بێهیوایی دەنگدەران هۆکارێکە بۆ ڕێژەی کەمیی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا

کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە دەکات، بەڵام هێشتاش پرسە سەرەکییەکە لەوەدا نییە ئایا کێ هەڵدەبژێردرێت؛ بەڵکو لەوەدایە ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگداندا چەند دەبێت.

بێزاری و ناڕەزاییەکان لە ڕەوشی خراپی ئابوری، ساڵانێکی زۆری ناڕەزایی دەربڕین و پشێوی لەگەڵ جیهانی ڕۆژئاوادا بەهۆی بەرنامە ناوکییەکەی ئێرانەوە و هەروەها پشتیوانییەکانی تاران بۆ ڕوسیا لەو شەڕەی سەپاندویەتی بەسەر ئۆکرایندا؛ ئەمانە وەهایان کردووە خەڵک بە بێدەنگی بڵێن "لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ نادەن."

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران، داوایان لە خەڵک کردووە بەشداری لە دەنگدانەکەی ڕۆژی 1ی مانگی 3دا بکەن؛ بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە دامەزراوەی ڕاوەرگرتنی گشتی ئێران کە دامەزراوەیەکی سەر بە دەوڵەتە، هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەم هەڵبژاردنەی ڕۆژی هەینی بڵاونەکردۆتەوە سەبارەت بەو ڕێژەی بەشداریکردنەی چاوەڕوان دەکرێت لەم هەڵبژاردنەی ڕۆژی هەینیدا؛ لەگەڵ ئەوەشدا کە پێشتر، بەر لە هەڵبژاردنەکان ئەو دەزگایە پێشبینیکردنەکانی لەسەر ڕێژەی بەشداریکردنەکان بڵاودەکردەوە.

ئاژانسی دەنگوباسی ئەسیۆسێتد پرێس لەگەڵ 21 هاووڵاتی ئێرانیدا قسەی کردووە، لەو 21 کەسە تەنها پێنجیان وتوویانە دەنگ دەدەن؛ 13 کەسیش دەڵێن نەخێر بەشداری لە دەنگداندا ناکەن و سیانیشیان وتوویانە هێشتا بڕیاریان نەداوە بەشداری بکەن یان نەیکەن.

ئەمین، هاووڵاتییەکی تەمەن 21 ساڵە و خوێندکاری زانکۆیە و دەڵێت "تەنانەت ئەگەر ناڕەزایی دەرببڕم بەرامبەر هەندێک کەموکوڕی، ئەوا هێزی پۆلیس و کارمەندانی هێزە ئاسایشییەکان هەوڵدەدەن ڕێگەم لێبگرن."

ئەمین، نەیویستووە ناوی تەواوەتی خۆی بڵێت چونکە ترسی هەیە لەوەی تۆڵەی لێبکرێتەوە.
ئەمین دەڵێت "تەنانەت ئەگەر لە سوچی یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانیشدا لە برساندا بمرم، ئەوانە هیچ کاردانەوەیەکیان نابێت."

زیاتر لە 15 هەزار بەربژێر هەن بۆ پەرلەمانە 290 کورسییەکەی ئێران کە ناوە فەرمییەکەی "مەجلیسی شورای ئیسلامی"یە. خولی پەرلەمانی ئێران بۆ چوار ساڵە و پێنج کورسی پەرلەمانیش تەرخانە بۆ کەمایەتییە ئاینییەکانی وڵاتەکە.

بەپێی یاسا، پەرلەمان چاودێرە بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە و هەروەها پەسەندکردنی پەیماننامەکان و چەند ئەرکێکی تریشی لە ئەستۆیە؛ بەڵام لە ڕاستیدا دەسەڵاتی ڕەها لە ئێراندا لە دەستی ئایەتوڵا عەلی خامنەئیدایە، واتە ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران.

لەم 20 ساڵەی ڕابردوودا، توندڕەوانی ئێران کۆنترۆڵی مەجلیسی شورای ئێرانیان کردووە و زۆرجاریش لە هۆڵی پەرلەماندا دروشمی "مەرگ بۆ ئەمەریکا" دەڵێنەوە.

موحەمەد باقڕ قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانە و پێشتر ژەنەراڵێکی پاسدارانی شۆڕش بووە و لە ساڵی 1999دا پشتیوانی لە سەرکوتکردنە توندوتیژئامێزەکانی خوێندکارانی زانکۆی کردووە. قالیباف لە سەروەختی سەرۆکایەتییەکەیدا لە ساڵی 2020دا، گوڕی دا بە مەجلیسی شورا بۆ پەسەندکردنی ئەو بەرنوسەی بە شێوەیەکی بەرچاو هاوکارییەکانی ئێرانی کەمکردەوە لەگەڵ دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیی، سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەو هەنگاوەی ئێران دوابەدوای کشانەوە تاک لایەنەکەی ساڵی 2018ی ئەمەریکا بوو لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی زلهێزەکانی جیهان لەگەڵ ئێراندا مۆریان کردبوو لە ساڵی 2015دا. ئەو کشانەوەیە بە بڕیاری دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمەریکا بوو. ئەو بڕیاری کشانەوەیە، بووە مایەی ساڵانێکی پشێوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەهاش وەهای کرد ئێران ڕێژەی پێوانەیی تۆماربکات لە پیتاندنی یۆرانیۆمدا و گەیاندیە ئەو ئاستەی بەشی دروستکردنی چەند بۆمبێکی ناوکی سوتەمەنی هەبێت.

لەم ماویەی ڕابردووشدا مەجلیسی شورای ئێران سەنگیی خستە سەر بابەتە پەیوەنددارەکانەوە بە دۆسێی پۆشینی زۆرە ملێیی حیجابەوە؛ ئەم بابەتەش دوای گیان لە دەستدانەکەی ساڵی 2022ی ژینا ئەمینی بوو لە گرتوخانەیەکی پۆلیسدا.

مەرگی ژینا، بووە مایەی شەپۆلێکی ناڕەزایی دەربڕین لە سەرانسەری ئێراندا.

ئەو شەپۆلی ناڕەزاییە، بە خێرایی وەرچەرخا بۆ داوای ڕوخاندنی فەرمانڕەوایەتی ئاینیی لە ئێراندا.

دوای ئەو ڕەوشە کە لە ئێراندا بە "شۆڕشی ژینا" ناسراوە، هێزە ئاسایشییەکانی ڕژێمی ئێران دەستیان کرد بە بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی ئێران و لەو هەڵمەتەیاندا، زیاتر لە 500 هاووڵاتی ئێرانی کوژران و زیاتر لە 22 هەزار کەسیش دەستگیرکران.

داواکان بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا، زیادیان کردووە.
نێرگز موحەمەدی، چالاکوانی مافەکانی ژنان و خاوەن خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی کە ئێستا لە زیندانە، هەڵبژاردنەکانی ئێران بە "شەرمەزاری" ناودێر دەکات.

نێرگز، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی سەرکوتکردنە دڕندانەکانی و کوشتنی لاوان لەسەر شەقامەکان و سەپاندنی سزای لە سێدارەدان و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی ژنان و پیاوان؛ پێویستە سزای نیشتمانیانە بدرێت و لەسەر ئاستی جیهانیش شەرمەزار بکرێت."

داواکان بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردندا، حکومەتی ئێرانی خستۆتە ژێر فشارێکی نوێوە. لە شۆڕشە ئیسلامییەکەی ساڵی 1979وە، حکومەتە ئاینییەکەی ئێران، بەشێکی ڕەوایی دەسەڵاتی خۆی لە ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵکدا لە هەڵبژاردنەکاندا داناوە.

خامنەئی، ڕۆژی چوارشەممە بۆخۆی داوای لە خەڵک کرد تا بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن و بە "ئەرکێکی نیشتمانی"یش ناودێری کرد و دەشڵێت "هیچ هۆکارێک نییە تا بەشداری نەکەیت، بایکۆتکردنی هەڵبژاردن هیچ کێشەیەکی وڵاتەکە چارەسەر ناکات."

ئایەتوڵا خامنەئی دەڵێت " ئەوانەی بایەخ بە هەڵبژاردن نادەن و هانی خەڵکی تر دەدەن تا بەشداری نەکەن، دەبێت زیاتر بیربکەنەوە، چونکە لاوازیی هەڵبژاردن، زیانە لە هەمووان."

لە مانگی 10ی ڕابردوودا، دەزگا فەرمییەکەی ڕاوەرگرتنی گشتی لە ئێران، ڕای خەڵکی وەرگرتووە، بەڵام ئەنجامەکان ئاشکرا نەکران. هەندێک لە کەسایەتییەکانی بواری سیاسی و میدیاکان لە ئێراندا ئاماژەیان بەوە کردووە لەوانەیە ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا بگاتە لە سەدا 30.

لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2021ی سەرۆکایەتی ئێراندا، ئیبراهیم ڕەئیسی، هەڵبژاردنی بردەوە.
ڕەئیسی، یەکێکە لە توندڕەوانی ئێران.

لەو هەڵبژاردنەدا، ڕێژەی بەشداریکردن لە سەدا 49 بوو، ئەمەش کەمترین ڕێژەی بەشداریکردن بووە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێراندا، بەڵام چەندان ملیۆن کارتی دەنگدان ئەژمار نەکران و پێشدەچێت دەنگی ئەوانە بووبێتن کە ناچار کراون بچنە دەنگدان و ئەمانیش کارتی سپییان خستۆتە ناو سندوقەکانی دەنگدانەوە.

ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی 2019دا لە سەدا 42 بووە.

جیاواز لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە، هەر ڕۆژی هەینی دەنگدەرانی ئێران، دەنگیش دەدەن بۆ هەڵبژاردنی 88 ئەندامی ئەنجومەنی خوبرەگان، یان پسپۆڕان. خولی ئەندامێتی لەو ئەنجومەنەدا بۆ 8 ساڵە، یەکێک لە ئەرکەکانی ئەم ئەنجومەنە دەستنیشانکردنی ڕابەری باڵای داهاتووی کۆماری ئیسلامییە پاش ئایەتوڵا خامنەئی، کە ئێستا تەمەنی 84 ساڵە.

ڕێگە نەدراوە حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی پێشووی ئێران بەشداری بکات لەم پێشبڕکێی هەڵبژاردنەدا. ڕۆحانی تا ئەندازەیەک بە ڕیفۆرمخواز دادەنرێت و لە سەروەختی سەرۆکایەتییەکەیدا، ئێران ڕێککەوتنە ناوکییەکەی مۆرکرد لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا.

ژمارەیەک لەوانەی قسەیان بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ئەسیۆسێتد پرێس کردووە، دەڵێن "نەهامەتییە ئابورییەکان وەهایان کردووە خۆیان لە دەنگدان دورەپەرێز بگرن."

گرانی لە ئێران وەک ئاماژەی پێدەکرێت بە ڕێژەی لە سەدا 50 بەرزبووەتەوە، هەروەها ڕێژەی بێکارییش لەناو لاواندا نزیکەی لە سەدا 20ە.

هاشم ئامانی، میوەفرۆشە لە باشوری تاران و تەمەنی 55 ساڵە، دەڵێت "نەخێر دەنگ نادەم؛ لە ساڵی 2021دا دەنگمدا بە ڕەئیسی تا ببێتە سەرۆک، بەو هیوایەی خۆی و خەڵکی هاوشێوەی لە حکومەتدا بتوانن پێکەوە کار بکەن و ژیانێکی باشترم بۆ بڕەخسێنن، بەڵام ئەوەی بۆم کرا، گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی هەموو شتێک بوو."

مورتەزا، تەمەنی 53 ساڵە و شۆفێری تاکسییە، نەیویست ناوی تەواوی خۆی بدات چونکە ترسی هەبوو لەوەی تۆڵەی لێبکرێتەوە، دەڵێت "بۆچی دەنگ بدەم؟ پێشتر زۆر جار دەنگمداوە، بەڵام هێشتاش دەبێت پارەی خوێندنی هەر سێ کچەکەم بدەم، هێشتا کرێچیم و بەردەوامیش دەبێت ماڵم لە ناوچەیەکی هەژارنشینەوە بگوێزمەوە بۆ ناوچە هەژارترینەکان."

خەڵکی تریش هەن دەڵێن بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن، لەوانە مەرزیە موقەدەم تەمەن 42 ساڵ و دەنگدانیش بە ئەرکێکی ئاینی دادەنێت و جەختیش دەکاتەوە لەوەی وەک دەڵێت "وڵات پێویستی بە باشتر کردنی کلتوری ئیسلامییە، حیجاب بە نمونە."

هەرچۆنێک بێت، عەباس کازمی تەمەن 32 ساڵ و فەرمانبەر لە بانکی کۆن هۆکاری تری هەیە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا و دەڵێت "لە پێناو پاراستنی پەرلەمان لە کاریگەرییەکانی توندڕەوانی ئێرانی کە دەیان ساڵە کۆنترۆڵی مەجلیسی شورایان کردووە."

کازمی دەڵێت " پێویستە هەڵبژاردن بە زیندوویی بهێڵینەوە، ئەگەر نا، ئەوا توندڕەوان بۆ هەتا هەتایە لەناویدەبەن."