دوای ئەوەی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لەم هەفتەیەدا سەردانی عومانی کرد و هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) لە دیمەشق کۆبووەوە، چاودێران دەڵێن دەرفەتێکی نوێ بۆ سوریا هاتووەتە ئاراوە بۆ گەڕانەوە بۆ سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
سەردانەکەی ئەسەد ڕۆژی دووشەممە بۆ عومان یەکەم سەردانی بوو بۆ وڵاتێکی کەنداو لە ماوەی دە ساڵدا. زۆربەی وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی 2011وە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی ئەسەددا پچڕاند، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئەسەد سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەتیان دەستپێکرد.
بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن، بوومەلەرزە کوشندەکەی 6ی دوو کە هەندێک ناوچەی سوریا و تورکیای گرتەوە، ئێستا دەرفەتێکی نوێی بۆ حکومەتی سوریا ڕەخساندووە تا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەندێک وڵاتی ناوچەکەدا دروستبکاتەوە.
دوای ڕوودانی بوومەلەرزەکە، زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت لە کەنداو، دەستی هاوکارییان بۆ سوریا درێژ کرد و هاوکارییە مرۆییەکانیان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی ئەو وڵاتە نارد.
جۆرجیۆ کافیێرۆ، سەرۆکی کۆمپانیای ڕاوێژکاری ستراتیجی Gulf State Analytics بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بە دڵنیاییەوە دیپلۆماسیەتی بوومەلەرزە گەڕانەوەی ڕژێمی سوریا بۆ ڕیزەکانی دیپلۆماسی جیهانی عەرەبی خێراتر دەکات".
هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی وەک ئیمارات و بەحرەین لە ساڵانی ڕابردوودا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی سوریا دروستکردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانی ئەو پەیوەندییانە بە شێوەیەکی فراوان بەڕێوەببەن، چونکە هێشتا چارەسەرێک بۆ شەڕی سوریا نەدۆزراوەتەوە.
کافیێرۆ گوتی " وڵاتانی ناوچەکە وەک ئیمارات، عومان و جەزائیر کە دژی هەوڵەکانی دوورخستنەوەی دیمەشقن، ئێستا دەڵێن هەڵگرتنی ئەم پەراوێزخستنە بۆ ئەو قەیرانە مرۆییە پێویستە کە گەلی سوریا دوای ئەم کارەساتە ڕووبەڕووی بووەتەوە."
هه ڕوه ها ڕاشیگەیاند که سەردانەکەی ئەسەد بۆ عومان سەردانەکەی ساڵی ڕابردووی بۆ ئیمارات هاندانێک بوو بۆ هەندێک لە حکومەتانی تری عەرەبی ئەوانیش بانگهێشتی سەرۆکی سوریا بکەن.
کافیێرۆ گوتیشی"ڕژێمی ئەسەد دەستکەوتی گەورە بەدەست دەهێنێت ئەگەر سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا ئاسایی بکاتەوە و ئێستا دیمەشق بگەڕێتەوە ناو کۆمکاری عەرەبی، کە ڕەنگە ئەم دوو پێشهاتە لە ساڵی 2023دا ڕوو بدەن."
سعودیە کە وڵاتێکی زلهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە ساڵانی شەڕی ناوخۆی سوریادا دژایەتی ڕژێمی سوریای کردووە، بەتایبەتی بەهۆی پەیوەندی نزیکی سوریا و ئێرانەوە. ئێران ڕکابەرێکی سەرەکی عەرەبستانی سعودیەیە.
بەڵام چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە ڕایگەیاند، جیهانی عەرەبی هەوڵی نزیکبوونەوەیەکی نوێ دەدات لەگەڵ سوریا بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاریگەر وەڵامی قەیرانە مرۆییەکان لەوێ بداتەوە، بەتایبەتی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە.
بن فەرحان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونیخ گوتی "ئەم دۆخەی ئێستا کار ناکات. دەبێت ڕێبازێکی تر بدۆزینەوە. ئەو ڕێبازە چییە، هێشتا ئامادەکاری دەکرێت."
سێت فرانتزمان، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، هەوڵەکانی سوریا بۆ گەیشتن بە وڵاتانی کەنداو گرنگە، بەتایبەت بۆ پشتیوانی دارایی بۆ بنیاتنانەوەی سوریا، لەوانەش جەنگ و بوومەلەرزەکە.
فرانتزمان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " وڵاتانی کەنداو، وەک ئیمارات و سعودیە، پێشتر ڕۆڵێکی گرنگیان لە بواری ئابووریدا بینیوە بۆ پاڵپشتیکردنی میسر. پاڵپشتیی سوریاش بەو بۆچوونە دێت کە دیمەشق پێویستە سیاسەتی خۆی بگۆڕێت بۆ ئەوەی بچێتە پاڵ وڵاتانی عەرەبی لەوانە ئوردن و میسر و وڵاتانی کەنداو."
بەڵام ئەم ڕێبازە بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکانی سوریا لەگەڵ ئێراندا دەرەنجامێکی سیاسی دەستبەجێی نابێت.
فرانتزمان وتی " ئێران دەیەوێت سوریا وەک بنکەیەک بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و سوریا بەتاڵ بکات بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە بە هێزەکانی خۆی پڕبکاتەوە."
هەڵوێستی ئەمەریکا
لە واشنتۆن، بەرپرسانی ئەمەریکا بەردەوام دژایەتی خۆیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەندێک وڵات و سوریا دەربڕیوە. ئەمەریکا دەڵێت کاتی ئەوە نەهاتووە پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق دروستبکرێنەوە.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " تاکە چوارچێوەیەک کە لە ڕێگەیەوە دەتوانین پەیوەندییەکان ئاسایی بکەینەوە یان باشتر بکەین، کاتێک دەبێت کە ڕژێمی ئەسەد ڕێنماییە سیاسییەکان جێبەجێ بکات، ئەو نەخشەڕێگا سیاسییەی کە لە بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا هاتووە ."
ئەمەش ببینە بەشار ئەسەد تا چەند دەتوانێت بوومەلەرزەکەی سوریا بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی بەکاربهێنێت؟
بڕیاری 2254 کە لە ساڵی 2015 لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە پەسەند کرا، داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی سوریا دەکات بە دەستپێکردنی گواستنەوەی سیاسی.
بەڵام کافیێرۆ شرۆڤەکار دەڵێت، چاوەڕوان ناکات بەرپرسانی ئەمەریکا جگە لە وەڵامدانەوەی لێدوانەکان هیچ کارێکی تر بکەن ئەگەر پڕۆسەی گەڕاندنەوەی سوریا بۆ ناو دیپلۆماسیەتی ناوچەکە بەردەوام بێت.
دەشڵێت " لەم کاتەدا کە شەڕی ئۆکرانیا بەردەوامە و گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین لە ئاستێکی بەرزدا ماوەتەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەردەوامە لە پەرەسەندن، ئیدارەی بایدن لیستێکی لە ئەجێندا گرنگەکانی خۆی هەیە و گەڕانەوەی سوریا بۆ نێو وڵاتانی عەرەبی لە خوارەوەی ئەجێندای بایدندایە."