چەندین دەستپێشخەری بۆ هێورکردنەوەی دۆخی عێراق و نزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان لەیەکتری دەخرێتەڕوو، بەڵام هێشتا ئەنجامی هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی عێراق لەو قەیرانەی تێیکەوتووە، ناڕوونە.
چوارچێوەی هەماهەنگی و سەدر
سەرباری هەوڵ و دەستپێشخەرییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی عێراق و لە یەکترنزیککردنەوەی ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، بەڵام هێشتا خۆپیشاندانی سەدرییەکان لەنێو پەرلەمانی عێراق بەردەوامە، هەرچەندە زانیارییە نافەرمییەکان، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن دوای نوێژی هەینی داهاتوو، سەدر داوای گەڕانەوە ماڵ لە لایەنگرانی بکات.
بەراورد بەڕۆژانی ڕابردوو، بارگرژییەکانی نێو شەقامی عێراقی تا ڕادەیەک هێوربووەتەوە، بەڵام هێشتا ڕێککەوتن لەسەر هیچ دەرەچەیەکی سیاسی و یاسایی نەکراوە بۆ دەربازکردنی عێراق لەو قەیرانەی تێیکەوتووە، هەرچەندە خواستێک لای لایەنەکان دروستبووە بۆ گەڕانەوە سەر مێزی گفتووگۆ.
یەکێک لەو سیناریۆ تازانەی لەلایەن بەشێک لە بەرپرسانی عێراقییەوە ئاماژەی بۆ دەکرێت، هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر و گێڕانەوەیانە بۆ پەرلەمان، بە بیانووی ئەوەی دەست لەکارکێشانەوەکەیان بە ڕێگەی ئوسوڵی دا تێنەپەڕیووە، ئەمەش لە پێناو ڕازیکرددی سەدر.
بەڵام ئیسماعیل حەدیدی کەسایەتی سیاسی عەرەبی و ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، لە بەغداوە بە دەنگی ئەمەریکای وت"ئەم سیناریۆ زۆر باسدەکرێت، بەڵام پێناچێت لە ڕووی یاساییەوە سەر بگرێت، وە ئەستەمە سەدریش بەمە ڕازی ببێت، چونکە گەڕانەوە بۆ نێو پەرلەمان قورس لەسەری دەکەوێت."
گوتیشی"ڕەنگە دانوستانی نێوان سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی لەو چوارچێوەیەدا بێت، کێ بکرێتە سەرۆک وەزیران کە سەدر پێی ڕازی بێت، دیاریکردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت، ڕێککەوتن لەسەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و دیاریکردنی کاندید بۆ پارێزگاری پارێزگارەکان و زۆر شتی تر."
شەمەی ڕابردوو، تەقینەوەی دۆخی عێراق و مەترسی ڕوودانی پێکدادان لەنێوان هێزە شیعەکان بووە ئەگەرێکی کراوە، کاتێک ناکۆکی نێوان هێزە شیعە ڕکابەرەکان تەواو هەڵکشا و لە یەک کاتیشدا جەماوەری هەردوولایان لە بەغدای پایتەخت لەسەر شەقام بوو، لە ئێستادا ئەم ئەگەرە هەرچەندە ئەستەم نیە، بەڵام تا ڕادەیەک لاوازترە.
چەقی ناکۆکی نێوان ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی پۆستی سەرۆک وەزیرانە، سەدر دەیەوێت مستەفا کازمی لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە و هەڵبژاردنی داهاتوو لە سایەی دەسەڵاتی ئەودا ئەنجام بدرێت، چونکە پێیوایە گەر ئەو پۆستە بکەوێتە لای هێزە شیعە ڕکابەرەکانی، هەوڵی لاوازکردنی پێگە سیاسی و جەماوەرییەکەی دەدەن.
لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیش، پێیانوایە لایەنگیری کردنی کازمی بۆ ڕەوتی سەدر هۆکاری ئەو دۆخەیە کە تێیکەوتوون، بۆیە ئەو پۆستە بە پشکی خۆیان دەزانن و ترسیشیان هەیە لەوەی گەر هەڵبژاردنی داهاتووش لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کازمی ئەنجام بدرێت، دووچاری گرفتی گەورە ببن.
سەعد مەتڵەبی سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"حکومەتەکەی مستەفا کازمی هۆکاری زۆربەی کێشەکانە، گەر ئەم حکومەتە بڕوات، بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەبن."
سەرباری دەستپێشخەری مستەفا کازمی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی هەرێم، بەڵام دۆزینەوەی دەرەچەیەک بۆ ڕازیکردنی سەدر و هێنانەوەی بۆ نێو یارییە سیاسییەکان هێشتا ئاسان نیە.
سەدر بەکاندیدی هێزە شیعەکان ڕازی نییە، گەڕانەوەی پەرلەمانتارەکانیشی بۆ نێو پەرلەمان قورسە، ڕۆیشتنیش بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت کێشەکانی عێراق چارەسەر ناکات، بەو پێیەی گەر دەنگەکانیان هاوسەنگ بێت، هەمان کێشەکانی ئێستا سەرهەڵدەدەنەوە، پێناچێت هیچ لایەکیشیان دۆڕاندن قەبوڵ بکەن.
پارتی و عەرەبی سونە و خواستی ئێران
بەپێی بەدواچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، خواستی ئێران و لایەنە شیعەکانیش ڕازیکردنی پارتی و عەرەبی سونەیە بۆ بەشداریکردن لە حکومەت، هەروەک دەشیانەوێت لە ڕێگەی ئەو دوو لایەنەوە سەدر ڕازی بکەن و جارێکی تر بیهێننەوە بۆ نێو گۆڕەپانەکە.
ئێرانییەکان و هێزە شیعەکان تێگەیشتوون لەوەی گەر پارتی و عەرەبی سونەش هەمان هەڵوێستی سەدر بنوێنن، ئەوا گەر بیشتوانرێت حکومەتی داهاتوو پێکبهێنرێت کە پێکهێنانی ئەستەمە، حکومەتەکە ڕووبەڕووی گرفتی گەورە دەبێتەوە، بەوپێیەی کوتلە گەورەکانی ناو هەر سێ پێکهاتەکە بەشدارنین تێیدا.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغداوە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"گەر پارتی سەرکەوتوو بێت لە ڕازیکردنی ڕەوتی سەدر و هێنانەوەی بۆ نێو یارییەکە، کە ئێران و هێزە شیعەکان ئەمەیان دەوێت، دوورنیە خواستەکانی لە مەسەلەی سەرۆک کۆماردا لەبەرچاو بگیرێت."
بەڵام ئیسماعیل حەدیدی ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق پێیوایە، مەسەلەکە جارێکی تر ناگەڕێتەوە بۆ کێشمەکێش لەسەر سەرۆک کۆمار، بەڵکو هەر دەبێت تازە پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە، گوتی"ڕوونە، گۆڕینی بەرهەم ساڵح خواستی پارتییە."