سەرچاوە هەواڵییەکان ڕادەگەیەنن مامۆستایەکی ئاینی کورد کە پێشتر زیندانی سیاسی بووە لە شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستگیر کراوە.
مامۆستا سەیفوڵا حوسێنی کەسایەتییەکی ناودار و ئیمامی مزگەوتی خەتم ئەنبیای شاری جوانڕۆ، درەنگانێکی دووشممە لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی شاری جۆنڕۆوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرا.
سەرچاوەکان دەڵێن لەو کاتەوەی کە هێزەکان بردوویانە بێسەوشوێن بووە و هیچ زانیارییەک لەسەری نییە.
هەر پاش دەستگیرکردنی ئەو کەسایەتییەی شارکە، مزگەوتەکانی شارەکە لە بڵندگۆکانەوە خەڵکیان لە گرتنەکەی ئاگادار کردەوە و داوای کۆبونەوەی جەماوەرییان کرد بۆ پشتیوانی کردن لێی.
لە گرتە ڤیدیۆکانی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە نیشان دەدرێت سەدان کەس لە بەردەم بینای فەرمانداری جوانڕۆ کۆبونەتەوە و دروشمی پشگیری بۆ مامۆستا سەیفوڵا دەڵێنەوە.
هەندیک لە سەرچاوەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن پاش دەستگیرکردنەکە و ناڕەزایەتی خەڵکی، هێزێکی زۆری کۆماری ئیسلامی لە شاری جوانڕۆ بڵاوبوونەتەوە.