ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبەکەی ناچێتە هیچ گفتووگۆیەک لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
مستەفا عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نین، دەمانەوێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت و چیتر دامودەزگاکانی هەرێم لە بۆشایی یاساییدا نەبن. گفتووگۆش لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن ئەنجام نادەین."
ڕۆژی 10ی مانگی 6ی 2024، وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە و بڕیارە هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەببرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی ڕاگەیاندووە و داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکات تا ئەوکاتەی تێبینییەکانی بەهەند وەردەگیرێت، لەکاتێکدا بەشێک لە هێز و لایەنەکانی تر، بەتایبەت یەکێتی، لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندان لە وادەی دیاریکراودا.
لە لێدوانێکد بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆژی دووشەممە، دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی کورسی پێکهاتەکان، ئەمەش بە لای لایەنەکانەوە وەکو هەوڵێکی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لێکدەدرێتەوە.
هاوکات لەگەڵ جموجۆڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کە وەکو هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لێکدەدرێتەوە، فراکسیۆنە کوردییەکانی دەرەوەی پارتی لە بەغدا دەنگیان لە دژی دواخستنی هەڵبژاردن هەڵبڕی.
مستەفا عەبدوڵا دەڵێت، "هەڵبژاردنی پەرلەمان مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێمی ناوێت، چونکە پێشتر مەرسومی دەرکردووە. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ڕێکارەکانی ئەنجامداوە و کاتێکی کەممان لەبەردەمدایە بۆ وادەی هەڵبژاردن، گەر یەکێتی و پارتی گفتووگۆ لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن بکەن، خۆیان بەرپرسیارن و چیتر هەرێم بەرگەی بۆشایی یاسایی و دەستوری ناگرێت."
ڕۆژی 21ی مانگی 2ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵایەکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەمکردەوە و شێوازی هەڵبژاردنیشی لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی گۆڕی، ئەمەش نیگەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی لێکەوتەوە.
سەبارەت بەوەی تا چەند ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئارادایە، مەکتەب سیاسییەکەی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت، "دەمێنێتەوە سەر ئەوەی تا چەند کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە ڕێوشوێنەکانی بەردەوامدەبێت و ئەو ئیرادەیەی لە بەغداوە هەیە تا چەند جدییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی و گفتووگۆی نێوان یەکێتی و پارتی ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی بیر لە دواخستنی هەڵبژاردن بکەنەوە."
هەرچەندە لایەنە سیاسییەکان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، بەرەی پارتی کە تێبینی لەسەر ڕێوشوێنەکانی هەڵبژاردن هەی ەو داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکات، لەگەڵ بەرەی یەکێتی کە داوای ئەنجامدانی پرۆسەکە دەکات لە وادەی خۆیدا. بەڵام بە ڕای چاودێران ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی چارەنوسی پرۆسەکە دیاریدەکات.
مستەفا عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، "گەر هەڵبژاردن ئەنجامنەدرێت، دەسەڵاتداران قەوارەی هەرێم دەخەنە بەردەم مەترسی و زیاتر لاوازی دەکەن بەرامبەر بەغدا، چونکە نەمانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم شەرعییەتی هەرێم لاواز دەکات، بۆیە یەکێتی و پارتی بەرپرسیار دەبن لە دواخستنی هەڵبژاردن."
Your browser doesn’t support HTML5