سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا: گوێ لە حەسەن نەسروڵا ناگیرێت و مەترسی پێکدادان لە ئارادایە

ڕۆیشتنی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر بۆ بەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق و ڕاگرتنی کاروبارە یاساییەکان لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە، دۆخی عێراقی بردە لێواری ئاڵۆزی و پێکدادان، بەڵام دوای پەیوەندییەکی حەسەن نەسروڵای سەرۆکی حزبوڵای لوبنان بە موقتەدا سەدرەوە، سەدر لایەنگرانی لە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری کێشایەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەیەکی باڵای عێراقەوە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، ڕۆژی سێشەممە، حەسەن نەسروڵای سەرۆکی حزبوڵا پەیوەندی بە موقتەدا سەدرەوە کردووە و هۆشداری پێداوە لە ڕوودانی پێکدادان و لە ژێر کۆنترۆڵ دەرچوونی دۆخی عێراق، بۆیە دواتر سەدر ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و لایەنگرانی لەبەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەری کێشایەوە.

سەرچاوە باڵاکەی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"ڕۆژی سێشەممە، دۆخی بەغدا تەواو ئاڵۆزبوو، گەر سەدر لایەنگرانی نەکێشایەتەوە، دۆخەکە لەبەردەم پێکدادان دا بوو."

لە بارەی ڕۆڵی حەسەن نەسروڵای سەرۆکی حزبوڵا و نێوانگیری کردنی هێزە شیعەکان، سەعد مەتڵەبی سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، ئەوەی پشتڕاستکردەوە کەپەیوەندییەکی بەهێز هەبووە لەنێوان حەسەن نەسروڵا و موقتەدا سەدر، بەتایبەت سەدر زۆرجار سەردانی نەسروڵای کردووە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"بەداخێکی زۆرەوە، ئێستا لە بەغدا گوێ لە سەید حەسەن نەسروڵا ناگیرێت، لە کاتێکدا پێشتر زۆر نزیکبوو لە سەدرەوە، هەر ئەمەش وایکردووە پەیوەندی نێوانیان بپچڕێت، بەڵام پەیوەندی ڕاستەقینە لە نێوان سەید حەسەن نەسروڵا و چوارچێوەی هەماهەنگی نی یە."

هەرچەندە سەدر لایەنگرانی لە بەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق کێشایەوە، بەڵام هێشتا دۆخی عێراق ئاڵۆزە و هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی لە ئارادا نیە، بۆیە چاوەڕوانی جوڵەی تری لایەنگرانی سەدر لە ڕۆژانی داهاتوو دەکرێت.

سەعد مەتڵەبی دەڵێت"جوڵەکانی ڕەوتی سەدر، جوڵەی ئاشتیانەیان تێپەڕاندووە، تەجاوز دەکەنە سەر دام و دەزگاکانی دەوڵەت، هەندێک بۆچوونیش هەیە لەسەر هەوڵی کودەتا لەلایەن ئەو ڕەوتەوە."

هەریەک لە هێزەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدریش خاوەن هێز و چەکدارن، لەبارەی مەترسی ڕوودانی پێکدادان، گەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن، سەعد مەتڵەبی گوتی"هەموو ئەگەرێک کراوەیە، ئەوەی دوێنێ ڕوویدا مەترسیداربوو، دوور نییە، دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت و سەربکێشێت بۆ پێکدادانی سەربازی."

ڕەوتی سەدر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی یان بردەوە و بوونە خاوەن 73 کورسی، بەڵام لەلایەن هێزە شیعەکانەوە ڕێگریان لێکرا لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە، ئەمەش وایکرد لە پەرلەمان بکشێنەوە و جوڵەکانیان بگوێزنەوە بۆ نێو شەقام، ڕێگەش نادەن ڕکابەرەکانیان حکومەت پێکبهێنن.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر