لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لانیکەم 9 کەس لە کەناری ڕۆژئاوا دەکوژرێن

هێزەکانی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە هەڵمەت و هێرشی ئاسمانییان لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو ئەنجامدا و بەهۆیەوە لانیکەم نۆ کەس کوژران.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆری لە جەنین، تولکارم و ناوچەی کەمپی پەنابەرانی ئەلفەرەح ئەنجام داوە و بە گشتی نۆ چەکدار کوژراون.

کۆمەڵەی مانگی سووری فەلەستین ڕایگەیاندووە کە تەرمی نۆ کەسیان لەو ناوچانە گواستووەتەوە، جگە لە برینداربوونی 13 کەسی دیکە لە هێرشەکانی ئیسرائیل.

ئیسڕائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، ئیسرائیل دەبێت هەروەک کەرتی غەززە مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەی تیرۆریزم لە کەناری ڕۆژئاواشدا بکات و ئێرانی تۆمەتبار کرد بە پارەدارکردن و پڕچەککردنی چەکدارانی کەناری ڕۆژئاوا.

بەدرێژایی شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، لە غەززە، هێزەکانی ئیسرائیل چەندین جار هەڵمەتیان لە کەناری ڕۆژئاواش ئەنجامداوە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023وە، سەرباز و دانیشتوانی ئیسرائیل زیاتر لە 640 فەلەستینییان کوشتووە و هێرشەکانی فەلەستیییەکانیش 19 ئیسرئیلیان کوشتووە.

بەرەی لوبنان

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لەسەر بڕیارنامەیەک بدات بۆ درێژکردنەوەی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری لوبنان و داوای وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و چەکدارانی حزبوڵا بکات.

لەوەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززە پێکدادان لە سنووری ئیسرائیل و لوبنان زۆر بووە، ئەمەش ترسی ململانێی ناوچەیی فراوانتری دروستکردووە.

بڕیارنامەکە کە لەلایەن فەرەنساوە داڕێژراوە، داوای "رێوشوێنی خێرا بەرەو کەمکردنەوەی پەرەسەندن، لەنێویاندا بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئارامی و خۆگرتن و سەقامگیری لە سەرانسەری هێڵی شین" دەکات.

دانوستانەکانی ئاشتی غەززە

برێت مەکگۆرک ڕاوێژکاری باڵای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە لە دۆحە لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی قەتەر کۆبووەوە وەک بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، کە بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن کلیلی بێدەنگکردنی گرژییە گشتییەکانی ناوچەکەیە.

مەکگۆرک لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال ثانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری کاروباری دەرەوە کۆبووەوە، کە ڕۆژی دووشەممە وتووێژەکانی خۆی لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ئەنجامدا.

بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، قەتەر و میسر سەرکردایەتی هەوڵەکانیان کردووە بۆ ئاگربەستێک کە بریتی بێت لە وەستاندنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان کە هێشتا لەلایەن حەماسەوە لە غەززە دەستبەسەرن، گەڕانەوەی دیلەکانی فەلەستینی لە ئیسرائیل و زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی لە غەززە.

دوای ئەوەی بەرپرسان یەکشەممە لە قاهیرە کۆتاییان بە خولێکی دانوستانەکان هێنا، تیمەکانی کارکردنی ئاستی خوارەوە لەم هەفتەیەدا هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی بزانن چۆن ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکەن.

چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس نزیکەی 250 کەسیان بە بارمتە لە دەمی هێرشەکەی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر باشووری ئیسرائیل کە لەو هێرشەدا هەزار و 200 کەسیشیان کوشت.

سوپای ئیسڕائیل ڕۆژی سێشەممە وتی هێزە تایبەتەکانی ئیسڕائیل لە " ئۆپەراسیۆنێکی ئازادکردنی ئاڵۆزدا " بارمتەیەکی ئیسڕائیلییان لە تونێلەکانی باشووری کەرتی غەززە ڕزگار کردووە، ئەمەش زیاتر لە 10 مانگ دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا ئەو کەسەیان ڕفاند و بە بارمتە گرتییان.

سوپا وتی قەید فەرحان ئەلکەدی تەمەن 52 ساڵی ئەندام لە کۆمەڵگەی بەدوین لە باشووری ئیسڕائیل، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک و بارودۆخی جێگیرە.

وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل دانیێڵ هاگاری وتی ئەلکەری لە تونێلێکی ژێرزەویدا ڕزگارکراوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئاسایشی هێزەکانی ئیسڕائیل و ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە غەززە ماونەتەوە.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو کە وتی قسەی لەگەڵ ئەلکەدیدا کردووە، ستایشی هێزەکانی کرد لەسەر ڕزگارکردنەکە و وتی ئیسڕائیل " ماندوونەناسانە " کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان.

وتی " ئەمە بە دوو ڕێگەی سەرەکی دەکەین: لە ڕێی گفتوگۆکردن و لە ڕێی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنەوە. هەردوو ڕێگەکە پێکەوە پێویستییان بە بوونی سەربازیی هەیە لە مەیدانەکەدا، هەروەها کەمنەکردنەوەی فشارە سەربازییەکان بۆ سەر حەماس."

ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن سەرکردەکانی ئیسڕائیلەوە ستایش کرا کە بە پەرۆشەوەن بۆ هەواڵێکی خۆش دوای نزیکەی یەک ساڵ لە هەڵمەتی هێرشەکانییان بۆ سەر غەززە کە بووەتە هۆی ئەوەی فشارێکی زیاتر بخرێتەسەر حکومەت تاوەکو کاری زیاتر بکات بۆ گەڕاندنەوەی زیاتر لە 100 بارمتە.

سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگ وتی ئازادکردنەکە " ساتێکی خۆشییە بۆ وڵاتی ئیسڕائیل و کۆمەڵگەی ئیسڕائیلی بە گشتی."

ئەلکەدی لە کیبوتزی ماگین وەکو بارمتە گیراوە و ڕفێندراوە بۆ غەززە، کە یەکێکە لە زنجیرە کۆمەڵگەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە کە لە 7 ی مانگی 10 دا لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە هێرشی کرایە سەر.

لەو هێرشەی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل نزیکەی 1200 کەس کوژران و زیاتر لە 250 ئیسڕائیلیش بە بارمتە گیران. ئەو هێرشەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکەی ناو غەززە.

بە ڕزگاربوونی ئەلکەدی ئێستا 108 بارمتەی ئیسڕائیلی و بیانی لە غەززە ماونەتەوە، بەڵام نزیکەی سێیەکی ئەمانە باوەڕوایە مردبێتن، چارەنووسی ئەوانی دیکەش نەزاندراوە.

بەهۆی جەنگەکەی ناو غەززەوە بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینی دەڵێن زیاتر لە 40,000 فەلەستینی کوژراون و سەدان هەزاران فەلەستینیش چەندین جار ئاوارەبوون.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسەکانی ئەی پی، فرانس پرێس و ڕۆیتەرز وەرگیراوە.