بۆچی پزیشکیان بە جیا لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا کۆبووەوە؟

.

سەرۆکی ئێران، هاوکاتی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، بە جیا لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا کۆدەبێتەوە و میدیاکانیشیان بە گرنگییەکی بێ وێنەوە باس لەو کۆبوونەوانەی پیرمام و دەباشان دەکەن.

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی سیاسی دەڵێت "ڕەنگە ئێرانییەکان و تورکەکان و عەرەبەکانی عێراقیش، لە خەڵکی کوردستان زیاتر ئاگادار بن لەو دابەشبوونەی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەوان شتگەلێکی زیاتر دەبینن کە لە پشتی پەردەوە ڕوودەدەن و خەڵک نایانبینێت؛ هەربۆیە لای ئەوان شاراوە نییە کە دابەشبوونەکە تا چ ئاستێک قوڵە و هەر هەمووشیان کاریان کردووە هەتا ئەو دابەشبوونە هەبێت و بەردەوام قوڵتریشی بکەنەوە."

کەمال چۆمانی، نوسەر و لێکۆڵەر دەڵێت " کورد، چ لە سەروەختی شاهەنشا و چ لەم سەروەختەی کۆماری ئیسلامیدا، سودێکی زۆری لە ئێران بینیوە و ئەو هێزانەش کە فەرمانڕەوای هەرێمن، لە مێژوودا ئێران یاخود بەکاریهێناون، یانیش کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لەسەریان و لە هەمان کاتیشدا سودێکی زۆریشیان بینیوە لە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ ئێراندا."
کەمال چۆمانی باسیش لە خواست و سیاسەتی ئێرانیش دەکات و دەڵێت " ئەوەی ئێران دەیەوێت ئەوەیە یان هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی لەژێر هەژموونی ئێراندا بێت، یان ئەوەتا ئێران هەرگیز وەک یەکەیەکی سەربەخۆ یان یەکەکی فێدراڵ لەناو دەوڵەتی عێراقدا سەروسەودا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ناکات. کێشەکە لەوەدایە کە هێزەکانی هەرێم پەیوەندییەکانی ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوویان نەگۆڕیوە بۆ پەیوەندییەکی دامەزراوەیی لە نێوان هەرێم و ئێراندا."

دکتۆر جەبار، لەسەر کۆبوونەوەکانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیدا دەڵێت "ئەو کۆبوونەوانە ڕەنگدانەوەی ئەو کەتوارەیە کە هەیە و ئەوەی ئێران و تورکیا و عێراقیش دەخوازن بەردەوام بێت و کاریش بکەن هەتا هاوسەنگی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بۆ هەمیشە ڕابگرن و نەهێڵن نزیک بوونەوە هەبێت و لایەکیان بەسەر ئەوی تریانەوە زاڵ بێت."

دکتۆر ڕێبوار فەتاح، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی، لەوبڕوایەدایە کۆبوونەوەکانی پزیشکیان لەگەڵ ڕێبەرانی پارتی و یەکێتیدا پەیامێکی ڕۆشنە بۆ تورکیا و هەروەهاش هەڵوێست وەرگرتنە لەو سۆنگەیەوەی سیاسەتی ئێران جیاوازە و دەڵێت " ئێران دەیەوێت پەیوەندی ڕاستەوخۆ ببەستێت کاتێک دەیەوێت کۆنترۆڵی لایەنێک بکات و کۆبوونەوەکانی پزیشکیان پەیامێکی ناڕاستەخۆیشە بۆ ئیسرائیل و بۆ ئەمەریکا. نازانرێت لە پشتی پەردەوە چیی ڕویداوە، بەڵام دەزانرێت کە ئێران کار دەکات بۆ گێڕانەوەی زۆنی زەرد و دەشتوانم بڵێم ئەو زۆنە زیاتر بەشێکە لە تورکیا وەک لەوەی بەشێک بێت لە عێراق، بێگومان ئەمەش لە بەرژەوەندی ئێران نییە و دەخوازێت عێراقێک دابمەزرێنێت کە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بێت و بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات."

کەمال چۆمانی، جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئێران وەها مامەڵە دەکات کە خاوەنی هەژموونێکی ناوچەییە و لە دیدی ئێرانییەکانیشەوە ئەو هەژموونە گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران. ململانێ ڕاستەوخۆکانی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل و جیهانی سوننە ئاینزادا و ململانێ ناڕاستەوخۆیەکانیشی لەگەڵ تورکیادا وەهایان کردووە هەمیشە ئێران بە دوای ئەو وڵات و هێزە لاوازانەدا بگەڕێت کە لە سیاسەتە هەژموون خوازییەکەیدا خزمەتی دەکات."

ئەم دوو لایەنە فەرمانڕەوایەی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک ناکۆکی قوڵ لە نێوانیاندایە و بە ئەندازەیەکیشە کە بگوترێت هەرێمەکە دابەشکراوە بۆ دوو زۆنی بەڕێوەبردن. زۆنی سەوز، کە یەکێتی تیایدا دەسەڵاتدارە بە زۆنی سەر بە ئێران ناسراوە، هەرچی زۆنی زەردیشە کە پارتی دەسەڵاتدارە، بە زۆنی سەر بە تورکیا ناسراوە.

دکتۆر جەبار، دەڵێت "هەمیشە ڕەهەندی ململانێی نێوان تورکیا و ئێران لە گۆڕەپانی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش بە تایبەتی ئامادەیی هەیە و لەوانەشە سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان بۆ هەرێمی کوردستان، پەیوەندی هەبێت بە بیرکردنەوەی ئێرانییەکانەوە سەبارەت بەوەی بۆچی تورکەکان بەردەوام سەردان دەکەن، ئەی بۆچی ئەمان نەیکەن!؟ هەرچەندە لەوبڕوایەدام ئەگەر پزیشکیان بەرنامەی نەبووایە بۆ سەردان کردنی نەجەف و کەربەلا و بەسرە، ئەوا بیری لەوە نەدەکردەوە سەردانی هەرێم بکات، بەڵام ئێرانییەکان دەیانەوێت وەهای نیشان بدەن لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا وەک یەک سەروسەودا دەکەن، کە هەموو کەس دەزانێت وەها نییە. لە پەیوەندیش بە تورکیاوە، هەوڵی ئێران ئەوەیە هەتا پێگەیەکی بەهێزی هەبێت لە باشوری کوردستاندا بە هەردوو زۆنەکەوەی. ئەو هەوڵانەش ماوەیەکە دەستیان پێکردووە، سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی و ئەمانە، هەمووی ئاماژەن بەوەی کە ئێرانییەکان دەیانەوێت لەگەڵ پارتیشدا کەناڵێکی بەهێز دروست بکەنەوە."

کەمال چۆمانی، دەڵێت "ئەم دوو وڵاتە، لە ئەرمینیا و لە ئازەربایجان و لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق و سوریاشدا، لە ململانێی ناڕاستەوخۆی یەکتردان. هەر کاتێکیش تورکیا پێگەی خۆی لە هەرێمی کوردستاندا بەهێز بکات، ئەوا ئێران بەرامبەری دەوەستێتەوە. کاتێک ئێران دەبینێت تورکیا لەڕێی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، بەرژەوەندییەکانی خۆی فراوان دەکات و لە هەرێم و لە عێراقیشدا و بنکە سەربازییەکانی خۆی زیاتر دەکات و بەجۆرێک لە جۆرەکانیش پشتیوانی لە تێرۆریزمی ئیسلامی دەکات، ئیتر ئێران ئەم شتانە بە هەڕەشەیەکی گەورە دەبینێت و دەیەوێت بە تورکیا بڵێت، ناوچەی هەرێمی کوردستان ناوچەیەک نییە کە بتوانێت درێژە بە فراوانخوازییەکانی خۆی بدات؛ ئەوەی ئێستا پزیشکیان دەیکات، درێژەی سیاسەتەکانی زیاتر لە 40 ساڵی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی ئێرانە."

هەرێمی کوردستانی عێراق، بڕیارە لە مانگی 10ی داهاتوودا هەڵبژاردن بکات، هەرچەندە ئاماژەش لە ئارادایە وەک هەندێک شیکەرەوە دەڵێن کە ئەگەریش هەن ئەو هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوە نەکرێت بەهۆی ناکۆکییە قوڵەکانی نێوان پارتی و یەکێتییەوە کە لەژێر هەژموونی تورکیا و ئێراندان، دەشڵێن "ئەو هەژمونانە فاکتەرێکی گەورەن لە هەڵبژاردندا"

دکتۆر ڕێبوار، لەوبڕوایەدایە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان نە بڕیاردەر و نە سیاسەت داڕێژەرانیش دەگۆڕێت لە هەرێمدا و دەشڵێت ئەوەی دەمێنێتەوە "شەڕی هەژموونی تورکیا و ئێرانە و ئەوەی تاران دەیەوێت ئەوەیە تەواوی هەرێم لەژێر کۆنترۆڵی بەغدادا بێت و تورکیاش دەخوازێت پێگەیەکی بەهێزی لە هەرێمدا هەبێت، لەو هاوکێشەیەی تورکیادا پەکەکە بەشێکی گرنگە. جا بەڵێ هەڵبژاردن دەبێتە شەڕێک لەسەر کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان و ئەنجامەکیش دەستنیشانی دەکات کامیان براوەیە."

دکتۆر جەبار وەک ئاماژەی پێدەکات "بەهۆی ئەو پەیوەندیانەی لایەنەکان هەیانە بە وڵاتانی ناوچەکەوە و بە تایبەتیش بە ئێران و تورکیاوە و بەوپێیەی هەر یەکێک لەو لایەنانە هەوڵدەدەن لەگەڵ کارنامەی یەکێک لەو دوو وڵاتەدا خۆیان زۆر بگونجێنن و بە شێوەیەک لە شێوەکان خزمەتی ئەجەنداکانیان بکەن، بەو هیوایەی ببێتە مایەی بەهێزکردنیان، ئەمە ڕاستیەکەیە. سەردانەکە و کۆبوونەوەکانی سەرۆکی ئێرانیش، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەو ڕەهەندە لە هەڵبژاردنەکاندا."
کەمال چۆمانی دەڵێت "هەتا یەکێتی و پارتی زیاتر بەردەوامی بدەن بە ملمانێکانیان، ئەوا هەرێمی کوردستان لاوازتر و لاوازتر دەبێت لەبەردەم هێزەکانی ناوچەکەدا."