراقی بۆ سەر حکومەتی هەرێم و هەنگاوەکانی بە ئاڕاستەی کێڵگە نەوتیەکان، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی ناچار کرد هەڵوێستی فەرمی خۆی ئاشکرا بکات. لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەدا ڕایگەیاند ئەوان پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق و هەنگاوەکانیان نابن بۆ سەر کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان.
چاودێرێکی سیاسیش پێی وایە "ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان نەگاتە ڕێکەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت پێدەچێت بە کردەی سەربازی پرسی کێڵگە نەوتیەکان یەکلا بکرێتەوە."
عەدالەت عەبدوڵا مامۆستای زانکۆ وچاودێری سیاسی ڕایگەیاند:
" لە ئێستادا تەسەوڕەکە وایە کە بەریەککەوتنی عەسکەری ڕوو نادات، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر حکومەت دروست ببێت و پارتی دیموکراتی کوردستان بەشدار نەبێت و چوارچێوەی هەماهەنگی بە مەرجەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەزامەند نەبێت بە دڵنیاییەوە لە قۆناغی داهاتوودا ڕەنگە ئەم مەلەفە بە ڕێگەی سەربازی یەکلا بکرێتەوە."
سەبارەت بە کۆمپانیا نەوتیەکان عەدالەت عەبدوڵا ڕایگەیاند" حکومەتی عێراقی داوای لە کۆمپانیە نەوتیەکان کردووە گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەڵبوەشێننەوە لە ئەگەری پابەند نەبوونیان، عێراق ئەو کۆمپانیایانە دەخاتە لیستی ڕەشەوە."
" ئەگەر بێت و پابەند نەبن بە بڕیارەکانی داگای فیدڕاڵیەوە، یان گرێبەستەکانیان هەڵنەوەشێننەوە یان ئیش و کارەکانیان ڕانەگرن، لەو حاڵەتەدا هەم دەخرێنە لیستی ڕەشەوە هەم بێبەش دەکرێن لە هەر گرێبەستێک بیانەوێ لەگەڵ حكومەتی عێراق ئەنجامی بدەن لە ناوچە جیاجیاکاندا."
عەدالەت عەبدوڵا پێی وایە "فشارەکانی عێراق ڕەهەندی سیاسیان هەیە و حکومەتی ناوەند لە سەرەتادا ئاگاداری مەلەفی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بووە ، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆ لەم کاتەدا هاتوونەتە دەنگ."
"تەئویلی جیاواز هەیە بۆ دەستوری بوون یان نەبوونی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، حکومەتی عێراقی پێێ وایە ئەو لایەنی جێبەجێ کارە، دادگای فیدڕاڵی دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە لە دەوڵەتدا، کە بڕیار دەردەکات، ئەم تەنیا جێبەجێی دەکات، ڕوانگەی حکومەتی هەرێم لەوەدایە، ئەم دادگایە لە ژێر کاریگەری ناکۆکیە سیاسیەکانی حکومەتی عێراقدایە، ئەگینا گرێبەستە نەوتیەکانی هەرێم هی ئەم ماوەیە نین تاکو تازە بڕیار بدات، پرسیار لای حکومەتی هەرێم ئەوەیە، ئەگەر کێشەیەک هەبوایە لە گرێبەستە نەوتیەکان دەبوو دادگای فیدڕاڵی لە کاتی خۆیدا ئەم مەلەفەی بجوڵاندایە."
سەبارەت بە هەڵوێستی ڕەسمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوچاودێرە پێی وایە "بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێم تەنیا هەڵوێستێکی مەعنەوی و ناڕەزایەتی دەربڕینە چونکە حکومەتی عێراقی بە کرداری دەستی کردووە بە ئیجرائاتی خۆی."
"حکومەتی عێراقی بە خوێنێکی ساردەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکە دەکات، وە لەسەر بنەمایەکی قانوونی و دەستوری پەتی، دوور لە هەمو حساب کردنێک بۆ دەر ئەنجامەکانی، پلە بە پلە کۆمپانیاکان ناچار بەوە دەکات، ئیشەکانیان ڕابگرن، و بڕیارەکانیان دەخەنە بواری جێ بەجێ کردنەوە، بۆیە حکومەتی هەرێم تووند وەڵام دەداتەوە چونکە تێگەشتووە، کە هەنگاوە پراکتیکیەکانی حکومەتی بەغداد و وەزارەتی نەوتی بەغداد، خەریکە ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر داهاتی نەوتی هەرێم بەتایبەت لە قۆناغی داهاتوو."
سەبارەت بەوەی کێ زەرەرمەند دەبێت لە نکۆڵی کردن لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، عەدالەت عەبدوڵا پێی وایە" حکومەتی هەرێم ململانێکان لە ژێر ناوی پاراستنی مافی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا دەکات، و بەهەمان شێوە تێروانینی حکومەتی عێراقیش وایە ئەمە پارێزگاری کردنە لە مافی هەموو گەلانی عێڕاق."
" بە نسبەت حکومەتی هەرێمەوە حکومەتەکە بەشێکی گەورەی بوونی و وە کاریگەری لەسەر ئەوە دەوەستێت کە بتوانێ داهاتەکانی بەردەوام بێت لە ڕێگەی ئەو گرێبەستە نەوتیانە و فرۆشتنی نەوتەوە، کاتێک کە پلە بە پلە ئەم سەرچاوە سەرەکیەی داهات، لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی هەرێم دەربکرێت، ئەوکاتە، حکومەت پێی وایە ناتوانێت ژیان بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دابین بکات و بەو شێوەیەش ناڕەزایەتیەکان فراوانتر دەبن، قسەکە ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم لە پێناوی خەڵکدا ئەم ململانێیە دەکات، بە هەمان شێوە حکومەتی عێراقیش."
بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێم لە کاتێکدایە هەندێک لە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئەگەری هەیە دۆخەکە بگاتە کردەی سەربازی، بەڵام ئەو بۆچوونەش هەیە کە هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقی پەیوەستە بە پڕۆسەی سیاسی عێراق، پێکهێنانی حکومەت، بەشداریکردن و ڕێکەوتنی هێزە کوردیەکان لەگەڵ ناوەند لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، کە لە ئەگەری ڕێکەوتن پێدەچێت حکومەتی عێراق نەرمی بنوێنێت لەسەر دۆسیە نەوتی هەرێمی کوردستان.
Your browser doesn’t support HTML5