سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی سووتاندنی قورئان لە سوید دەکات

پاش ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان هاووڵاتیەکی عێراقی لە سوید قورئانی لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکۆڵم سووتاند حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە سەرکۆنەی ئەو کردارەی کرد.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە تویتێکدا دەڵێت "سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەکەم. داواکارم هەموو کتێبە ئاسمانییە پیرۆزەکان رێزلێگیراوبن لە هەموو شوێنێک و رێگە بگیرێت لە تێکدانی پێکەوەژیان."

پێشتر عێراق ئیدانەی بڕیارەکەی دەسەڵاتدارانی سویدی کرد بۆ پێدانی مۆڵەت بە "توندڕەوێک" بۆ سووتاندنی قورئان.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەغدا ڕایگەیاند "ئەم ڕووداوانە هەستی توڕبوون لە نێو موسڵمانان لە سەرانسەری جیهاندا دروست دەکات و بە شێوەیەکی مەترسیدار دەبێتە هۆی هاندانیان."

موقتەدا سەدر، کەسایەتی ئاینی کاریگەری شیعەکانیش لە عێراق داوای کرد خۆپیشاندان لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا ئەنجام بدرێت و داوای دوورخستنەوەی باڵیۆزەکەی کرد، بە تۆمەتی ئەوەی دەوڵەتەکەی "دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسلام"دا دەکات.

ڕۆژی چوارشەممە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان بە ئامادەبوونی پۆلیسێکی زۆر، سەلوان مۆمیکا، گەنجێکی عێراقی تەمەن 37 ساڵ کە چەند ساڵێک لەمەوبەر بەرەو سوید هەڵاتووە، لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکۆڵم قورئانی خستە ژێر پێی وە پاشان چەند لاپەڕەیەکی لێی سوتاند.

پۆلیس لە پایتەختی سوید مۆڵەتی ناڕەزایەتی دەربڕینی پێدابوو لە چوارچێوەی ئازادی ڕادەربڕین، بەڵام دواتر ڕایگەیاندبوو کە دۆسێی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵیدا دەستپێکردووە لەسەر "ئاژاوەگێڕی".