نزیکەی 300 کەس لەلایەن پۆلیسی کۆنگرێسەوە دەستگیرکران، پاش ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە خۆپیشاندانێکی گەورە لەبەردەم کۆنگرێس ئەنجام درا و داوای کۆتاییهێنانیان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکرد.
بەشێک لە خۆپیشاندەران چوونە نێو باڵەخانەی کۆنگرێسەوە و پۆلیسیش پاش چەند کاتژمێرێک بڵاوی پێکردن.
خۆپیشاندەران زۆربەیان جوو بوون و پشتیوانیان لە فەلەستینییەکان دەکرد و دروشمی "ئاگربەست" ڕزگاری فەلەستین"یان دەگوتەوە.
پۆلیسی کۆنگرێس ڕایگەیاند " گروپێک لە خۆپیشاندەران لە ناو هۆڵی کانەن خۆپیشاندان دەکەن. خۆپیشاندەران ڕێگەیان پێنەدراوە بچنە نێو باڵەخانەی کۆنگرێسەوە."
هەروەها دەشڵێت ژمارەیەک کەس لەوێ دەستگیرکراون لەنێویاندا سێ کەس تۆمەتبارکراون بە هێرشکردنە سەر پۆلیس لە میانەی پرۆسەکەدا.
خۆپیشاندەران لەو گردبوونەوەیەدا کۆببونەوە کە لەلایەن دەنگی جووەکان بۆ ئاشتی ڕێکخرابوو و پاشنیوەڕۆ بە ڕێپێوانێک لە گۆڕەپانی نیشمانییەوە بەرەو بەردەم کۆنگرێس چوون. ناڕەزایەتی ناو هۆڵی کانەن نزیکەی کاتژمێر 2:30ی پاشنیوەڕۆ دەستیپێکرد. ڕێکخەران دەڵێن 300 بۆ 400 خۆپیشاندەران بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکەی نێو هۆڵی کانەن لە کۆنگرێس کردبوو.
گروپی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکە، دەنگی جووەکان بۆ ئاشتی، خۆی بە "گەورەترین ڕێکخراوی پێشکەوتنخوازی جووی دژە زایۆنیستی لە جیهاندا" وەسف دەکات.
ئەم خۆپیشاندانە لە کاتێکدایە ڕۆژی چوارشەممە سەرۆک بایدن لە ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و کابینەی جەنگی نەتانیاهۆ لە تەلئەڤیڤ کۆبووەوە و پشتیوانی ئەمەریکای بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە و گوتی "بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنتان. لە کاتێکدا کار دەکەن بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەتان، ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئێوە و هاوبەشەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتی زیاتر بەسەر هاووڵاتیانی مەدەنی بێتاوان".
نەتانیاهۆ ئەو تۆمەتانەی دووپاتکردەوە حەماس، کە کۆنترۆڵی کەرتی غەززەی لەدەستدایە و لە 7ی ئۆکتۆبەردا هێرشێکی کوشندەی لە ناوخۆی ئیسرائیل ئەنجامدا، بە ئەنقەست خەڵکی مەدەنی لە نزیک ئامانجەکان کۆدەکاتەوە تا وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریانبهێنێت.
بەڵام ناتانیاهۆ بە بایدنی گوت " لەگەڵ بەردەوامبوونمان لەم شەڕەدا، ئیسرائیل هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی مەدەنی لە زیانەکان دوور بخەنەوە."
دوای ئەوەی گروپی چەکداری حەماسی فەڵەستینییەکان لە حەوتی مانگی دە هێرشێکی کتوپڕی کوشندەی کردە سەر ئیسڕائیل و بەهۆی ئەو هێرشە زیاتر لە 1300 کەس لە ئیسڕائیل کوژران کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون.
لە تۆڵەی ئەو هێرشە، ئیسڕائیل بە بەردەوامی بۆردومانی غەزەی کردووە و بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 3000 فەڵەستینی کوژراون، نزیکەی 2.3 ملیۆن هاووڵاتیش ئاوارەبوون.