وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ یەکشممە بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیم ناردووە بۆ لای ئەو ئەندامەی داواکاری گشتی کە سکاڵای لەسەر شێروان شێروانی تۆمارکرد و بەو هۆیەوە حوکمدرا.
بەپێی وتەی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەندامەکەی داواکاری گشتی وتوویەتی، پێموانەبووە شێروان ئەو سزا قورسە بدرێت و پێشبینیم کردووە لە 3 مانگ بۆ 6 مانگ زیندانیکردن زیاتر سزا نەدرێت.
کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "بەڕێوەبەرەکەی چاکسازی کۆمەڵایەتی بە نوێنەرەکەی داواکاری گشتی وتووە، دەبووایە کاتی خۆی سکاڵاکەت بکێشایەتەوە و بە شێوەیەکی تر چارەسەری کێشەکەت کردبا، بەڵام ئەو وتوویەتی پێموانەبووە ئەم سزا قورسە بدرێت."
رۆژی پێنجشەممە، دادگای هەولێر سزای 4 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر رۆژنامەنوس شێروان شێروانیدا سەپاند، بەتۆمەتی ساختەکردنی پەنجە مۆری هاوڕێ گیراوەکانی، لەکاتێکدا هاوڕێکانی دەڵێن ئەوکارەی بەڕەزامەندی خۆیان ئەنجامداوە، بەمپێیە ئەو ڕۆژنامەنوسە کە نزیکەی 4 ساڵی لە زینداندا بەسەربردووە، بۆ ماوەی 4 ساڵی تر لەزینداندا دەهێڵرێتەوە.
دوای سزادانی شێروان شێروانی بۆ ماوەی 4 ساڵیتر، هێرشکرایە سەر وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزیرەکەی. ئەوان تۆمەتبارکران بەوەی ئەوان سکاڵا یاساییەکەیان تۆمارکردووە کە بووەتە هۆی دووبارە سزادانەوەی شێروان شێروانی.
کوێستان محەمەد، وتی "ئەو هێرشە بە ئامانج گرتنی من و بزووتنەوەی گۆڕانبوو، یاخود لە ناشارەزاییەوە بوو، ئەگینا سکاڵاکە داواکاری گشتی جوڵاندوویەتی نەک ئێمە، خۆم رۆیشتمە گرتووخانەی چاکسازی و پێموتن، ئەم بابەتە گەورە مەکەن و سکاڵاش تۆمار مەکەن، بەڕێوەبەرەکەشمان بە داواکاری گشتی وتبوو ئەو بابەتە بکێشەوە، بەڵام بەقسەی نەکردبوو، بۆیە مەسەلەکە دوورونزیک پەیوەندی بە ئێمەوە نەبوو."
هەروەها وتیشی"کاتێک داواکاری گشتی سکاڵای لەسەر شێروان شێروانی تۆمار کرد، لە خەڵکی یاساییم پرسی و وتیان، سکاڵاکە سزای تێدا نابێت و شێروان لێی دەردەچێت. ئەمڕۆ بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیم ناردە لای داواکاری گشتی، داواکاری گشتی وتوویەتی کاتێک سکاڵام تۆمار کردووە لەسەر شێروان، نەمزانیووە ئەو سزا قورسە دەدرێت، پێموابووە لە سێ تا 6 مانگ زیاتر حوکم نادرێت، بەڕێوەبەرەکەش پێیوتووە کاتی خۆی داواملێکردی سکاڵاکە بکێشیتەوەو کێشەکە بەشێوەیەکی تر چارەسەر بکەیت، بەقسەت نەکردم."
دوای سزادانەوەی شێروان شێروانی بۆ ماوەی چوار ساڵی تر، گردبوونەوەو ناڕەزایەتی رۆژنامەنوسان لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم سەریهەڵداوە، ئەوان دەڵێن سزادانەوەی شێروان شێروانی سیاسییە نەک یاسایی.
وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی وتی "ئەمڕۆ یەکشەممە، نوسراوم بۆ داواکاری گشتی کردووە، جەختمکردووەتەوە ئێمە سکاڵامان نییە، ئەو یاساییەشی قسەیکردووە قسەکانی گوزارشت لە ڕای ئێمە ناکات، داواکاری گشتی نوێنەرەکەتان بانگبکەن با ڕوونکردنەوەتان پێبدات، چونکە ئەم سزایە لەگەڵ یاساکە یەکناگرێتەوە."
لە ڕۆژی پێنجشەممە، لەکاتی دادگایی کردنی شێروان شێروانیدا، یاساناسێکی سەربە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە دادگا ئامادە بووەو بەناوی وەزارەتەکەوە لە دژی ئەو ڕۆژنامەنوسە وتەی لێوەرگیراوە.
کوێستان محەمەد وتی "ئەو یاساییە بێ پرسی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی کۆمەڵێک قسەیکردووە، بۆیە ئەمڕۆ قورسترین سزامدا، چونکە بۆی نییە بەناوی وەزارەتەوە قسە بکات، لەکاتێکدا ئێمە بێ ئاگابووین."
بە پێی وتەی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، گرتووخانەکانی چاکسازی تەنها لەڕووی کارگێڕی و ئیدارییەوە سەربە وەزارەتەکەیانن، ئەگینا کاروبارە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندی بە داواکاری گشتییەوە هەیە، کە لە هەر گرتووخانەیەک نوێنەرێکیان هەیە.
لە هەرێمی کوردستاندا 6 گرتووخانەی چاکسازی هەن، کە نزیکەی پێنج هەزار کەس لەو گرتووخانانەدا زیندانیکراون و گرتووخانەکان لەلایەن وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتییەوە بەڕێوەدەبرێن.
بەشێکی زۆر لە سزادراوەکان چاوەڕوانی لێبوردنی گشتی بوون کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بۆیان دەربکرێت، بەڵام بە نادەستوری ناساندنی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە سزادراوەکانی نائومێد کرد.
کوێستان محەمەد ڕوونیکردەوە، دوو جۆر لێبوردن هەیە، لێبوردنی تایبەت لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە و بۆ ژمارەیەکی کەم زیندانیکراو دەردەکرێت، بەڵام لێبوردنی گشتی لەلایەن پەرلەمانەوە دەردەکرێت و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە مەرجەکانی لێبوردن دەیانگرێتەوە.
ئەو وتیشی" لە ئەنجومەنی وەزیران لیژنە پێکهێنراو پرۆژە یاسایەک ڕەوانەی پەرلەمان کرا، پەرلەمان خۆشی پرۆژە یاسایەکی بۆ لێبوردن ئامادەکردبوو، وا بڕیاربوو سەرەتای ئەمساڵ دوو پرۆژەکە یەکبخرێن و بکرێتە یاسا، بەڵام گرژیەکان وایانکرد پەرلەمان وەکو پێویست کۆنەبێتەوە، بۆیە لێبوردنی گشتی دەکەوێتە خولی داهاتووی پەرلەمان."