کەمال کەرکوکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە پارتی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە هی خۆی دەزانێت و ڕەتیکردەوە کە کۆنگرەی پارتی ناکۆکی نێوخۆی حزبەکەی قوڵتر کردبێتەوە.
کەمال کەرکوکی ڕایگەیاند، "پارتی لە دوا هەڵبژاردن دا دەنگی یەکەمی لە کەرکوک هێنا، بۆیە پارێزگاری کەرکوک مافی پارتییە. کەسێکی نیشتیمان پەروەر دابنێت و رێز لە ڕای لایەنەکانیش بگیرێت لە دانانی دا."
ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە کە دوای ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2017 سەربەخۆیی کوردستانی عێراق و ڕوداوەکانی ناسراو بە "16 ی ئۆکتۆبەر" کورد پۆستە باڵاکانی وەکو پارێزگاری لەدەستداوە و ئاسایشی شارەکە کەوتۆتە دەست سوپای عێڕاق و حەشدی شەعبییەوە.
سەبارەت بە پرسی ئەوەی بە چی پێوەرێک، پارتی دەنگی یەکەمی کەرکوکی هێناوە، لەکاتێکدا یەکێتی سێ کورسی و پارتی دوو کورسی پەرلەمانی لە کەرکوک بەدەستهێناوە، کەمال کەرکوکی وتی "بەڕێز دیلان غەفور بە بێ لایەن خۆی کاندید کرد، نەک وەکو یەکێتی، هەرکەسێک دەنگی بۆ دیلان دابێت کە ئێستا پەرلەمانتارە، دەنگی بە بێ لایەنێک داوە، بۆیە دیلان غەفور با خۆشی بووبێتە یەکێتی، لەسەر یەکێتی حساب ناکەین، چونکە بوونی بە یەکێتی رای شەخسی خۆیەتی، نەک ڕای ئەو جەماوەرەی کە دەنگیان پێداوە."
ئەمەش ببینە فەرماندەیەکی پێشمەرگە: داعش خولێکی سەربازی 40 ڕۆژی بۆ چەکدارەکانی لە حەمرین کردووەتەوە
سەبارەت بە وادەی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک، کە لەدوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە، ئەو پارێزگایەی جێهێشتووە، کەمال کەرکوکی ئاماژەی بەوەکرد، لە کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و کابینەی نوێی حکومەتیش، لەسەر چوار دۆسیە لە گفتووگۆدابوون لەگەڵ عێراق، دۆسیەی سەربازی و ئەمنی، کە بریتییە لە دەرکردنی هێزە عێراقییەکان لەکەرکوک و ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی شار بە پۆلیسی محەلی، هەروەها دۆسیەی سیاسی، چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتی و پارتی گەلی تورکمانی لەلایەن حەشد و سوپای عێراق و ڕادەستکردنەوەیان، لەگەڵ دۆسیەی کارگێڕی، کە پەیوەندی بە پارێزگاری سەپێنراوی کەرکوک و ڕێککەوتنی بەرپرسێکی یەکێتییەوە هەیە لەگەڵی.
کەمال کەرکوکی دەڵێت "ئەو چوار دۆسیە پەیوەندیدارە بە کەرکوک، خراوەتە کارنامەی کابینەی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق و لەپەرلەمانیش دەنگی لەسەر دراوە، چونکە پێشتر لایەنەکان لەسەری ڕێککەوتوون، وەفدی هەرێم ئامادەیە بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە بە پێی دەستور."
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و دوا بڕیاری حزبەکەی بۆ چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ یەکێتی، کەمال کەرکوکی دەڵێت "ئێمە پێمانباشە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ناو کوردستان و دەوروبەر نێوانمان باش بێت، بە نیسبەت ئەوانەی ناو هەرێم، پێمانباشە هەمووان بە یەکێتی و پارتیشەوە پابەندی یاسا بین، گەر یاسا سەروەر بێت، کێشە ڕوو نادات، گەر لەسەر نایاسایی رێکبکەوین و دڵی یەکتری خۆش بکەین، زوو یان درەنگ دیسان تێکدەچێتەوە."
ئەمەش ببینە کورد لە چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنی کەرکوک لە سوپا و ڕادەستکردنی بە پۆلیس
وتیشی"لە کۆنگرەی پارتی بە دونیا وترا، لەگەڵ کێشەی نێوان لایەنەکان نیین، دەبێت پێکەوە خزمەتی خەڵک بکەین و هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانمان لە بەغدا بدەین."
.ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی، لە بارەی ڕای حیزبەکەی لەسەر بایکۆتکردنی حکومەت لەلایەن تیمی یەکێتییەوە، وتی"هەرلایەک پابەندی یاسا بێت لەگەڵی هاوڕاین، بەڵام لەسەر ناحەق ئامادە نیین نەرمی بنوێنین، پابەندبوون بەیاسا، رێگەی خزمەتکردنی خەڵکە، بەڵام گەر لەسەر بنەمای نایاسایی ڕێبکەوین، سبەینێ دیسان تێکدەچینەوە."
کەمال کەرکوکی ڕوونیشیکردەوە، جیاوازی نێوان پارتی پێش کۆنگرە و دوای کۆنگرە ئەوەیە، دەمانەوێست پێداچوونەوە بکەین، تا باشترین خزمەت بە خەڵک بکەین، پێشتریش پارتی خزمەتی کردووە، بەڵام هەوڵدەدەین، خزمەتکردن باشتر و بەهێزتر بکەین.
دەوترێت کۆنگرەی پارتی کۆنگرەی ڕادەستکردنی حیزبەکە بوو بە مەسرور بارزانی ، لەو بارەیەوە، کەمال کەرکوکی وتی"کاک مەسرور و کاک نێچیر و هەموو ئەندامانی مەکتەب سیاسی لە خزمەتی پارتیداین، پارتیش لە خزمەتی خەڵکدایە، با ناحەزان لێرە و لەوێ قسە بکەن، ئەو دوو بەڕێزە برای یەک و پشتی یەکن، هەردووکیان لەخزمەتی رێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی و خەڵکی کوردستاندان."