ساڵح موتڵەگ بۆ VOA: پرسی فەلەستینییەکان لە ڕێگەی هێز و شەڕەوە چارەسەرناکرێت

سەرکردەکانی عێراق پێشبینی دەکەن کوژرانی سەرۆکی حەماس لە ناو خاکی ئێرانی دراوسێ کاریگەری لەسەر وڵاتەکەیان هەبێت و جێگری پێشووتری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت، "بەهۆی هەبوونی خەڵکانی سەربە لایەنی دەرەکی لە عێراق، عێراق بووەتە بەشێک لەو ئاڵۆزییانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە لەکاتێکدا کێشەکان پێویستییان بە چارەسەری ڕیشەییانەی ئاشتییانە هەیە."

ساڵەح موتڵەگ، جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پرسی فەڵەستین نەک تەنها بۆ عەرەب بەڵکو بۆ تەواوی جیهان مەسەلەیەکی مرۆڤایەتی گرنگە، بەڵام دەبێت کێشەکە بە ڕێگەی تر چارەسەر بکرێت نەک لە ڕێگەی هێز و شەڕەوە."

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ی مانگی حەوتی 2024، ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران کرایە ئامانج و کوژرا، کە ناوبراو بەمەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی سەرۆک کۆمار سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو.

ئێران دەستبەجێ ئیسرائلی بە هێرشەکە تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کرد، بەڵام ئیسرائیل هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە.

بە ئامانجگرتنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو ئیسرائیل هێرشیکردە سەر سەرکردەیەکی حیزبوڵا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان و هێزەکانی حەشدی شەعبیش لەناوچەی جورف سەخری پارێزگای بابل لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە کرانە ئامانج.

هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق هیچ ڕاگەیەنراوێکیان لەبارەی کوژرانی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام سەرۆکی کاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە توندی ئیدانەی کوژرانی سەرکردەکەی حەماسی کرد.

موحسن مەندەلاوی، سەرۆکی کاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، "ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە بەدی نایەت، هەتا ئیسرائیل کۆتایی پێ نەهێنرێت."

لە مانگی 10ی ساڵی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی خوێناوی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا، لەوکاتەوە هەتا ئێستا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامی هەیە و هێرشەکان کوژران و برینداربوونی هەزاران خەڵکی سڤیلیان لێکەوتووەتەوە.

بە ئامانج گرتنی ئیسماعیل هەنییە بە ڕوداوێکی چاوەڕواننەکراو لەڕووی سیاسییەوە لێی دەڕوانرێت، بەو پێیەی ناوبراو لە پایتەختی وڵاتێکی بەهێزی نەیاری ئیسرائیل لە ناوچەکەدا کراوەتە ئامانج.

مەحمود زەیدان، سەرکردەی سیاسی عەرەبی و ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئیسماعیل هەنییە کرایە قوربانی یەکلاییکردنەوەی هاوکێشە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان، بەڵام مێژوو پێمان دەڵێت بزووتنەوەی حەماس زەرەرمەند نەبووە لە لەدەستدانی سەرکردەکانی."

دەشڵێت، "عێراق پێیخۆش بێت یان نا، بەهۆی دەستوەردانە دەرەکییەکانەوە بەشێکە لە هاوکێشەکان، بۆیە داهاتوویەکی باش بۆ عێراق و ناوچەکە پێشبینی ناکەم."

بە گوێرەی سەرچاوە عێراقییەکان، دوای بە ئامانج کردنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە ئێران و بۆردومانەکانی شەوی ڕابردووی حەشدی شەعبی لەناوچەی جورف سەخری پارێزگای بابل، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی فەرماندە سەربازییەکانی کرد.

دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری سیاسی نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "عێراق چاوەڕێی کاردانەوەی ئێران دەکات و دەیەوێت بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ کوژرانی هەنییە لەناو وڵاتەکەی دەکات. بەڵام سەرباری پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی، پێناچێت ئێران ڕاستەوخۆ بڕواتە نێو ململانێکانەوە، چونکە دواجار ئیسماعیل هەنییە هاوڵاتی ئێران نییە، ڕاستە کوژرانی لەناو ئێراندا سوکایەتی بوو بۆی، بەڵام فشاری ناوەوەی ناکەوێتە سەر."

شەوی سێشەممە، 30ی حەوتی 2024، ناوچەی جورف سەخری پارێزگای بابل لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و برینداربوون. ڕووداوەکە کاردانەوەی لەناوخۆی عێراق دروستکرد.

لە ڕاگەیەنراوێکدا، لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی گشتی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاند ،"فڕۆکەی جەنگی لەو دیو سنورەکانەوە هاتبوون و چەند پێگەیەکی عێراقی سەر بە دەزگا ئەمنییەکانیان لە باکوری پارێزگای بابل کردە ئامانج، بەو هۆیەوە ژمارەیەک کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لە حەشدی شەعبی شەهید و برینداربوون."

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "حساب بۆ دەرئەنجامەکانی ئەم سەرپێچییە مەترسیدارانە نەکرێت، دەکرێت بەڕادەیەکی زۆر هەوڵ و میکانیزم و چوارچێوەکانی کاری هاوبەش بۆ ڕووبەڕوونەوەی داعش لە عێراق و سوریا تێکبدات."

ناوچەی جورف سەخری پارێزگای بابل کە لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە هێرشیکرایە سەر، بە یەکێک لە ناوچە سەربازییە داخراوەکان و بە پێگەیەکی سەرەکی حەشدی شەعبی لە عێراق دادەنرێت.

دکتۆر سەردار عەزیز دەڵێت، "جورف سەخر شوێنی دروستکردنی ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەیە کە هێرشیان بۆ سەر عەین ئەسەد و بنکەکانی تری ئەمەریکا پێ ئەنجام دەدرێت، هاوپەیمانان بۆیە ئەو شوێنە دەکەنە ئامانج دەیانەوێت هێرشەکانیان پێ ڕابگرن."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر