یەکێتی و پارتی لەگەڵ دانانی پارێزگارێکی کورددان بۆ کەرکوک، عەرەبیش دەستبەرداری نابێت

Kirkuk

یەکێتی و پارتی جەخت لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دەکەنەوە، لەکاتێکدا عەرەبی سوننە ڕەتیدەکاتەوە دەستبەرداری ئەو پۆستە ببێت و تورکمانیش دەڵێت هێشتا تاوتوێی بارودۆخەکە دەکات.

ڕۆژی یەکشەممە، 4 ی مانگی 2 ی 2024، مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لەشاری سلێمانی کۆبوونەوە، بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی نێوانیان هاوڕابوون لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک.

جەنگی عزەدین، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێکەوەبوونی پارتی و یەکێتی گەرەنتی گێڕانەوەی ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوکە، گەر کورد پەرتەوازە بێت کەرکوک لەدەست دەدات."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی، عەرەبی سونە 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش تەنها کورسییە کۆتاکەی لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە بەدەستهێناوە.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی بەسەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و فازڵ میروانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە سلێمانی بەڕێوەچوو،دوای کۆبوونەوەی نێوانیان ڕایانگەیاند،"هەردوولا کۆکبووین لەم قۆناغەدا لە پێناو بەرژەوەندەی هاوڵاتیانی پارێزگای کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی شارو شارۆچکەکان."

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێتی و پارتی پۆستی پارێزگاری کەرکوک و کێشەکانی نێوانیان لە هەرێمی کوردستان بە پاکێجێک باسکردووە."

سەرچاوەکە وتیشی،"یەکێتی و پارتی لەسەر مەسەلەی کەرکوک گفتووگۆ لەگەڵ پێکهاتەکانی تری ئەو شارەدا دەکەن."

هەرچەندە ڕاگەیەنراوەکەی یەکێتی و پارتی جەختی لەسەر دیاریکردنی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک کردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەنەکردووە پارێزگاری داهاتوو لە یەکێک لەو دوو حزبە بێت یاخود کەسایەتییەکی کوردی بێ لایەن ببێتە کاندیدی هەردوولایان بۆ ئەو پۆستە.

کورد لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لەدەستداوە، لەوکاتەوە تا ئێستا پۆستەکە لەلایەن راکان جبوری کەسایەتی سیاسی عەرەبی سونەوە بەڕێوەدەبرێت.

دروشمی لایەنە کوردییەکان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، گێڕانەوەی باڵانسی هێزو بەدەستهێنانەوەی ئەو پۆستانەبوو کە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لەدەستیانداوە لەنێویاندا پۆستی پارێزگاری کەرکوک.

ئیسماعیل حەدیدی، کاندیدی هاوپەیمانی عەرەبی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عەرەبی سونە دەیەوێت پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لابمێنێتەوە، ڕاکان جبوریش چاوی لەبەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگارە."

ئەو وتیشی،"هیچ ڕێککەوتنێکی یەکلایی کەرەوە لەنێوان لایەنەکاندا ئەنجام نەدراوەو تەنها لێکتێگەیشتن هەیە، یەکێک لە پێشنیارەکانیش ئەوەبوو پۆستی پارێزگار دوو ساڵ لای کورد و دوو ساڵ لای عەرەب بێت."

هاوکات سەوسەن جەدوع، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام نەدرێت، قسە لەبارەی گفتووگۆی نێوان لایەنەکانەوە ناکەین."

ڕێکنەکەوتنی لایەن و پێکهاتەکانی کەرکوک لەسەر پۆستەکانی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاو یاریدەدەرەکانیان لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەینێ دووشەمە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات.