لەشکری ئیسرائیل دەڵێت بەشێک لە سەربازەکانی لە غەززە دەکشێنێتەوە

ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، بەشێک لە سەربازەکانی لە کەرتی غەززە دەکشێنێتەوە بۆ ڕاهێنان و پشوودان. وەک کاربەدەستان دەڵێن ئەم بڕیارە بەشێکە لە ئامادەکارییەکانیان بۆ شەڕێکی چەند مانگی لە دژی حەماس.

دانیال هاگاری، وتەبێژی لەشکری ئیسرائیل لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەوانان ڕایگەیاند، لەم هەفتەیەدا بەشێک لە هێزە یەدەگەکان دەگەڕێنەوە ئیسرائیل.

هاگاری گوتیشی "ئەمە بارگرانی لەسەر ئابوری بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە و ڕێگەیان پێدەدات هێز بۆ چالاکییەکانی داهاتوو لە ساڵی داهاتوودا کۆبکەنەوە، لە کاتێکدا شەڕ بەردەوام دەبێت."

ئیسرائیل لە ژێر فشاری ئەمەریکای هاوپەیمانی باڵای وڵاتەکەدایە، بۆ ئەوەی ئاستی چڕی ئۆپەراسیۆنەکانی کەمتر لە غەززە کەمتر بکاتەوە و هاووڵاتیانی سیڤیل بپارێزێت.

چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە ڕۆژی دووشەممە ژمارەیەکی زۆری موشەکیان هەڵدا و بووە هۆی لێدانی زەنگی ئاگادارکەرەوەی هێرشی ئاسمانی لە سەرانسەری ئیسرائیلدا.

هیچ هەواڵێک لەبارەی زیانی دارایی و گیانی بەهۆی موشەکانە بڵاو نەکراوەتەوە، کە حەماس بەردەوامە لە بەکارهێنانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە کاتێکدا هێزەکانی ئیسرائیل هێرشێکی فراوان بۆ لەناوبردنی حەماس لە غەززە بەڕێوەدەبەن.

چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە ڕۆژی دووشەممە بە ئۆپەراسیۆنی زەمینی و هێرشی ئاسمانی بەردەوام بوو، لە کاتێکدا هێزی لەشکری ئیسرائیل ڕایگەیاند هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی فەرماندەیەکی حەماس کە یارمەتیدەر بووە لە سەرکردایەتیکردنی ئەو چەکدارانەی کە بەرپرسیاربوون لە هێرشە تیرۆریستییەکەی 7ی ئۆکتۆبەر لە باشووری ئیسرائیل.

هێزی بەرگری ئیسرائیل ئەو سەرکردەیەی بە عادل مەسمەح ڕاگەیاندووە و دەڵێت هەروەها هاوکاریش بووە بۆ ڕێبەرایەتی کردنی چەکدارانی حەماس لە دژی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکەی ئیسرائیل.