ڕێکخراوی هانا: لە ماوەی یەک ساڵدا هەشت هەزار کورد لە ئێران دەستگیرکراون

نێو بازاڕی شاری بانە لە دەمی مانگرتنێکی گشتیدا

لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی پاش مەرگی ژینا ئەمینی لە ئێران، ئاماری پێشێلکاریەکان بەڕێژیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بە شێوەیەک لە شارەکانی کوردستانی ئێران بە هەزاران هاووڵاتی بوونەتە قوربانی.

بە پێی ئامارەکانی ڕێكخراوی هانا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بارەگاکەی لە کەنەدایە و لە زۆربەی وڵاتان نوێنەریان هەیە، تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا ڕژێمی ئێران 8000 هاووڵاتی کوردی دەستگیرکردوە کە 263 کەسیان ژنن. ئەمە بەدەر لەوەی هەر لەمساڵدا 152 کەس بە تەقەی هێزە ئەمنیەکان کوژراون و لانیکەم 87 کوردیش لە سێدارە دراون و 131 کەسیش خۆیان کوشتووە، کە سەرجەمیان لە ناوچە کورد نشینەکانن.

هادی ڕەسوڵی وتەبێژی ڕێکخراوی هانا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەم ئامارانە دەرخەری ئەوەیە تاوانی دژی مرۆڤایەتی هەیە، کە کورد پشکی شێری بەرکەوتووە لەم تاوانکاریە."

هادی ڕەسوڵی وتی کە بۆ دەستکەوتنی ئاماری وردی قوربانیەکان، ڕێکخراوی هانا پشت دەبەستێت بە شانەو ئەندامەکانی کە لە ناو ئێراندا بە شێوەیەکی نهێنی کاردەکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕژێمی ئێران بەردەوام ڕووبەڕووی ڕەخنەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بووەتەوە لەسەر بڵاونەکردنەوەی تۆماری وردی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ.

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین سزای لەسێدارەدانی تیادا جێبەجێ دەکرێت. ڕاپۆرتی ئەمساڵی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا سەبارەت بە لەسێدارەدانەکانی ئێران دەڵێت لە نەورۆزی ساڵی 2022 وە هەتا سەرەتای ئەم ساڵ لەسیدارەدانی 306 کەس تۆمار کراوە.

هەندێک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ و پارێزەرانی ئاگادار دەڵێن کە ڕژێمی ئێران جیاوازییەکی زۆر لە نێوان حوکمڕانی کورد و نەتەوەکانی تردا دەکات بەشێوەیەک کە گیراوانی کورد توندتر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

شەوبۆ خزری، پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەگەر کەسێکی کورد دەستگیر بکەن سزای قورسی دەدەن، بەڵام لە شارەکانی تر سزاکان سوکترن. زۆر جار لەسەر مادەی هۆشبەر کوردەکان ڕاستەوخۆ سزای لە سێدارەیان بەسەردا دەسەپێنن، بەڵام نەتەوەکانی تر بۆ هەمان تاوان سزای زۆر سوک دەدرێن. ئەمە بەدەر لەوەی لەسەر ئینتیمای سیاسی ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کورد لە سێدارە دەدرێن لە ژێر ناوی ' ئیقدام علیە امنیتی میللی' کە حوکمەکەی سێدارەیە. بەڵام لە شارە فارسەکان لە ژێر ناوی 'تبلیغ علیە نیزام' یان بەسەردا دەسەپێنن کە سزاکەی دەچیتە نزیکەی دوو ساڵ و شەش مانگ و لە سێدارە نادرێن."

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی جیهانیش لە ڕاپۆرتەکەی ئەمساڵدا ئاماژە بە جیاوازی کردن لە دژی کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکانی ئێران دەکات، ڕاپۆرتەکە دەڵێت " حکومەتی ئێران زۆر بە دڕندانە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی کردوە و هێزەکانی ئاسایش بە شێوەیەکی نایاسایی هێزی لە ڕادەبەدەر و کوشندەیان لە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە."

زیندانی ژنان و منداڵان

بە گوێرەی چاودێرانی مافی مرۆڤ بێت ژنان و منداڵان بەشێک لە دەستگیرکراوانی ڕژێمی ئێران پێکدەهێین بە تایبەت لە دوای شۆڕشی ژینا ئەمینیەوە، کە ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان تێدا بینی و لە ژێر دروشمی "ژن،ژیان، ئازادی" پێشەنگایەتی بەشێکی زۆر لە خۆپیشاندانەکانیان دەکرد.

بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی هانا لە ڕێکەوتی 21/3/2022 تا 21/3/2023، 263 ژنی کورد دەستگیرکراون بەدەر لە نەتەوەکانی تر و 171 منداڵیش لەناو دەستگیرکراواندان. ڕێکخراوەکە هەروەها دەڵێت زۆربەی ئەم ژن و منداڵانەش لە کاتی بەشداری کردنیان لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێراندا دەستگیرکراون.

ژینا ئەمینی لە 16 ی مانگی 9 ی ساڵی ڕابردوو گیانی لەدەست دا لە کاتی دەستگیرکردنیدا لە لایەن پۆلیسی ئاکارەوە لە تاران بەهۆی ئەوەی کە گوایە سەرپۆشی زۆرەملێی نەکردبوو. ڕووداوەکە بووە هۆی خۆپیشاندانی سەرتاسەری کە بە شۆرشی ژینا ناسراون و بە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ڕژێمی ئێران دادەنرێن لەوەتای شۆڕشی ئیسلامییەوە لە ساڵی 1979.

لەو خۆپیشاندانانەدا سەدان کەس کوژران کە لە ناویاندا ئەندامانی پۆلیسیش هەبوون و بە هەزاران کەس برینداربوون و بە دەیان هەزار کەسیش دەسگیرکران.