لێکدانەوەکان سەبارەت بە هێرشەکەی پەکەکە بۆ سەر ئەنکەرە

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باڵی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە ئاشکرا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی سەر باڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ئەنقەرە ڕاگەیاند. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە، ئەوە کاری تیمێکی "گیانبەخشی کەتیبەی نەمران" سەر بە (هەپەگە) بووە لە تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی ئەندامەکانی.

هێرشەکەی لە یەکی مانگی دە لە کاتی کردنەوەی پەرلەمانی نوێی تورکیا کرایە سەر باڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆی ئەنجام درا و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان تیایدا بەشداری دەکرد، وەک پەیامێک بۆ دەوڵەتی تورکیا لێکدەدرێتەوە کە ئەوان " هەپەگە" دەتوانن بگەنە ئەو شوێنانەی کە بیانەوێت.

بەڵام وەڵامی دوو پرسیاری گەورە هاوسەنگییەکە دەگۆڕێت

١- ئایا ئەنجاماکانی ئەم پەیامە لە وەڵامی بەهێزی چاوەڕوانکراو لەلایەن دەوڵەتەوە، کاریگەرتر دەبێت؟

٢ - ئایا (هەپەگە) یان هەر ڕێکخراوێکی تر لەژێر چەتری تاڤگەری ئازادی کوردستان، دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر ئەم جۆرە کارانە و دروستکردنی کێشە ئاسایشییەکان لە ناو شارەکانی تورکیادا؟

پەیامەکە چۆن گەیشت و چۆن لێکدانەوەی بۆ کرا؟

ڕەمزی کارتال، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل، ئەنجومەنی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) دەڵێت، لە تورکیا "هەموو شتێک بەدەست لەشکرە و ئەردۆغان دەوڵەتی تەسلیمی لەشکر کردووە" . لەشکریش پڕوپاگەندە دەکات و دەڵێت کە زۆر بەهێزە. بۆیە پێویستە هەموومان هێرشی ئەنقەرە بەم شێوەیە لێکبدەینەوە کە "پەیامێکە بۆ هەموو جیهان کە پڕوپاگەندەی دەوڵەتی تورک درۆیە و ناوەرۆکەکەی بەتاڵە"

لە یەکەم ڕۆژی تەقینەوەکەی ئەنقەرەوە، سوپای تورکیا دەیان هێرشی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و فڕۆکەی جەنگی بۆ سەر چەند ئامانجێک لە هەرێمی کوردستانی عێراق و ناوچە کوردییەکانی سوریا ئەنجامداوە و چاودێران پێشبینی بەردەوامی ئەم جۆرە هێرشانەی تورکیا بۆ ماوەیەکی درێژ دەکەن.

لە بەیاننامەیەکی هەپەگەدا هاتووە کە "ئەگەر ڕژێمی ئاکەپە/مەهەپە دەست لە تاوانە جینۆساید و فاشیستەکانی هەڵنەگرێت، چالاکییە ڕەواکان بە مەبەست و مانای دادپەروەری شۆڕشگێڕانە بەردەوام دەبن." بەڵام ئالی کەمال ئۆزجان، پرۆفیسۆری کۆمەڵناسی لە زانکۆی مونزور لە دێرسیم دەڵێت، "تەنها دەسەڵاتی سیاسی لە توندوتیژی قازانج دەکات بە ڕێگای بەدەستهێنانی پشتیوانی نژادپەرستەکان." هەر هێرشێک، هەر کوشتنێک، هەر تەقەیەک لە تورکیادا ڕێگای ئیمراڵ دەدەخات."

پەکەکە دەڵێت، ئەگەر دەوڵەت "دان بە گەلی کوردا بنێت" ، ئامادەیە بە سیاسەت و دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام دەوڵەت دەڵێت نەک پرسی کورد بەڵکۆ پرسی تیرۆر لە تورکیادا هەیە. بەپێچەوانەوە، ڕەمزی کارتال دەڵێت، "دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بە چەک و هێز پرسی کورد تێکبشکێنێت" و ئەمەش وەڵام بوو بۆ پەیامی ئاشتی ئۆجەلان، کاتێک وتی "ئەگەر چارەسەرەکە قبوڵ بکەن، من لە هەفتەیەکدا چارەسەری دەکەم."

شەڕی سەردەمی درۆنەکان چۆن دەکرێت؟

ئەوانەی چالاکییە چەکدارییەکان لە تورکیا بە کاری ڕەوا دەزانن، دەڵێن، هێرشەکەی ئەنکەرە وەڵامێکی لۆژیکییە بۆ سیاسەتە توندەکانی ئەنکەرە بەرامبەر بە کورد. کارتال دەڵێت "تەنها یەک ڕێگا هەیە بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت، ئەویش گەلی کورد دەبێت شەڕ بکات. حکومەت هەر سیاسەتێک پەیڕەو بکات، پێویستە گەلی کورد بە هەموو شێوەیەک خۆی بپارێزێت، هەپەگە مافی خۆیەتی چالاکییەکانی دژی دەوڵەتی تورکیا ئەنجام بدات."

