فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی بە "ئالۆز" وەسفکرد و لەسەر پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ڕایگەیاند دیاریکردنی خەرجی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بە 6 دۆلار "واقیعی نییە".
وەزیری دەرەوەی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوەی ئێمە تێیگەیشتووین، خەرجی دەرهێنان و بارکردنی نەوتی [هەرێمی کوردستان] دەگاتە 25 دۆلار...کۆمپانیاکان ئەوە قبوڵناکەت تۆ بێیت بەرمیلێک لە جیاتی ئەوەی نزیکی 25 دۆلاری پێبدەیت...تۆ 6 دۆلاری پێبدەیت."
وەزیری دەرەوەی عێراق، کە ئێستا بە سەردانێکی فەرمی لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکایە، داوای چارەسەرکردنی ئەم پرسەی لە نیوان هەولێر و بەغدا کرد "بە گۆڕینی یاسای بودجە." بەڵام لە هەمانکاتدا ئاماژەیدا بەوەی کە گۆڕانکاری لە یاسای بودجە لە ئێساتا ئالۆزبووە بەهۆی کێشەکانی ناو پەڕلەمانی عێراق دوای دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمان.
لە وەڵامی دەنگی ئەمەریکا، فوئاد حسێن وتی، "چارەسەرێکی تر بدۆزینەوە کە وەزارەتی نەوتی عێراق بگاتە ڕێککەوتنێکی کاتی لەگەڵ هەرێم تا ئەو کاتەی گۆڕانکاری لە یاساکەدا دەکرێت. وەزیری نەوتی [عێراق] لەگەڵ شاندی جەنابی سەرۆکوەزیران دێت بۆ [واشنتن]، وە دەرفەت زیاتر هەیە باسی بکەین لەگەڵیان."
لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتێکدایە کە دوێنێ، 25-3-2024، ساڵێک تێپەڕی بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دوای ئەوەی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس کەیسێکی یاسایی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق یەکلایی کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26-3-2024، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێت "بڕگە نادادپەروەرییەکانی یاسای بودجە" پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی زیاتر ئاڵۆز کردووە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەشڵێت، "حکومەتی هەرێم لە سونگەی نییەتپاکی و بۆ چارەسەکردنی کێشەکان بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵ کرد، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەک دیناری وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانێ شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بداتەوە."
بەگوێرەی دوایی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، ناسراو بە ئەپیکور، کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاوکرایەوە، راگرتنەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەماوەی ساڵێکدا 11 ملیار دۆلار زیانی لە عێراق داوە.
ئەپیکۆر لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، "بەردەوامیی راگرتنی هەناردەی نەوت بە ملیارەها دۆلار زیانی بە حكومەتی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت گەیاندووە."
بەڵام دوێنێ وەزارەتى نەوتی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکیدا هۆکاری دواکەوتنی هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی خستە ئەستۆی کۆمپانیا نەوتییەکان.
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت گرێبەستى نێوان کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان بێ رەزامەندیی حکومەتى فیدراڵی و وەزارەتى نەوت بوون و ئەو گرێبەستانە "بنەماى دەستوورى و یاسایی دروستیان نییە."