لێکۆڵەرێکی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی تورکیا لە هێرشکردنە سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دابڕاندنی کوردستانی تورکیاو عێراق و سوریاییە لە یەکتری، دەیەوێت بەربەستی کوردی لە نێوان وڵاتەکەی و دونیای عەرەبیدا نەهێڵێت.
دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تورکیا دەیەوێت کوردستانی عێراق و تورکیا، کوردستانی عێراق و سوریا لە یەکتری داببڕێت، تا بەربەرستی کوردی نەمێنێت لە نێوان وڵاتەکەی و وڵاتانی عەرەبیدا و کورد ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەبێت لە داهاتوودا."
تورکیا لە ڕۆژی 15 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024ەوە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی زەمینی نوێی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بە پاساوی لێدان لە پەکەکە دەستپێکردووە، ئۆپەراسیۆنە نوێیەکە ناوچەکانی پارێزگای دهۆکی گرتووەتەوە.
دکتۆر سەردار عەزیز دەڵێت، "جیا لە دابڕاندنی پارچەکانی کوردستان لە یەکتری، تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی دروستکردنی ناوچەی سەربازی جوڵەی نێوان قەندیل و ڕۆژاوای کوردستان ڕابگرێت، ئەمە پلانی نزیک خایەنی ئەو وڵاتەیە."
هەروەها وتیشی، "پلانی درێژخایەنی تورکیا گەیشتە بە جیهانی عەرەبی بە بێ بوونی بەربەرستی کوردی، تا ڕاستەوخۆ نزیک ببێتەوە لە موسڵ و ناوچە عەرەبییەکانی سوریا."
ڕۆژی 22 ی مانگی چواری 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی عێراقی عێراقی کردو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق 26 ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لە بوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، ڕێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە واژۆ کرد.
سەبارەت بە ئەگەری هەماهەنگی لە نێوان عێراق و تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا، دکتۆر سەردار عەزیز وتی،"کۆمەڵێک ئاماژە هەن بۆ پشتگیری ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەلایەن عێراقەوە، فشاری میدیایی عێراقی لەسەر حکومەتەکەی سودانی کەمەو جۆرێک لە ئاگایی حکومەتی عێراق لە هێرشەکانی تورکیا هەیە. لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراقیش ئاماژەیە بۆ هەماهەنگی نێوان عێراق و تورکیا."
ئەو وتیشی، "سەرباری هەماهەنگی نێوان عێراق و تورکیا، نازانرێت چەند کات دراوە بە تورکیا بۆ بەردەوامیدان بە هێرشەکان و تاچەند ڕێگەی پێدراوە بێتە پێشەوە، بەڵام یەکێک لە خەسڵەتەکانی تورکیا ئەوەیە هاتە هەر ناوچەیەک ناکشێتەوەو هێز جێگیر دەکات."
هەرچەندە گومان لە هەماهەنگی نێوان حکومەتی عێراق و تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ناوچە سنورییەکان دەکرێت، بەڵام هێشتا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پشوودایەو ڕای پەرلەمانی عێراق نادیارە.
دەربارەی ڕای ئێران و گروپە شیعەکان لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا، دکتۆر سەردار عەزیز وتی، "هێزە شیعەکانی نزیک لە ئێران وەکو جاران دەنگ هەڵنابڕن، ئەمەش گومانی هەماهەنگی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە دروستکردووە، بە تایبەت دوای کڕینی نەوت لە ئێران لەلایەن تورکیایەوە. بۆیە دیار نییە ئێران ڕازییە تورکیا ببێتە ئەکتەرێکی سەرەکی لە عێراق یاخود نە."
بەپێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا کە لەسەرچاوە نزیکەکان لە حکومەتی هەرێم دەستیکەوتوون، تورکیا دوو جۆر هێزی هێناوە بۆ ناوچە سنورییەکانی هەرێم، هێزی هێرشکارو هێزێکی تر کە دەیەوێت لەو ناوچانە جێگیریان بکات.
ئەندامێکی تیمی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکایی ئاماژە بەوەدەکات، تورکیا لە ماوەی مانگی ڕابردوودا خانووی 19 هاووڵاتی سڤیلی لە گوندەکانی سنوری قەزای ئامێدی بوردومانکردووەو سوتاندووە.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تا ئێستا نۆ گوند بەتەواوەتی چۆڵکراون و دوو پرۆژەی ئاویش کراونەتە ئامانج، کارەبای پێنج گوندیش بە تەواوەتی بڕدراوە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 8 هاووڵاتی کوژراون و دوو هاوڵاتی تریش برینداربوون."
کامەران عوسمان دەڵێت، "لە ساڵی 1991 ەوە تا ئێستا، 703 هاووڵاتی سڤیل لە ناوچە سنورییەکان بوونەتە قوربانی، 344 کەسیان کوژراون و 359 هاوڵاتی تریش برینداربوون. لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکانی تورکیا 68 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیش سوتاون."