سەرۆکی عێراق یاسای بودجەی گشتی پەسەند دەکات

ئۆفیسی سەرۆکایەتی کۆماری عێڕاق ڕادەگەیەنێت ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی وڵاتەکە یاسیای بودجەی گشتی پەسەند کرد.

لە ڕاگەیاندنەکەی ئۆفیسی سەرۆکایەتیدا هاتووە سەرۆک کۆماری عێراق دکتۆر لەتیف ڕەشید جەختی لەوە کردەوە "پەسەندکردنی بودجە خاڵێکی وەرچەرخانە بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت کە دابینکردنی پێویستەکانی هاووڵاتیان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری و دەستپێکردنی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژییەکان دەگرێتەوە کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر واقیعی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان دەبێت."

ڕۆژی 12 ی مانگی شەش پاش مشتومڕێکی زۆر لە پەرلەمانی عێڕاقدا، ئەنجومەنی نوێنەران پرۆژە یاسای بودجەی گشتی بە بڕی 253 ملیار دۆلار بۆ 2023،2024 و 2025 پەسەند کرد.

بەپێی ئەو بودجەیە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل لە کوردستانەوە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت، داهاتەکەی دەچێتە سەر هەژمارێکی بانکی ناوەندی کە بەغدا چاودێری دەکات.

هاوکات 12.7%ی بودجەی گشتی عێراق بۆ کوردستان دەچێت.

زۆربەی خەرجییەکان لە ڕێگەی هەناردەکردنی وزەوە دابین دەکرێن، بەڵام شارەزایان هۆشدارییان داوەتە عێراق کە دەبێت خۆی لە زیادەڕۆیی لە پشتبەستن بە نەوت بە دووربگرێت.