سەرۆکی هەرێم: دەبێت هەڵبژاردنێک بکرێت هەموو لایەک لەسەری ڕێکبکەون

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ لە تارانەوە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند تا ئێستا وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە 10ی مانگی داهاتوو نەگۆڕاوە، بەڵام داوای ڕێککەوتنی لە حزبەکانی هەرێم کرد بە مەبەستی "ڕێگریکردن لەوەی هەرێمی کوردستان زیاتر پەرتەوازە بکرێت."

نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ سێشەممە، 7ی پێنجی 2024 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئێمە وادەی هەڵبژاردنەکەمان دەستنیشانکردووە و هەتا ئەم ساتەش ڕۆژەکەیمان نەگۆڕیوە.، دەبێت هەڵبژاردنێک بکرێت هەموو لایەنەکان لەسەری ڕێککەون، هەڵبژاردنێک نەبێتە هۆی زیاتر لێکترازانی هەرێمی کوردستان."

سەرۆکی هەرێم لە لێدوانەکەیدا جەختی کردەوە کە هەڵوێستەکەی لەسەر هەڵبژاردن "لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە" و ڕایگەیاند، "ڕۆژەکەم نەگۆڕیوە بەڵام حەزدەکەم هەڵبژاردنێک بکرێت هەموو لایەنەکان لەسەری ڕیکبکەون."

وتەکانی نێچیرڤان بارزانی لە کاتێکدایە ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەرکرد. بە پێی بڕیارەکە دادگای فیدراڵی کاری کۆمسیۆنی سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕگەیەکی تایبەت بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەڵپەسارد.

پێشتریش، هەفتەی ڕابردوو، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی گۆڕانکاری لە کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی پشتڕاستکردەوە و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، دەیانەوێت "مافی پێکهاتەکان" بۆ ناو پەرلەمان بگەڕێننەوە.

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لەگەڵ شاندەکەی هەرێم لە تارانە، ڕۆژی 29ی چوار بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەلای هەموو لایەنەکانەوە گەرەنتی بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرنگە، ئاراستەیەکی دروست هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە. دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و لابردنی کورسی پێکهاتەکان، پێکهاتەکان لیستیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن پێشکەش نەکردووە، سەرۆکایەتی هەرێم لەهەوڵدایە ئەو مافەیان بۆ بگێڕدرێتەوە."

ڕۆژی یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی لەسەر بانگهێشتی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ دەستەڵاتدارانی وڵاتەکە لەنێوانیان ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا خامنەئی کۆبووەوە.

ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنئەی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، تاران 6ی پێنجی 2024

هەریەک لە جێگرانی سەرۆک و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی و چەندین بەرپرسی دیکەی هەرێمی کوردستان لە شاندەکەی بارزانیدا بوون.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆیدا نێچیرڤان بارزانی ڕەتیکردەوە باسی هەڵبژاردنی هەرێمی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کردبێت.

سەرۆکی هەرێم سەردانەکەی بە دەستپێکی "قۆناغێکی نوێ" دانا لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا و ڕایگەیاند، "سەرەتایە نوێیەکە ئەمەیە، ڕێككەوتنێكی نوێ دەكەین و میكانيزمێكی نوێش دادەنێین بۆ ئەوەی كارەكان بەرەو باشتر بڕۆن و هیچ كات شاهدی ئەوە نەبین كە ڕۆژێك لە ڕۆژان كێشەیەكی دیكە لەنێوان ئێمەدا دروستببێت."

سەرۆکی هەرێم ئاماژەیدا بە هەبوونی "ئیرادەیەكی زۆر جددی" لەنێوان هەردوو لا و سەبارەت بە بابەتی ئاسایش و حزبە کوردییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی کردەوە "هەرێمی كوردستان ناكرێ و نابێت ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێكان."

سەرۆکی هەرێم وتی، "لەم چوارچێوەیەدا كاری باش كراوە و كاری زۆر كراوە، زۆرێك لەو نيگەرانیانەی ئێران هەیانبووە لە پرسی ئەمنیدا، وەك باسم كرد چەندین جار سوپاسی وەزیری ناوخۆی ئێمەیان كردووە. بەڵێ كار ماوە بكرێت بەڵام ئەوەی گرنگە هەستدەكەین لەسەر ڕێگەیەكی ڕاست دەڕۆین بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە بە تەواوی، هیوادارین ئەو لایەنانەش تێگەیشتنیان بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان هه‌بێت، بە سوپاسیشەوە كردوویانە. هیوادارین زیاتر ئەوان تێگه‌يشتنيان بۆ ئەو دۆخە هه‌بێت و بەرەو قۆناغێك بڕۆین، ناكرێت ئەم بابەتە ببێتە بابەتی كۆبوونەوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران.