مەحمود عوسمان: هەر ئەوەندە ماوە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێک دەربکات و بڵێت هەرێمی کوردستان شەرعی نییە

مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری دیاری کورد، نیگەرانە لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق بەرامەبەر هەرێمی کوردستان و پێیوایە بڕیارەکان "زیانی زۆریان" بۆ قەوارەی هەرێم هەبووە, بە تایبەت بەهۆی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی.

مەحمود عوسمان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بە دڵنیایەوە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بە تەواوی قەوارەی هەرێمی کوردستانیان لاوازکردووە، چونکە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی نەهێشت و گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردن کرد و کۆتاکانی نەهێشت؛ هەر ئەوەندە ماوە بڕیارێک دەربکات و بڵێت هەرێمی کوردستان شەرعی نیە، چونکە لە کاتی سەدام دروستبووە."

پاش تەواوبوونی پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی داعش و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017، حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە لەدەستدانی دەستەڵاتی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، لە چەندین قۆناغی جیاوازدا دەستەڵاتەکانی بەرامبەر بەغدا لاوازبووە.

دیمەنی کۆبوونەوەیەکی دادگای فیدڕاڵی عێراق

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، دادگای فیدڕاڵی عێراق چەندین بڕیاری گرنگی لەسەر هەرێمی کوردستان داوە کە دیارترینیان بریتین لەمانە: لە ڕۆژی 15-2-2022 داگاکە بڕیاریدا بەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم و هەناردەی نەوتی هەرێم نادەستورییە؛ لە ڕۆژی 30-5-2023 بڕیاریدا بەوەی کە درێژکرنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستورییە؛ وە لە 24-9-2023 بە هەمانشێوە بڕیاری نادەستوری بوونی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی دا.

ڕۆژی 21-2-2024 دادگاکە لەسەر سکاڵای یەکێتی سەبارەت بە سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریدا کە 11 کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان نەمێنێت و ژمارەی کورسیەکانی بۆ 100 کورسی کەمکردەوە. هەروەها شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە گۆڕی بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن.

بەرپرسانی پارتی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییان بە "سیاسی" و بۆ "شکاندنی پارتی" ناوبردووە و سورن لەسەر ئەوەی بەشداری هەڵبژاردنی مانگی شەش نەکەن لە ئەگەری هەڵنەوەشاندنەوەی بڕیارەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3-4-20224، مەسعود بارزانی لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جنین پلاسخارت، سوربوونی حزبەکەی لەسەر هەڵوێستەکەی دەربڕی. بە گوێرەی ڕاگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، "بەپێویستی زانی لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفافدا كێشە تەكنیكیەكان چارەسەر بكرێن و لەژێر چاودێری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێت."

وێنەی کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، لەگەڵ جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق.

بەڵام پێچەوانەی پارتی، یەکێتی پشتگیری لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەکات لەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێم و دەڵێت دەبێت هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیاندا ئەنجام بدرێن.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشمانی کوردستان ڕۆژی 22ی مانگی سێ لە ڕاگەیاندێکدا پشتیوانی بۆ دادگای باڵا دەربڕی و گوتی "سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی سیستمی دیموکراسی و رەوتی حوکمڕانی وڵاتانی پێشکەوتوو. چەسپاندنی سەروەری یاسا و دادپەروەری لە پایەکانی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتین کە زامنی مافی هاووڵاتیان و کۆمەڵگەیە لە عیراق و هەرێمی کوردستان."

بە بڕوای مەحمود عوسمان، بەردەوامی کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕێگە خۆشدەکەن بۆ دەستێوەردانی زیاتری دەرەکی.

مەحمود عوسمان بە دەنگی ئەمەریکای وت، "خوێندنەوەی من بۆ کورد 20 ساڵ لەمەوپێش چۆنبوو ئێستاش بە هەمانشێوەیە و من وتوومە کورد نەگبەتە و دژی یەکن و ڕێکناکەون و یەکناگرن، ئەمەی کە ئێستا بەرۆکیانی گرتووە کێشەکان تەنها خۆیانن، چونکە گەر یەکگرتووبوونایە، نە دادگای فیدراڵ بڕیاری دەردەکرد نە بەغداش دەیتوانی دژی بوەستێتەوە، بەڵام ئێستا حکومەتی عێراق ئەم پەرتەوازەییەی پێخۆشە تا کوردستان لاواز دەربکەوێت."

