پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم) بڕیارەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی دادگای ئانکەرە لەسەر دۆسێی کۆبانێ بە نایاسایی ناودێر دەکات. لەو بڕیارەدا ژمارەیەک لە سەرکردەکان و ئەندامانی هەدەپە سزای زیندانی درێژخایان بەسەردا سەپێندرا لە ناویاندا هاوسەرۆکەکانی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و هاوسەرۆکی شارەوانی ماردین ئەحمەد تورک.
دەم پارتی لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت لە ساڵی 2014 کاتێک داعش خەریک بوو شاری کۆبانێی داگیر دەکرد "ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان و دیموکراسیانە لە سەرانسەری جیهاندا سەریهەڵدا، لەنێویاندا لە زۆرێک لە شارەکانی تورکیاش. لەم ناڕەزایەتیانەدا 47 هاووڵاتی مەدەنی کە 34 کەسیان ئەندام و لایەنگری هەدەپە بوون، لەلایەن گروپەکانی لایەنگری داعشەوە کوژران، بەهاندانی هێزەکانی تورکیا."
دەم پارتی دەشڵێت سەرەڕای بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (ECHR) " حکومەتی ئێستا بەردەوام بوو لە دەستپێکردنی دۆسیەیەکی دادگا دژی ئەندامانی هەدەپە، لەنێویاندا هاوسەرۆکەکانی هەدەپە فیگەن یوکسەکداغ و سەلاحەدین دەمیرتاش."
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە دەبێت تورکیا دەستبەجێ سیاسەتمەداری دیاری کورد سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکات و لەساڵی 2020 یشدا دادگاکە ڕایگەیاند ڕەواییدان بە چوارساڵ زیندانیکردنی ناوبراو پەردەپۆشکردنی سنوردارکردنی پلۆرالیزم و گفتوگۆیە لەو وڵاتەدا.
دەم پارتی لە بەیانانمەکەیدا دەشڵێت " تۆمەتباران هەموو ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردەوە، بەڵام دادگا لەژێر کاریگەری سیاسی ڕووندا لە دادگاییکردنەکان بەردەوام بوو. "
دەم پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە "دادگا بە ناڕەوا سزای زۆرێک لە سیاسەتمەدارەکانی هەدەپەی داوە لەسەر تۆمەتە بێ بنەماکان."
بێجگە لە پارتی دەم، پارتی گەلی کۆماری جەهەپەش کاردانەوەی هەبوو لەسەر سزاکان لە دۆسێی کۆبانێدا.
جێگری سەرۆکی جەهەپە گۆخان گونایدن گوتی بڕیارەکانی دۆسێی کۆبانێ ئەوە نیشان دەدات " تورکیا چەندێک لە وڵاتێکی یاسایی دوور کەوتووەتەوە."
هەروەها سەزگین تانرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە لە ئامەد، بڕیارەکانی دۆسێی کۆبانێی بە سیاسی نەک یاسایی ناودێر کرد و گوتی "مرۆڤ ناتوانێت بە پێوەرەکانی یاسا پاساو بۆ ئەم بڕیارانە بهێنێتەوە. ئەم دۆسێیە لەسەر بنەمای ئەجێندای سیاسی دەستی پێکرد و ئەنجامدرا، ئێستاش بە پێی ئەو پێداویستیانە ئەنجامەکانی ڕادەگەیەنرێت."
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش ئەو بڕیارەی شەرمەزار کرد.
خاتوو ئیلهام لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، "دادگای تورکیا بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی خۆی بڕیارێکی سیاسی دا، پێش هەموو شتێک، هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە، فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتمەدارانی کورد و تورکیا سزای توند دران، ئێمە بە توندی ئەو بڕیارە ئیدانە دەکەین و دەڵێین خەبات بۆ ئازادی بەربەست نابێت."
دانیشتەکەی داگای تاوانە قورسەکانی ئانکەرە ڕۆژی پێنجشەممە لەسەر ئەو خۆپیشاندان و چالاکییانەبوو کە لە ڕۆژانی 6-8ی مانگی دەی ساڵی 2014 دژی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ کران. دوای هێرشەکانی داعش لەو کاتەدا هەدەپە و ژمارەیەک لە دەزگا و پارتە کوردەکانی دیکە لە تورکیا چالاکیان ئەنجامدا و داوایان لە حکومەتی تورکیا کرد ڕێگەی ناردنی هاوکاری بدات بۆ شەڕڤانەکانی کە دژی داعش شەڕیان دەکرد، بەڵام داواکەیان ڕەتکرایەوە و ژمارەیەکیشیان لێ دەستگیر کران.
دادگایی کردنەکان لەسەر دۆسێی کۆبانێ تا مانگی چواری 2021 دەستیپێنەکرد و لەلایەن تۆمەتباران و پارێزەرانی بەرگرییەوە وەک دۆسیەیەکی سیاسی ڕەتکرایەوە.
سزادراوەکان بە 29 تاوانی کە بریتین لە کوشتن و زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی دەوڵەتی تورکیا تۆمەتبارکراون. هەدەپە ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە.