لیژنەی فەتوای سلێمانی: ئەوانەی بە فیزای گەشت و عەمرە حەج دەکەن حەجەکەیان بە تاڵ نییە بەڵام ڕێگەکەیان جوان نییە

حکومەتی سعودیە ساڵانە ژمارەیەکی دیاریکراو بۆ حەجکردنی هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دیاریدەکات، بەڵام دەوترێت ئەمساڵ سەدان هاووڵاتی تری هەرێم لە ڕێگەی فیزای گەشت و عەمرەوە دەیانەوێت حەج بکەن و سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانیش بە دەنگی ئەمەریکا دەڵیت "هەڵبژاردنی ڕێگەکەیان جوان نییە."

هاوکات بەڕێوبەری حەج و عەمرەی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت هۆشدارییان داوە بە هاووڵاتیان لەوەی ئەم شێوازی حەجکردنە دەبێتە هۆی مەترسی گرتن و سزای دارایی بۆیان و "لەهەمانکاتدا بۆ ناو و ناوبانگی ئەو وڵاتانەش باش نییە کە بەو شێوازە هەندێک لە هاووڵاتیەکانیان بیانەوێت حەج بکەن."

دکتۆر محەمەد پێنجوێنی، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوانەی بە ناوی عەمرەوە ڕۆشتوون بۆ وڵاتی سعودیە و ئێستا ناگەڕێنەوە و حەج دەکەن، وەک لایەنە شەرعیەکەی هیچ گرفتێکی نییە و حەجەکەیان قبوڵە، بەڵام هەڵبژاردنی ڕێگاکەیان جوان نییە."

وەزارەتی ئەوقاف بۆ کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە 27ی مانگی پێنجی 2024 بڵاویکردەوە بۆ ئەمساڵ 4 هەزار و 685 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی حەجکردن سەردانی وڵاتی سعودیە دەکەن و پرۆسەکە بە ڕێگای وشکانی و ئاسمانی ئەنجامدەدرێت و حاجیان دەتوانن تاوەکو 5ی شەشی 2024 تەواویان بگەنە ئەو وڵاتە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن کۆمپانیاکانی حەج و عەمرەوە دراون بە دەنگی ئەمەریکا، جگە لەو هاوڵاتیانەی بە شێوەی فەرمی ناویان بۆ حەج هاتووەتەوە و فیزای حەجکردنیان پێدراوە، سەدان هاووڵاتی عێراق بە کوردستانیشەوە بە فیزای گەشتیاری و عەمرە ڕۆشتوون و نەگەڕانەتەوە و دەیانەویت حەج بکەن ئەوکات بگەڕێنەوە.

ڕێکخەرانی گەشتیاری هۆکاری ئەمە دەگەڕێننەوە بۆ کەمی تێچووی حەجکردن لە ڕێگای ڤیزای گەشتیاری و عەمرە، هەروەها بەهۆی ئەوەی ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی دەتوانن بچن بۆ حەج سنوردارە و لە ڕێگەی ناو نوسین و تیروپشکە.

نیاز ڕاغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەڵی ڕاستە خەڵک هەیە فیزای عەمرەی وەرگرتووە و ڕۆیشتووە بۆ سعودیە و ئێستا هەندێکیان نەگەڕاونەتەوە و دەیانەوێت حەج بکەن، ئەمە خۆی پێچەوانەی یاسایە، چونکە حکومەتی سعودیە ڕایگەیاندووە کە حەجکردن تەنها بە فیزای حەج دەکرێت و پێچەوانەکەی سەرپێچییە."

بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێم وتیشی، "ئێمە پێشووتر هۆشداریمان بڵاوکردووەتەوە کە خەڵکی خۆیان نەخەنە مەترسیەوە، با ڕووبەڕووی گرتن و غەرامەکردن نەبنەوە و ئێمە بەهیچ شێوەیەک ئەو جۆرە حەجەمان پێ باش نییە، جگە لەوەی زیانە بۆ کەسەکان لەهەمانکاتدا بۆ ناو و ناوبانگی ئەو وڵاتانەش باش نیە کە بەو شێوازە هەندێک لە هاوڵاتیەکانیان بیانەوێت حەج بکەن."

حکومەتی سعودیە لە 1ی مانگی چواری ئەمساڵەوە فیزای سێ مانگی بۆ عەمرە و یەک ساڵی گەشتیاری ڕاگرتووە و دەستی بە ئامادەکاریکردووە بۆ پێشوازیکردن لەوانەی کە بەمەبەستی حەجکردن سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن.

بەڕێوبەرایەتی گشتی پاسەپۆرتی سعودیە ڕۆژی یەکشەممە، 26ی پێنجی 2024 ڕایگەیاند تا ئێستا زیاتر لە 532 هەزار هاوڵاتی لە سەرانسەری جیهان گەشتیان کردووە بۆ وڵاتەکە و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا زۆر بەرزتر ببێتەوە بۆ بەشداری لەم پرۆسەیە کە 14ی مانگی داهاتوو دەستپێدەکات و 19ی ئەو مانگە کۆتایی دێت.

دیمەنی نوێژی مسوڵمانان لە کەعبەی پیرۆز لە کاتی مەراسیمی حەج لە 25ی شەشی 2023.

خاوەنی کۆمانیایەکی گەشتیاری بۆ عەمرە لە هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "شەش ڕۆژە حکومەتی سعودیە هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دەستپێکردووە کە بە ناوی عەمرەوە ڕۆشتوونەتە ئەو وڵاتە و نەگەڕاوەنەتەوە و ژمارەیەک عێراقی کە کوردیشی تێدایە دیپۆرت کراوەتەوە، تەنانەت ئەوانەشی فیزای گەشتیاریان پێشووتر وەرگرتووە ئێستا بۆیان نیە سەردانی ئەو وڵاتە بکەن."

ئەو خاوەن کۆمپانیایە وتیشی، "ئەوانەی دەستیگرکراون دوای وتە وەرگرتن لێیان و وێنەگرتنیان، بە بڕی 10 هەزار ڕیاڵ غەرامە کراون و داوایان لێکراوە ئەو وڵاتە بەجێبهڵن بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی زیندان دەبنەوە."

دکتۆر محەمەد پێنجوێنی، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی لە بارەی ئەوەی ئەم جۆرە حەجانە تا چەند لە ڕووی شەرعەوە ڕێگەپێدراوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "حەجی لەم جۆرە ناتوانرێت بوتریت بە تاڵە، بەڵام ڕێگاکە ڕێگایەکی باش نیە و حکومەت قەدەغەی کردووە و پێچەوانەی یاسایە ئەوەی دەستگیربکرێت و غەرامە کرا یاخود لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا، ئەوە حەقی خۆیەتی.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دیار جەمال