عەدنان حەمید شەفی: هەرگیز حەشدی شەعبی نەبووم و هێزێکی 1700 چەکداریم بۆ بەرگریکردن لە کوردانی بەغدا دروستکرد

ئەو کەسایەتییە کوردە فەیلییەی کە بە سەرپەرشتیاری دوو لیوای حەشدی شەعبی بەناوبانگی دەرکرد، ڕەتیدەکاتەوە هێزەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە حەشدی شەعبییەوە هەبووبێت و ڕایدەگەیەنێت، ئەو هێزەی بۆ "بەرگریکردن" بوو لە کوردەکانی بەغدا و دیالە.

دوای کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە ناوچەکانی عێراق لەلایەن داعش و دروستبوونی حەشدی شەعبی لە کۆتایی ساڵی 2014، عەدنان حەمید شەفی سەرۆک عەشیرەتی قەرەڵوسی و کەسایەتی دیاری ناوچەی مەندەلی، بە دروستکردنی دوو لیوای حەشدی شەعبی لە کوردەکانی دیالە و بەغدا تۆمەتبارکرا.

عەدنان حەمید شەفی، سەرۆک عەشیرەتی قەرەڵوس کە ئێستا نیشتەجێی شاری بەغدایە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوای فەتواکەی سەید عەلی سستانی و دروستبوونی حەشدی شەعبی، منیش بە ئاگاداری لقی بەغدای پارتی و مەڵبەندی یەکێتی هێزێکم دروستکرد، تا بتوانم سەرپەرشتی کوردەکان بکەم و هێزەکەم لە دوو لیوا پێکهاتبوو."

کوردانی فەیلی کە ژمارەیان لە عێراقدا بە نزیکەی دوو ملیۆن کەس و لە بەغدا بە 500 هەزار کەس مەزندە دەکرێت، بە نەتەوە کورد و بە مەزهەب شیعەن، لە عێراقدا وەکو کەمینە هەژمار کراون و دوو کورسی کۆتای ئەنجومەنی پارێزگایان لەبەغدا و واست بۆ دانراوە.

بەشێک لە کوردانی فەیلی زیاتر ڕوانگەی مەزهەبی بەسەریاندا زاڵە و لایەنگری حزبە شیعییەکانن، هەرچەندە موحسن مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە کوردێکی فەیلییە، پارتێکی لە ژێر ناوی ئەساس دروستکردووە و دەیەوێت کوردانی فەیلی لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە.

لەیس فەیلی، چالاکوانی کوردی فەیلی لە بەغدا، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "گرفتی ئێمەی کوردانی فەیلی ئەوەیە کەسێکی بەهێز نییە ببێتە چەتر و هەموومان کۆبکاتەوە، بۆیە پەرتەوازەین. هەرچەندە ئێستا موحسن مەندەلاوی هاتووەتە گۆڕەپانەکە و دەیەوێت ئەو کارە بکات."

سەرباری نیشتەجێبوونی نزیکەی 500 هەزار کوردی فەیلی لە بەغدا، بەڵام حزبە کوردییەکان پێگەیان لە نێویاندا لاوازە و تەنها بەشێکی زۆر کەمی دەنگی دەنگدەرانی ئەم پێکهاتەیان لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا بەدەستهێناوە.

عەدنان حەمید شەفی دەڵێت، "حزبە کوردییەکان یەکگرتوو نین، هێندەی خەریکی ڕکابەری یەکترین هێندە هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لەبەغدا نادەن."

عەدنان حەمید شەفی وتی، "پێشتر من پێشمەرگە بووم و هێزەکەم بە شێوەیەکی نیزامی دروستکرد، عەشیرەتەکەم عەشیرەتێکی دەوڵەمەندە و خۆمان چەکمان بۆ خۆمان کڕی هەتا لەگەڵ عەرەبدا هاوسەنگەر بین بۆ شەڕی داعش، لە سەردەمی بەعسیشدا کورد و حزبی دەعوە و بەدر هاوسەنگەر بوون."

لیوایەک بۆ کوردانی فەیلی ناو ڕیزەکانی حەشدی شەعبی دروستکراوە و بە لیوای 110ی دیالە دەناسرێت، سنوری کارکردنی ئەم لیوایە ناوچەکانی خانەقین و سەعدیە دەگرێتەوە هەتا ناوچەی حەمرین، ئەمە جگە لەوەی بەشێکی تریان لە نێو هێز و لیواکانی تری حەشدی شەعبین.

سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی بەدروستکردنی هێزی حەشدی شەعبی و کۆکردنەوەی کوردانی مەندەلی و خانەقین و بەغدا لە ژێر چەتری حەشدی شەعبیدا، عەدنان حەمید شەفی دەڵێت، "نە لە بەرەی ئێرانم نە لەبەرەی تورکیا و سعودیە، کەسێکی سەربەخۆم و هەرگیز بەناوی حەشدەوە قسەم نەکردووە و هیچ پەیوەندییەکیشم بە حەشدەوە نییە."

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و گەڕانەوەی بەشێک لە کوردە فەیلییە ڕاگوازراوەکان بۆ ناوچەی مەندەلی و بەدرە و جەسان، کوردانی فەیلی هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان لە سنوری ناحیەی مەندەلی پارێزگای دیالە دا، بەڵام کەوتنە بەر هێرشی گروپە چەکدارە توندەڕەوەکان.

کاتێک لە ساڵی 2008 گوندی حەمید شەفی نزیک ناحیەی مەندەلی ئاوەدانکرایەوە، هێزێکی سەربە ڕێکخراوی قاعیدە چوونە سەر گوندەکە و سەرجەم پیاوەکانیان لە ژنەکانیان جیا کردەوە کە ژمارەیان نزیکەی 30 پیاو بوو، لە پێش چاوی ژن و منداڵەکانیان گولەبارانیانکردن، ئەمەش وایکرد جارێکی تر بۆ بەغدا کۆچ بکەنەوە.

عەدنان حەمید شەفی، کە سەرجەم قوربانییەکانی گوندی حەمید شەفی کەسوکاری بوون دەڵێت، "هێزێکم بۆ ماوەیەکی کاتی دروستکرد و ژمارەیان 1700 چەکداربوو، ئێستا هەموویان لەماڵی خۆیانن و کەسوکاری خۆمن. ویستم بەو هێزە بتوانم بەرگری لە کورد بکەم، ڤیدیۆم هەیە و بە کوردەکانم وت مەڕۆن بۆ لای غەیرە کورد، وەرن ئێمە کوردین و پێکەوە بەرگری لەکورد بکەین، هەرگیز حەشد نەبووم."

هەروەها وتیشی، "حەشد مەسەلەیەکی بیروباوەڕە و ڕەخنەم لێیان نییە، بەڵام من بەناوی کوردەوە هێزم دروستکرد و هەرگیز حەشد نەبووم و ناشبم بە حەشد، نە ناوم لەناو حەشددا هەیە و نە جێگە و ڕێگا."

لە کۆی 60 هەزار قوربانی دەستی حکومەتی بەعس کە ناویان لە دامەزراوەی شەهیدانی عێراق تۆمارکراوە 15 هەزاریان کوردی فەیلین، ئەمە جگە لەوەی لە دوای ساڵی 2007 ژمارەیەکی زۆریان لە پارێزگای دیالە و ناوچەکانی تر لەلایەن گروپە چەکدارە توندەڕەوەکانەوە لێکوژرا.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر