مونا قەهوەچی: لە پێناوی مانەوەمان لە هەرێم و ڕێزگرتن لە مافەکانمان پشتگیری پارتی دەکەین

مونا قەهوەچی ڕایدەگەیەنێت، هیچ کاتێک نایشارنەوە کە هاوپەیمانی پارتین و لە پێناو مانەوەیان لە هەرێم و ڕێزگرتن لە مافەکانیان پشتگیری پارتی دەکەن. دەشڵێت هەڵوێستەکانی پارتی هەمیشە نیشتمانین بۆیە پشتگیری بەیاننامەکەی ڕۆژی دووشەممەی مەکتەبی سیاسی پارتی دەکەن.

مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە هاوپەیمانی پارتین بە شانازیەوە و هیچ کاتێک ئەوەمان نەشاردۆتەوە نایشارینەوە، لە پێناوی مانەوەمان لە هەرێم و ڕێزگرتن لە مافەکانمان پشتگیری پارتی دەکەین."

وتیشی،" جگە لە پارتی هیچ لایەنێک لەسەر مافی ئێمە نەهاتە دەنگ، سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمڕۆی پارتی پێمان وایە هەمیشە هەڵوێستەکانی نیشتیمان پەروەرانە بووە و لە بەرژەوەندی هەرێم بووە، بۆیە پشتیگیری بەیانامەکەیان دەکەین."

ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024، وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە و هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

ڕۆژی دووشەممە، 18 ی مانگی 3 ی 2024، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند، هۆکارەکەی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە نایانەوێت بەشداربن لە پرۆسەیەکدا کە "نایاسایی، نادەستوری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراود بێت."

جگە لە پارتی، سۆسیالیت، 10 لایەنی تورکمانی و بەشێک لە مەسیحەکانیش بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانیان کردووە.

ئەکەد موراد، جێگری سەرۆکی یەکێتی ئەدیبان و نوسەرانی سریان لە عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی نا دەستوری بوو بەس بەناوی دەستورەوە بڕیاریاندا، ئێمە ئەگەر کۆتا نەبین چۆن دەتوانین بەشداری پرۆسەی سیاسی بکەین، کلدان، سریان، ئاشوری کە نەتەوەیەکی ڕەسەن و مێژووین، بەڵام لەبەر زروفی ناخۆش بووین بە کەمینە لە هەرێم، ئێمە بەشدار نابین لە هەڵبژاردندا."

وتیشی،" هەڵبژاردن پێدەچێت دوا بکەوێت، چونکە پارتی بەشێکی گەورەن لە هەرێم کە ئەوان بەشدار نەبن کەواتە رەنگە هەڵبژاردنەکە نەکرێت، پێدەچیت وەزعەکە ئاڵۆز بێت، ئەگەر هەڵبژاردنەکە بەم شێوەیە بکرێت کارێکی سەقەتە و زەرەرێکی گەورەیە."

ئەمە لە کاتێکدایە شەوی ڕابردوو یەکێتی ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی بڵاو کردەوە، لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە،" یەکێتی پابەندە بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی 10ی مانگی 6ی 2024 وەک ئەوەی بەڕێز سەرۆکی هەرێم بڕیاری لێداوە."

ئەمڕۆ شێشەممەش لە بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پەیوەستی یەکێتی بە وادەکەی کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن کراوەتەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی سنور کەریم