کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوری بانە دەکوژرێت

کۆڵبەرێکی گەنجی تەمەن 24 ساڵ خەڵکی "قۆڵەسوێر" سەر بە شاری سەردەشت بە ناوی ئەسعەد ئەسپەندار لە سنوری ئاڵواتانی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ئەسعەد ئەسپەندار، لەگەڵ ژمارەیەک کۆڵبەری دیکە لە سنوری ئاڵواتانی بانە لە کاتی کۆڵبەریدا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕاستەوخۆ تەقەیان لێکراوە و لە ئەنجامدا ئەسعەد بە سەختی برینداربووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە، هێزە چەکدارەکانی سنووری ئێران لە مەودایەکی نزیک و بەبێ ئاگادارکردنەوە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و بەو هۆیەشەوە فیشەکەیەک بەر پشتی کۆڵبەرە گەنجەکە کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی لە شاری بانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، دواتر لە زێدی خۆی بەخاکسپێردراوە.

بە گوێرەی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە هەڵەبجە لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا هەفتەی ڕابردوو گەنجێکی هەورامان بەناوی، ئارام خەلیل تەمەن 27 ساڵ، خەڵکی گوندی سەرگەتی سەر بەناحیەی بیارە، لەکاتی کۆڵبەریدا بە گولەی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق کوژرا.

کوژران و دەستگیرکردن و لێدانی کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزە چەکدارەکان لە سنورەکانی نێوان عێراق و ئێران نیگەرانی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و دەسەڵاتدارانی ناوچەییەوە.

ڕاپۆرتێکی ئەم دواییانەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵاتدارانی ئێران هێزی زیاد لە پێویست و کوشندەیان لە دژی کۆڵبەران بەکارهێناوە.

ساڵانە چەندین کۆڵبەری کورد بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان سنورە شاخاوییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەبڕن و زۆرجاریش دەکەونە بەر گولەی هێز چەکدارەکانی ئێران، جگە لەوەش بەشێکیان بەهۆی سەختی ڕێگا و بەفر و سەرماوە گیان لەدەستدەدەن.