بلینکن و ناتانیاهۆ داوای هەڵوێستی "ڕوونی ئەخلاقی" دەکەن بۆ ئیدانەکردنی حەماس

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، داوایان لە وڵاتانی جیهان کرد هێرشە لەناکاوە کوشندەکانی گرووپی چەکداری حەماس ئیدانە بکەن و دەڵێن ئەمە ساتێکە بۆ دەربڕینی هەڵوێستێی "ڕوونی ئەخلاقی"تان.

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕۆژی پێنجشەممە لە تەلئەبیب، نەتانیاهۆ سوپاسی بلینکینی کرد کە لە ناوەندی ئەو شەڕەدا سەردانی ئیسرائیلی کردووە و پشتگیری ئەمەریکای دەربڕیوە لە کاتێکدا زیاتر لە هەزار ئیسرائیلی لەو هێرشانەدا کوژراون.

نەتانیاهۆ گوتیشی، "سووتاندنی مرۆڤەکان بە زیندووی، سەربڕین، ڕفاندنی کوڕێکی گەنج نەک هەر ڕفاندن، دەستدرێژیکردن، ئازاردان، بەڵکو هێرش و نمایشی خۆشحاڵی دەربڕین بەوهۆیەوە، ئاهەنگگێڕان و شکۆمەندکردنی خراپەکاری. سەرۆک بایدن بە تەواوی ڕاست بوو کە ئەم شتەی بە بەدکارییەکی تەواو ناوبرد."

بلینکن کە ڕۆژێک پێشتر گەیشتە ئەوێ گوتی لەم کاتە گرنگەدا وەک کەسێکی جوو وەک هاوسەرێک و باوکێک هاتووەتە ئیسرائیل.

بلینکن گوتی " گوێتان لە سەرۆک وەزیران بوو کە دەڵێت دەبێت ئەمە ساتێک بێت بۆ هەڵوێستی ڕوونی ئەخلاقی. شکستهێنان لە ئیدانەکردنی تیرۆر بێ دوو دڵی، نەک تەنها خەڵک لە ئیسرائیل، بەڵکو خەڵکی لە هەموو شوێنێک دەخاتە مەترسییەوە."

بلینکن وتیشی هێرشەکانی حەماس کاریگەری لەسەر هەموو جیهان هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد "سەیری ئەوە بکەن کە ڕوویداوە... هاووڵاتیانی 36 وڵات لەو هێرشە قێزەونانەدا کوژراون یان بێسەروشوێن بوون. ئەوروپا، ئاسیا، ئافریکا، ئەمەریکا، هیچ ناوچەیەک لە دەستی خوێناوی حەماس ڕزگاری نەبووە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هێرشەکاندا 25 ئەمەریکایی کوژراون و ڕەنگە ئەو ژمارەیە زیاتریش بێت. ناوبراو لە ناوچەکەدا وتووێژ دەکات سەبارەت بە چۆنیەتی سەرکەوتن لە ئازادکردنی نزیکەی 150 بارمتە کە لەلایەن حەماسەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

سەردانەکەی بلینکن بۆ ئیسرائیل یەکەم قۆناغە لەوەی پێشبینی دەکرێت فشارێکی دیپلۆماسی بێت بۆ چەند وڵاتێک بۆ ڕێگریکردن تەشەنەسەندنی توندوتیژییەکان بۆ وڵاتانی دیکە. دواتر ڕۆژی پێنجشەممە بەرەو عەممانی پایتەختی ئوردن دەڕوات و لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردن کۆدەبێتەوە.

هەروەها بڕیارە بلینکن ڕۆژی هەینی لەگەڵ هەردوو سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین مەحمود عەباس و عەبدوڵا لە ئوردن کۆببێتەوە. بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، بلینکن ڕۆژی هەینی گەشتێکیش دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر کۆببێتەوە.

پلانەکان هێشتا لە گۆڕاندان، بەڵام ڕەنگە بلینکن سەردانی سعودیە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش بکات. چاوەڕوان دەکرێت دانوستاندن لەسەر دامەزراندنی ڕێڕەوێکی مرۆیی ئەنجام بدات بۆ ئەوەی نزیکەی دوو ملیۆن مەدەنی فەلەستینی کە لە غەززە گیریان خواردووە بتوانن بە سەلامەتی بڕۆن لە کاتێکدا ئیسرائیل هەوڵدەدات توانای کارکردنی حەماس لەوێ لەناوببات.

بلینکن گوتی "ئیسرائیل مافی خۆیەتی، بەڕاستی ئەرکی خۆیەتی، بەرگری لە خۆی بکات. ئیسرائیل چۆن ئەمە دەکات، گرنگە. ئێمەی سیستمی دیموکراسی بە دانانی بەها بۆ ژیانی مرۆڤ خۆمان لە تیرۆریستان جیا دەکەینەوە. بۆیە، گرنگە هەموو ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی بگرینەبەر. ئێمە دڵگرانین بە لەدەستدانی ژیانی هەموو کەسێک."