لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا بلینکن و فیدان تاوتوێی ئاگربەست لە غەززە دەکەن

ئۆنجو کەچەلی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و تورکیا بە تەلەفون سەبارەت بە دۆخی غەززە قسەیان کردووە.

کەچەلی ئاماژەی بەوەدا کە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین دۆخی هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەستیان لە غەززە تاوتوێ کردووە.

کەچەلی ڕایگەیاندووە کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لەسەر داوای لایەنی ئەمەریکایی بووە و هەردوو وەزیرەکەش باسیان لە هەندێک بابەتی دیکەی ناوچەکە کردووە، بەڵام ئەو هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەخستووەتەڕوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا شەوی سێشەممە کۆتایی هێنا بە نۆهەمین سەردانی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل و حەماس بەم زووانە بگەنە ڕێککەوتن بۆ ئاگربەست.

پێش ئەوەی دۆحەی قەتەر بەجێبهێڵێت، گوتی "کاتەکە زۆر گرنگە ، چونکە لەگەڵ تێپەڕبوونی هەموو ڕۆژێکدا تەندروستی و ژیانی بارمتەکان زیاتر دەکەوێتە مەترسییەوە".

شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە بە هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە بووە هۆی کوژرانی 1200 کەس و گرنتی 250 بارمتە.

هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 40 هەزار فەلەستینی کە زۆربەیان ژن و منداڵن، هەرچەند سوپای ئیسرائیل دەڵێت ژمارەی کوژراوەکان هەزاران چەکداری حەماسیش دەگرێتەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز