سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دوای گۆڕانکاری لە بڕیارەکانی پێشووی دادگای فیدڕاڵی عێراق سەبارەت بە سیستەمی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان "کە جۆرێک پلانیان بۆ زیان گەیاندن لە دەنگی پارتی تێدابوو،" پارتی بڕیاری بەشداری پرۆسەکەی داوە.
فازڵ بەشارەتی، سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ناوی نزیکەی بیست هەزار دەنگدەر لە زۆنی زەرد نەگەڕابوویەوە، ئەمە زەنگێک بوو بۆ پارتی. پێکهاتەکان لە کورسی کۆتا بێبەشکرابوون و پرۆسەی سیاسی هەرێمی پێ عەیبدار دەبوو، هەرچەندە مافی تەواوی پێکهاتەکان نەدراوە بەڵام ژمارەیەک کورسییان بۆ دانراوە، ئەمە وایکرد بەشداری هەڵبژاردن بکەن."
ڕۆژی 20ی پێنجی 2024، دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا گۆڕانکاری لە بڕیارێکی دادگای فیدڕاڵی عێراق بکات و پێنج کورسی لەکۆی 100 کورسی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆتای پێکهاتەکان دابنرێت، بەشێوەیەک کورسییەکی ئەرمەن بۆ دهۆک، دوو کورسی تورکمان و کریستیان بۆ هەولێر، وە دوو کورسی تورکمان و کریستیان بۆ سلێمانی تەرخان بکرێت.
فازڵ بەشارەتی دەڵێت، "پارتی بڕیاری بەشداریکردنی لە هەڵبژاردن داوە، ماوەتەوە سەرۆکی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن."
بڕیاربوو ڕۆژی 10ی شەشی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریکردنی لەو هەڵبژاردنەدا ڕەتدەکردەوە. بەڵام دوای سکاڵایەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق، دادگاکە ڕێوشوێنەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا ڕاگرت.
عومەر محەمەد، چاودێری سیاسی، پێیوایە دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەبەرژەوەندی پارتی و یەکێتییە، ئەوان دەیانەوێت کاتێک پرۆسەکە ئەنجام بدرێت گونجاوبێت و لەبەرژەوەندییان بێت.
عومەر محەمەد بە دەنگی ئەمەریکای وت، "یەکێتی و پارتی چاوەڕوانی ڕێککەوتنی یەکلایی کەرەوەون لەگەڵ بەغدا، تا توڕەیی خەڵک هێور ببێتەوە و کاتەکە گونجاو بێت بۆیان تا هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامبدەن."
پاساوی پێشتری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لابردنی کورسی پێکهاتەکان و هەبوونی گومانبوو لەسەر دەستوەردانی دەرەکی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
سەرکردەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئەرێنی باسی گۆڕانکارییەکان دەکات و دەڵێت، "کۆمەڵێک حەساسیەتی گەورە لە کۆڵ هەڵبژاردن بوونەوە و کۆمەڵێک پیلانی گەورە لە پارتی دوورکەوتنەوە، بەتایبەت هەندێک پێداچوونەوە کرا لە بابەتی چۆنییەتی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی کوردستان و لایەنەکان و پێکهاتەکانیش بوو."
پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان 45 کورسی لەکۆی 111 کورسی هەبوو، ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە پێکهاتەکان بە نزیکایەتی پارتی و هاوڕابوون لەگەڵی لە بڕیارە هەستیارەکاندا تۆمەتبار دەکران.
سەبارەت بە دۆخی پارتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، فازڵ بەشارەتی دەڵێت پێشبینیکردن بۆ ژمارەی کورسییەکانی حزبەکەی لەپەرلەمانی داهاتووی کوردستان "قورسە" بەڵام پێیوایە حزبەکەی دەنگی پێویست دەهێنێت بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین کورسی پەرلەمانی.
ئەو دەڵێت، "پارتی پشت ئەستوورە بە دەنگدەرەکانی، هەموو حزبەکان کورسییان کەمدەکات، بەڵام ژمارەی کورسییەکانی پارتی بەڕێژەیەکی بەرچاو لە حزبەکانی تر زیاتر دەبێت."
چاوەڕوان دەکرێت لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا کە پێشبینی دەکرێت لە مانگی 10ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، لایەنە سیاسییەکان پانتاییەکی فراوانی بانگەشەکانیان بۆ ڕاکێشانی دەنگی دەنگدەری نوێ تەرخان بکەن بەو پێیەی ڕێژەیەکی بەرچاوی کۆی دەنگدەران پێکدەهێنن.
فازڵ بەشارەتی وتی، "جیلی نوێ ڕێژەیەکی زۆری دەنگدەری هەرێم پێکدەهێنن و لە پەرلەمان و پۆستە ئیدارییەکانیش پشکییان هەیە، جیلی نوێ دەنگ بە پارتی و یەکێتی دەدەن."
هەروەها وتیشی، "جیلی نوێ خۆیان لە هەڵبژاردن نابوێرن و خۆشیان لە پارتی و یەکێتی جیاناکەنەوە، چونکە ئەم دوو حزبە بەدیلیان نییە و قورسایی سیاسییان هێندە لەبەرچاوە کەس ناتوانێت خۆی لێ کەڕ بکات."
Your browser doesn’t support HTML5