دوای ئەوەی بەرەبەیانی دووشەممە، 20ی پێنجی 2024، ئێران بە فەرمی هەواڵی مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران و کاربەدەستانی دیکەی لەگەڵیدا بوون ڕاگەیاند، بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان هاوخەمی خۆیان بۆ ئێران دەربڕی.
نیچرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی ڕووداوەکە "له ناخهوه دڵتهنگ و خهمبارى كردين."
نیچرڤان بارزانی ڕایگەیاند، "گيانلهدهستدانى خوالێخۆشبوو سهرۆک ڕهئيسى خهمێكى به ئازار و زيانێكى گهورهيه بۆ كۆمارى ئيسلامى و گهلى موسڵمانى ئێران و دۆستانى، بهڵام دڵنياين گهلى جوامێرى ئێران و كۆمارى ئيسلامى ئهم كۆستهش تێدهپهڕێنن. خواى مهزن يارمهتيدهر و پارێزهرى ههمووان بێت و يادى خوالێخۆشبووان به خێر."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوایین سەرکردەی باڵای هەرێمی کوردستانە کە چاوی بە سەرۆکی ئێران کەوت بەر لە گیانلەدەستدانی. لە ڕۆژی پێنجی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی سەردانێکی فەرمی بۆ ئێران ئەنجامدا و لەگەڵ چەندین بەرپرسانی وڵاتەکە لە نێوانیان ڕەئیسی کۆبووەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لای خۆیەوە "پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەميی قووڵی" خۆی ئاراستەی ڕێبەرایەتی و حکومەت و خەڵکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد بۆ گیانلەدەستدانی ڕەئیسی و وەزیری دەرەوە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و قوربانیانی تر.
سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، "لەم کاتە سەختەدا، هاوخەمی و هاوپشتيی خۆمان لەگەڵ خەڵکی کۆماری ئیسلامی ئێران دووپات دەکەینەوە."
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەکی هاوخەمیدا ڕایگەیاند، " گیانلەدەستدانی جەنابی سەید ئیبراهیمی رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و جەنابی حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوە و هاوڕێکانیان لە رووداوی کەوتنە خوارەی هێلی کۆپتەردا، کۆستێکی گەورەیە بۆ گەل و حکومەتی ئێران و لە دڵەوە نیگەران و خەمباری کردین."
جێگری سەرۆکی حکومەت ڕووداوەکەی بە "دڵتەزێن" ناوبرد و ڕایگەیاند، "ئێران وڵاتێکی گەورە و بەهێزە و بەسەر ئەم کۆستە قورسەدا زاڵ دەبێت."
دوێنێ یەکشەممە، نزیک کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ بە کاتی تاران، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە ڕێگای گەڕانەوەی بۆ تەورێز کەوتە خوارەوە.
ڕەئیسی بە مەبەستی کردنەوەی بەنداوێکی هاوبەش لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان لەسەر ڕووباری ئەراس گەشتێکی کردبوو بۆ پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات.
لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە، محەمەد عەلی ئەلهاشم، ئیمامی تەورێز، مالیک ڕەحمەتی، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و تیمێکی فڕین و بەرپرسی ئاسایش و یەکێک لە پاسەوانەکان لەناو هەلیکۆپتەرەکەدا بوون و سەرجەمیان گیانیانلەدەستدا.
بەپرسانی عێراقیش هاوشێوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هاوخەمی خۆیان ڕاگەیاند و حکومەتى عێراق رۆژێک ماتەمینیی گشتیی دەرکرد.
لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق راگەیاند "بە دڵێکى بڕوادار بە قەزا و قەدەرى خوا، هەواڵى گیانلەدەستدانى ئیبراهیم رەئیسى، سەرۆککۆمارى ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسانى دیکەمان پێگەیشتووە بەهۆى رووداوى تێکشکانى فڕۆکەکەیەکانەوە."
سەرۆککۆماری عێراق ڕاشیگەیاند، "جەخت دەکەینەوە لەوەی لەو دۆخە قورسەدا، عێراق لەگەڵ گەلى ئێران دەوەستێت."
سەرۆکوەزیرانى عێراقیش لە پرسەنامەىەکی هاوشێوەدا هاوخەمی خۆی دەربڕی "بەهۆى ئەو رووداوە بە ئازارە."
Your browser doesn’t support HTML5