بلینکن دەڵێت کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعودیە بەرهەمدار بووە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کۆبوونەوەیەکی "بەرهەمداری" لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە لە ڕیاز ئەنجامداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە و واشنتنیش کاردەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعودیە محەمەد بن سەلمان جەختی کردەوە لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەوانە لابردنی گەمارۆکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.

وتیشی شازادەی جێنشین جەختی کردووەتە لەسەر پێویستی دۆزینەوەی ئاڕاستەیەک بەرەو ئاشتی بۆ دڵنیابوون لەوەی خەڵکی فەڵەستین مافە ڕەواکانیان بەدەستبهێنن و ئاشتییەکی دادپەروەرانە و درێژخایەن دەستەبەربکەن.

کۆبوونەوەکەی بلیکن لەگەڵ فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سعودیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە لێواری زیادبوونی گرژییەکاندایە لەگەڵ غەززە کە 2.3 ملیۆن فەڵەستینی تێدا نیشتەجێیە و خۆی بۆ هێرشە زەمینییەکانی ئیسرائیل ئامادە دەکات.

بلینکن فراوانترین گەشتی خۆی تا ئێستا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکردووە و لەگەڵ هاوپەیمانە عەرەبییەکاندا کاری کرد بۆ ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی شەڕەکە بەرەو جەنگێکی فراوانتر و هاوکاریکردن لە ئازادکردنی بارمتەکان کە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە ڕفێندراون.