ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند هێرشەکانی گروپی چەکداری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ڕەوایەتی بە "سزادانی بەکۆمەڵ"ی فەلەستینییەکان نادات و داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کرد.
گۆتێرێش لە وتارەکەیدا لە کۆڕبەندی ئابوری لە چین، ئیدانەی هێرشەکانی حەمەسی بۆ سەر ئیسرائیل کرد کە زیاتر لە 1300 کەسی تێدا کوژراوە و بە کرادرێکی تیرۆریستی ناودێری کرد بەڵام گوتیشی " ئەو هێرشانە ناتوانن پاساو بن بۆ سزادانی بەکۆمەڵ بۆ هاووڵاتیانی فەلەستینی."
گۆتێرێش داوای "ئاگربەستی مرۆیی دەستبەجێ"ی کرد لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، و داواکەی بۆ "دوو بانگەوازی مرۆیی بەپەلە" دووپاتکردەوە.
گۆتێرێش داوای لە حەماس کرد "دەستبەجێ و بە بێ مەرج هەموو بارمەتەکان ئازاد بکات" وەک ئاماژەیەک بەو بە لانیکەم 199کەسەی کە لەلایەن میلیشیاکانەوە لە کاتی هێرشەکانیاندا بۆ سەر ئیسرائیل ڕفێنرداون. ئەو هێرشەی حەماس لە ڕۆژی 7 ی مانگی دە بە کوشندەترین هێرش بۆ لە مێژووی ئیسرائیلدا دادەنرێت.
سەرچاوە: فرانس پرێس