مەحمود عوسمان لەبارەی بوونی دەستی دەرەکی لە هەڵبژاردنەکانەوە وتی، "دەستی دەرەکی لە نێو خۆی کوردستان و عێراقدا بە ئاشکرا بوونی هەیە؛ لەلایەن ئێران بە نمرەی یەکەم و دواتر دەستێوەردانەکانی تورکیا، بەڵام ئێران لە هەمووی زیاترە و لەم هەڵبژاردنەش بە هەمانشێوەیە."

دوێنێ، 2-4-2024، فازڵ بەشارەتی، سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند پارتی زانیاری وردی دەستکەوتووە کە تێیدا "دەستی دەرەکی" دەیەوێت دەستێوەردان بکات لە چۆنیەتی دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر لایەنەکاندا و دەڵێت "لە ئێستاوە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ لایەنەکان دیاریکراوە."

بەڵام وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەم زانیارییەی ڕەتکردەوە و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەم لێدوانانە سیاسین و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەشێک نییە لە ململانێ سیاسییەکان."

دیمەنی چەند کارمەندێکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کاتی کۆکردنەوەی چەند سندوقێکی دەنگدان لە شاری بەغدا لە ڕۆژی 21-12-2023.

بە بڕوای سیاسەتمەدار مەحمود عوسمان، سەرەڕای ئالۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، دەرفەت لە نێوان هەردوو لا هەیە بۆ گەیشتنە سازان و چارەسەر.

مەحمود عوسمان وتی، "پێدەچیت ئەوەی پارتی وتی بەشداری هەڵبژاردن ناکەم، گۆڕانکاری بهێنێتە ئاراوە و گرفتەکان بە ئاراستەی چارەسەر بچن، چونکە هەوڵێکی زۆری نێوخۆیی و دەرەکی هەیە بۆ ئەوەی هەموو لایەک بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن."

بەڵام دوای چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان دوو حزبە دەستەڵاتدارەکەی هەرێمیش، ڕوون نییە کە چارەنووسی پرسەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان لەگەڵ دادگای فیدڕاڵی عێراق بەرەو کوێ دەگەن.

دادگای باڵای فیدڕاڵی بەرزترین دەزگای دادوەرییە لە عێراق کە ئەرکی بریتییە لە شیکردنەوەی بڕگەکانی دەستور و بڕیاردان لەسەر دەستووری بوونی یاسا و ڕێساکان. بڕیارەکانی بە پێی ماددەی 94 ی دەستوور پابەندکەرن و ناتواندرێت تانەیان لێبدرێت.


دادگاکە لە 12 ئەندام پێکهاتووە کە بریتین لە سەرۆکی دادگا و جێگری سەرۆک و حەوت ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگ. ئەندامانی دادگاکە لەسەر بنەمای نەتەوە و مەزهەب و هاوشێوەی پۆستەکانی تری عێراق بەسەر حزب و لایەنە عێراقیەکاندا دابەشکراون. شیعە سەرۆکایەتی دادگاکە دەکات و زۆرینەیە.

لە ڕۆژی 12ی مانگی 3ی 2024، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا یەکێک لە دوو ئەندامە کوردەکانی دادگاکە دەستلەکارکیشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەو بڕیارانەی کە دادگای فیدراڵی دەیدات و بە گووتەی خۆی، "بڕیارەکانی دادگاکە دژی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵییە."

مەحمود عوسمان لەمبارەوە دەڵێت، "ئەم دادگایە دەستوری نییە کە لە دەستوردا هاتووە. دادگا دەستوریەکە ئەوەبوو کە نەتوانرا لە پەرلەمان لەبەر ڕێکنەبوونی لایەنەکان دروستبکرێت، بەڵام لەسەر یاسای زەمانی بڕێمەر دروستبووە و کوردیش خۆی دەنگی بۆداوە؛ ئەوەش هەڵەیەکی کوردە. ئەو دادگایە هەر لەخۆیەوە بڕیار نادات، گەر سکاڵای لەلانەکرێت، بۆیە کورد خۆی دۆخەکە دەشێوێنێت."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دیار جەمال