سه‌رکرده‌یه‌کی ده‌وڵه‌تی یاسا: نابێت چیتر هه‌رێم به‌هێز و له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی نه‌وت بفرۆشێت

سه‌رکرده‌یه‌کی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌سه‌رۆکایه‌تی نوری مالکی ده‌ڵێت، له‌ ڕابردوودا به‌هۆی لاوازی حکومه‌تی عێراقیه‌وه‌، هه‌رێم له‌ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ یاسایی و ده‌ستورییه‌کان نه‌وتی فرۆشتووه‌، به‌ڵام ئێستا که‌شێکی ئه‌رێنی هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا.

سه‌عد مه‌تڵه‌بی سه‌رکرده‌ له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای ڕاگه‌یاند "هه‌رێم به‌هۆی لاوازی حکومه‌تی فیدراڵیه‌وه‌ و له‌ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ یاساییه‌کان نه‌وتی ناردووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام له‌مه‌ودوا نابێت هه‌رێم به‌ هێز یاخود له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕێککه‌وتنه‌ ناوخۆییه‌کان ئه‌و کاره‌ بکات."

دوای یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی سکاڵاکه‌ی حکومه‌تی عێراق له‌سه‌ر تورکیا له‌لایه‌ن ژووری ناوبژیوانی پاریسه‌وه‌، تورکیا ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستانی ڕاگرتووه‌، که‌ ماوه‌ی نزیکه‌ی ده‌ ساڵه‌ هه‌رێم بێ ڕه‌زامه‌ندی عێراق نه‌وته‌که‌ی ده‌فرۆشێت.

سه‌عد مه‌تڵه‌بی، له‌باره‌ی ڕێگه‌دانی حکومه‌تی عێراق به‌ هه‌رێمی کوردستان تا هاوشێوه‌ی ڕابردوو نه‌وته‌که‌ی سه‌ربه‌خۆیانه‌ بفرۆشێت، وتی"گه‌ر یاسای نه‌وت و غاز ده‌ربچێت و کێشه‌ی نه‌وت به‌ شێوه‌ی ریشه‌یی چاره‌سه‌ر کرا، هه‌رێم مافی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌ی سیاقه‌ یاسایی و ده‌ستورییه‌کاندا، نه‌ک به‌هێز یاخود به‌کارهێنانی په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕێککه‌وتنه‌ ناوخۆییه‌کان."

ژماره‌یه‌ک کۆمپانیای ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ ده‌رهێنان و به‌ بازاڕکردنی نه‌وتی هه‌رێم گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌، به‌ بێ ڕه‌زامه‌ندی حکومه‌تی عێراق، بۆیه‌ چاره‌نوسی ئه‌و کۆمپانیایانه‌ گرێدراوه‌ به‌ ئاراسته‌ی گفتووگۆکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.

سه‌عد مه‌تڵه‌بی له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت"گه‌ر گرێبه‌سته‌کان یاسایی بن، کێشه‌یان تێدا نیه‌ و ده‌برێنه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وت، به‌ڵام گه‌ر نایاسایی بن و له‌گه‌ڵ ده‌ستور نه‌گونجێن، ئه‌مه‌ شتێکی تره‌، ئێمه‌ جۆری سه‌رپێچییه‌کان له‌مه‌سه‌له‌ی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکان نازانین، به‌بێ زانینی جۆری سه‌رپێچییه‌کان، چاره‌سه‌ره‌کانیش نازانین."

وه‌فدی هه‌رێم و به‌غدا به‌رده‌وام سه‌رقاڵی گفتووگۆ و دانوستانن، بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و گرفتانه‌ی دوای بڕیاره‌که‌ی دادگای پاریس هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌ و بوونه‌ته‌ هۆی ڕاگرتنی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم.

سه‌رکرده‌که‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا پێیوایه‌، بڕیاره‌که‌ی دادگای پاریسی تایبه‌ت به‌ نه‌وتی هه‌رێم، که‌شێکی ئه‌رێنی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێککه‌وتن و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان به‌ڕێگه‌ی نوێ.

مه‌تڵه‌بی ده‌ڵێت "له‌گه‌ڵ بوونی نیه‌تی ڕاستگۆیانه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، دۆخه‌که‌ گونجاوه‌ بۆ چاره‌سه‌ر."

له‌ کۆتایی قسه‌کانیدا بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا، سه‌عد مه‌تڵه‌بی سه‌رکرده‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا ڕوونیکرده‌وه‌، هه‌موو ساڵێک پشکی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عێراق دیاری ده‌کرێت، به‌ڵام دابینکردنی ئه‌م پشکه‌ گرفتی له‌ پێش بووه‌ و کوتله‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌کان ناڕازی بوون، چونکه‌ هه‌رێم له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستور و یاسا نه‌وتی فرۆشتووه‌، وتی"گه‌ر به‌غدا و هه‌رێم بگه‌نه‌ ڕێککه‌وتن ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت."