ئولف کریستێرسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئەگەری پەسەندکردنی ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆ پێش سوید "زیادبووە" لە کاتێکدا دژایەتی هەوڵەکانی سوید لە لایەن تورکیاوە تا دێت زیاتردەبێت.
کریستێرسۆن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زیاتر ڕوون بووەتەوە کە تورکیا ئامادەیە بۆ پەسەندکردنی داواکارییەکەی فینلاند، بەڵام هێشتا ڕەخنەی هەیە سەبارەت بە پێشنیارەکەی سوید، کەواتە دەشێت یەکەمجار داواکەی فینلاند پەسەند بکات.
ئەو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی " ئێمە هیچ شتێکمان نییە کە پشتڕاستی بکاتەوە بەو شێوەیە دەبێت، بەڵام پێمان وایە هەڵسەنگاندنی گشتی دوای چەندین گفتوگۆ لەم دواییانەدا ئەوەیە کە ئەگەری ئەمە زیادی کردووە."
هەردوو وڵات ڕایانگەیاندووە، هیوادارن تا کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە ڤێڵنیەس لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا ببنە ئەندام.
فینلاند و سوید سیاسەتی دەیان ساڵەی بێلایەنی سەربازییان وەلا نا و لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوودا لە دوای لەشکرکێشی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا داوای بەشداریکردنیان لە هاوپەیمانییەکە کرد.
تورکیا و هەنگاریا تەنها ئەندامی ناتۆن کە هێشتا پێشنیارەکانیان پەسەند نەکردووە ، کە دەبێت هەر 30 ئەندامەکەی ناتۆ پەسەندی بکەن.
ئەمەش ببینە سەرۆکی فینلاند: ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆدا ئێستا لە دەستی تورکیادایە
ئەو وڵاتانەی باکوری ئەوروپا داخوازینامەی چوونە ناو هاوپەیمانییەکەیان پێکەوە پێشکەش کرد و تا ئەم خاڵەش ئەندامانی هاوپەیمانییەکە پێکەوە پەسەندیان کردووە.
ئەنقەرە دانوستانەکانی لەگەڵدا سوید ڕاگرت دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی یەک لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکۆڵمی پایتەختی سوید تایدا قورئانێک سوتێندرا.
تورکیا سوید بە تایبەتی تۆمەتبار دەکات بەوەی کە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەو کەسانە دابین دەکات کە بەە "تیرۆریست"یان دەزانێت، بەتایبەتی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
لە نێو شتەکانی تردا شتێکی تریش کە ئەنکەرەی توڕە کردووە ئەو خۆپیشاندانانەی کوردەکانە لە سوید کە زۆربەی جار ئاڵای پەکەکەی تیادا بەرزدەکرێتەوە.
ئۆسکار ستێنسترۆم، سەرۆکی دەستەی دانوستانکاری سوید لە هەمان کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "تورکیا هێشتا پێی وانییە لەو ئاستەداین و ئەوەش بە ڕوونی لە کۆبوونەوەکەدا دیاربوو." ئاماژەی بەوەش کرد ئانکەرە "ناڕەزایی" بەرامبەر فینلاند دەرنەبڕیوە .
ئەمەش ببینە سکرتێری گشتی ناتۆ دەڵێت لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا هەوڵ دەدات داواکارییەکەی سوید و فینلاند بۆ چوونە نێو ناتۆ پەسەند بکرێت
لەلایەکی دیکەوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەنگاریا، جابا هێندێ، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت بوداپێست لە هەفتەی داهاتوودا ئەندامێتی هەردوو وڵات پەسەند بکات.
کریستێرسۆن هەروەها ڕایگەیاندووە کە دڵنیایە لە کۆتاییدا سوید دەبێتە ئەندامی ناتۆ.
وتیشی "ئەمە پەیوەندی بەوەوە نییە کە ئایا سوید ببێت بە ئەندامی ناتۆ یان نا، بەڵکو ئەوەیە کە بەتەواوەتی کەی دەبێت بە ئەندامی ناتۆ."
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بەو متمانە ئاسایشییانەی کە لە کاتی پڕۆسەی پێشکەشکردنیدا بۆ سوید دانراوە، وڵاتەکە "ئێستا سەلامەتتر بووە لە چاو پێش ئەوەی داواکاریەکەمان پێشکەش کرد" و ئەمە لە دۆخێکدا ئەگەر فینلاند پێش سویدیش ببێت.
سەرچاوە: فرانس پرێس، ڕۆیتەرز