دکتۆر جەبار قادر، شارەزای مێژوو و سیاسەتی تورکیا دەڵێت، کاتێك لە ژێر فشارێکی بەهەمان شێوەی فشاری تورکیادا خەڵک بکوژرێن، "بەدڵنیاییەوە بیر لە هەندێک کردار دەکرێتەوە کە بە دڵی هەموو لایەنەکان نابێ." بەڵام ئەو پێیوایە ئەگەر چی پەلاماری خۆکوژی ئەنکەرە لە شوێنێکی گرنگ و زۆر پارێزراو بووبێت، بەڵام بێ ئەنجام بوو، زیانەکانی زیاتر بوون." دکتۆر جەبار گوتی، بەم جۆرە هێرشانە "دەوڵەتی تورکیا لەناوناچێت."

ماوەی چەند ساڵێکە سوپای تورکیا شەڕی خۆی لە دژی پەکەکە و گروپە سەر بە پەکەکە لە ڕێگەی هێرشی فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چڕکردووەتەوە. کەسیش ناتوانێت کاریگەرییەکانیان کەم بکاتەوە، چ لە ڕووی لێدانی ئامانجەکانیان یانیش زیانگەیاندن بەو ئامانجانە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییەش، دکتۆر جەبار دەڵێت، "نابێت ئەو ڕێکخراوانەی کە شەڕی چەکداری دەکەن بە هەمان شێوازی پێش سەردەمی شەڕی درۆن و تەکنەلۆژیای نوێ بیر بکەنەوە، پێویستە ستراتیژی خۆیان بگۆڕن. چونکە بە بۆچۆنی ئەو کردەوەیەکی وەک تەقینەوەی ئەنکەرە "هاوسەنگیەکان ناگۆڕێت."

ئۆجەلان: بیانوو یان ئامانج؟

هەوڵەکانی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیادا لە ڕێگەی دیالۆگی سیاسی سەرنەکەوتن. دوای دوو ساڵ لە پرۆسەی ئاشتی کە بە دەستپێشخەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ساڵی ٢٠١٣ دەستیپێکرد، حکومەتی تورکیا یاسایەکی نوێی دژە تیرۆری دەرکرد و ئۆپەراسیۆنەکانی دژی کورد چڕترکردەوە.

چوار ساڵ لەمەوبەر ئۆجەلان بانگەوازێکی نوێی بۆ ئاشتی کرد. پرۆفسۆر ئاڵی کەمال ئۆزجان کە لە سەردانەکەیدا بۆ زیندانی ئیمرال پەیامەکەی وەرگرتبوو، لە ڕۆژی نەورۆزدا بانگەوازی ئاشتی ئۆجەلانی گەیاندە گەل. بە وتەی پرۆفسۆر ئۆزجان، ئۆجلان گوتبوو، توندوتیژی هیچ سوودێکی نییە تەنها حکومەت قازانجی لێ وەردەگرێت. با چەکەکان بوەستن، بێدەنگ بن، و سیاسەت جێگای بگرێ." هەر بۆیە پڕۆفیسۆر ئۆزجان پێی وایە هێرشی ئەنقەرە "کارێکی بابەتیانە – ئۆبجەکتیڤ - نەبووە، بەڵکو دوژمنایەتی ئۆجەلان بووە." پەیامی ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردووە "بەو مانایە یە، با ئۆجەلان لە ناو زیندانەکەیدا بمرێت." پرفسۆر ئاڵی دەیەوێت بڵێت، ڕێکخراوەکانی ژێرسێبەری پەکەکە بە قسەی سەرکردەکەیان ناکەن و "ئۆپەراسیۆن بە بۆمب و هێرش، سیاسەتی ئۆجەلان نییە."

بەڵام خوێندنەوەی ڕەمزی کارتال بۆ پەیام و دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی ئۆجەلان، جیاوازە و دەڵێت "قسەی ئۆجەلان بۆ دەوڵەتە نەک بۆ پەکەکە. دەوڵەت چارەسەری نایەوێت. ئۆجەلان بە دەوڵەت دەڵێت کێشەی کورد بە چەک چارەسەر ناکرێت و شەر چەند درێژە بکێشێت بۆ دەوڵەت و گەلی تورکیا خراپە. ئەگەر چارەسەری پێتان پەسەند بێت، لە هەفتەیەکدا چارەسەری دەکەم."

بە بڕوای سیاسەتمەدارانی کورد، چارەسەر ئەوەیە کە دەوڵەت ڕێگای سیاسی بۆ کورد بکاتەوە و دان بە بوون و مافی گەلی کورددا بنێت، لەو کاتەدا کارتال دەڵێت "پێویست بە کردەوەی چەکداری ناکات."