دکتۆر شێرکۆ جەودەت: ئەم مانگە بایی 30 ملیار دینار ناوی نوێ بۆ لیستی مووچەخۆرانی هەرێم زیاد کراوە

پەرلەمەنتارێکی خوولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەم مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەقەدەر 30 ملیار دینار ناوی نوێی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم زیاد کردووە هەر ئەمەش گرفتی سەرەکیە لەبەردەم نەناردنی مووچەی هێزە ئەمنیەکاندا.

دکتۆر شێرکۆ جەودەت پەرلەمانتاری پێشووی یەکگرتوو لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لەو لیستەی نێردراوە بۆ بەغداد کۆدی تازەی تیدایە ئەمەش واتە مووچەخۆری نوێ هەیە، هەرچەندە ژمارەکە دیار نییە، بەڵام بەقەدەر 30 ملیار دینار ناو زیاد کراوە."

وتیشی،" پێناچیت حکومەتی عێراق قبوڵی ئەمە بکات، ئەوەش هۆکاری دواکەوتنی مووچەی هێزە ئەمنیەکانە، چونکە عێراق پێی وتوون لە940 ملیارەو ئەم مانگە بووە بە 970 ئەمە بۆ ؟"

زیاتر لە 50 ڕۆژە مووچەی بەشێکی زۆر لە هێزە ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، هۆکارەکەشی بۆ نەناردنی مووچەکانیان لەلایەن بەغدادەوە دەگەڕێتەوە، بە پێی قسەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش بێت لیستی مووچەکانیان ناردووە بۆ بەغداد، بەڵام بە هۆی وردبینی کردنیەوە لەلایەن بەغدادەوە تا ئێستا مووچەکانیان نەگەشتووە.

هەندێک زانیاری نافەرمی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هەردوو یەکەکانی حەوفتا و هەشتا دەستیانکردووە بە تۆمارکردنی ناوی پێشمەرگەی نوێ. پێشتریش پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح لە خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی، "هەریەکە لە هێزەکانی حەفتا و هەشتا نزیکەی 20 هەزار پێشمەرگەی نوێیان بە مووچەی نزیکەی ملیۆنێک دامەزراندووە و وەزارەتی دارایی هەرێمیش ئەم مانگە لیستی مووچەی بە 970 ملیار ناردووە لە کاتێکدا مانگی ڕابردوو تەنها 950 ملیاربووە." کە مەبەست لێی زیادکردنی ناوە نوێکان پێدەچێت لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەدا بێت.

دەنگی ئەمەریکا لەسەرهۆکاری دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی سەربازی و پشتڕاستکرد نەوەی دەنگۆی زیادکردنی ناوی نوێ لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمدا پەیوەندی کرد بە هەریەکە لە پێشەوا هەورامی وتە بێژی حکومەتی هەرێم و هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی، بەڵام پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون.

دوێنێ 30ی مانگی پێنج دکتۆر شێرکۆ جەودەت لە لێدوانێکی میدیاییدا ئاماژەی بەوەدا، کە لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمدا ناوی نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندی بیانی هەیە و لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمیشدا هەوڵیان داوە ڕێگری لێبکەن، بەڵام نایانتوانیوە بەهۆی تێپەڕاندنی یاسای چاکسازیەوە بە زۆرینەی دەنگ.

لەو بارەیەوە دکتۆر شێرکۆ بە دەنگی ئەمەریکای وت،" بەڵێ ڕاستە ئەدیب و نوسەر و شاعیر و هونەرمەندی بیانی ناویان لە لیستی مووچەی هەرێمدا هەیە، لە کاتی جێبەجێکردنی بایۆمەتریدا حکومەت بۆی دەرکەوت نزیکەی 111 هەزار مووچەخۆری وەهمی هەیە، لەو ژمارەیەش تەنها 10 هەزاری ڕەت کرایەوە 101 هەزارەکەی تری لە رێکخراوەکان هێشتیاننەوە، ئەڵبەت ئەمە بە قسەی خۆیان."

وتیشی،" لە خولی پێنجەمەی پەرلەمان بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتاران هەڵوێستمان وەرگرت تەنانەت دامان بە داواکاری گشتی بەڵام یاسای چاکسازیەکە بە زۆرینە تێپەڕیندرا."