تورکیا 145 کەس بە گومانی پەیوەندیان بە پەکەکەوە دەستگیردەکات

میدیاکانی دەوڵەتی تورکیا ڕۆژی سێشەممە بڵاویانکردەوە، پۆلیسی تورکیا نزیکەی 145 کەسی لە سەرتاسەری وڵات دەستگیرکردووە کە گومانیان لێدەکرێت پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ەوە هەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی پەکەکە بەرپرسیارێتی هێرشە خۆکوژییەکەی بەردەم بارەگای وەزارەتی ناوخۆی تورکیای لە ئەنکەرە ڕاگەیاند.

بەرە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە دوو هێرشبەر بۆمبێکییان لە بەردەم بارەگای وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ئەنکەرە تەقاندەوە، لە ئەنجامدا هەردوو هێرشبەرەکە کوژران و دوو ئەفسەری پۆلیسیش بریندار بوون و پارتی کرێکارانی کوردستانیش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.

ئەمەش ببینە تورکیا لە عێراق وەڵامی هێرشە خۆکوژییەکەی ناو ئەنکەرە دەداتەوە

دواتر تورکیا هێرشی ئاسمانی کردە سەر ئامانجە چەکدارەکان لە باکوری عێراق و چەندین گومانلێکراوی لە ئەستەنبوڵ دەستبەسەر کرد.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕۆژی سێشەممە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، 466 ئۆپەراسیۆن لە دژی "یەکەکانی هەواڵگری" پەکەکە لە سەرانسەری وڵاتدا ئەنجام دراون. ئاماژەی بەوەشکرد، لە 16پارێزگادا 55 تۆمەتبار دەستگیرکراون.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز